ئاسایشی پارتی هیرشی کردووەتە سەر ماڵی باوکی شەهید باشوور

هێزەکانی ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان لەشاری هەولێر هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی باوکی شەهید باشوور سۆران و دەستیان بەسەر وێنە و پۆستەرەکانى ئەو شەهیدەدا گرتووە.

هێزیکی دەمامکداری پارتی هێرشیان کردە سەر ماڵی مام هادیى باوکی شەهید باشوور سۆران.

ئەوە هێزە دەمامکدارەى ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە هەڵکوتانەکەیاندا بۆ سەر ماڵی باوکی شەهید باشوور، دەستیان بەسەر هەموو وێنەکانی شەهید باشوور و مایکرۆفۆن و چەند کەلوپەلێکی تردا گرتووە، کە بۆ بەرێوەبردنی یەکەمین مەراسیمی شەهید باشوور سۆران بەکارهاتبوون.

هادی عومەر ناوسراو بە مام هادی و باوکی شەهید باشوور سۆران لەوبارەیەوە رایگەیاند: ئێمە وەکو بنەماڵەی شەهید باشوور سۆران بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشەی هێزەکانی ئاسایش دەکەین. دەبوایە لە بریی هێرشکردن ڕێزیان لە ئێمە بگرتایە، چونکە ئێمە کوڕەکەمان لەسەر خاك و نیشتمان شەهید بووە و نەدەبوو بەوجۆرە مامەڵەیان لەگەڵ بکردینایە.

مام هادی راشیگەیاند: ئەو هێزە، کە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەم پێیان ڕاگەیاندم، رۆژی دواتر سەردانی ئاسایشی هەولێر بکات بۆ وەرگرتنەوەی کهلوپەلەکان، بەڵام دوای سەردانکردنی ئاسایشی پارتی دیموکرات بەبیانووی ئامادە نەبوونی بەڕێوبەر، کەلوپەلەکانیان پێنەداوەتەوە.

شەهید باشوور سۆران لە ساڵی ٢٠١٣ەوە بەشداری لە تێکۆشانى گەنجانى وڵاتپارێز لە هەولێر کرد. لە کاتى هێرشى داگیرکەریى سوپاى تورک و چەتەکان بۆ سەر عەفرین لەگەڵ ٦٠ گەنجی باشووری کوردستاندا بۆ بەرگری چوونە عەفرین و رۆژی ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ باشوور سۆران لە بەرخودانى ناوچەى بلبلێ لە عەفرین شەهید بوو.

بەڵام سەرباری ئەوەش هێزەکانى ئاسایشى پارتى لە کاتژمێر ۷ ی ئێوارەی ١٤ی شوباتی ٢٠١٩ دا هەڵیانکوتایە سەر ماڵی مام هادی و دەستیان بەسەر وێنەکانى شەهید باشوور سۆراندا گرت.

.................

 

ر.م