ئاشتی بەتەنها بە خۆپاراستن واتادار دەبێت!

عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد: ئاشتی بەتەنها لەسەر بناغەی خۆپاراستن واتادار دەبێت. ئاشتیەکی بێخۆپاراستن دەبێتە تەسلیمیەت و کۆیلایەتی.

کۆمەڵگا کاتێک نەتوانێت دەزگا سیاسی و ئەخلاقیەکانی بەرەو پێشەوە ببات کە بۆ بەردەوامی پێویستن، واتە ئەو کاتە کەوتووەتە ژێر زۆردەستی داگیرکەری و فاشارەوە. ئەو دۆخەش (دۆخی شەڕە). مرۆڤ دەتوانێت وەک (دۆخی شەڕ) پێناسەی بکات کە شارستانێتیەکان بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندوویانە.

کاتێک کە ئەخلاق و سیاسەت لەکار بکەون، ئەو کاتە بەتەنها شتێک بۆ کۆمەڵگا دەمێنێتەوە: ئەویش خۆپاراستنە. دۆخی شەڕ دۆخی نەبوونی ئاشتیە. ئاشتی بێخۆپاراستن دەتوانێت ببێتە تەسلیمیەت و کۆیلایەتی. ئاشتی بێخۆپاراستن کە لەم سەردەمەدا لیبەرالیزم لەسەر گەلان، لەسەر کۆمەڵگاکاندا دەیسەپێنێت، یاری بەناو ڕێککەوتن و ئارامی دیموکراتی، جگە لە شاردنەوەی سەروەری چینی بۆرژوازی، جگە لە شاردنەوەی دۆخی شەڕ هیچ واتایەکی تری نییە.

ئەو هەوڵانەی کە ئاشتیەکی بێخۆپاراستن وەک ئاشتی پیشان دەدەن، گەورەترین هەوڵدانی سەروەری سەرمایەی ئایدۆلۆژیە. بە درێژایی مێژوو بە شێوەی جیاواز،'بە پێناسەیەکی پیرۆزکراو' پێناسەی خۆی دەکات. ئایین پرە لە پێناسەی بەم شێوەیەیە. بە تایبەتی ئەو ئایینانەی کە شاراستانیکراون بەم شێوەیەن.

کەی خۆپاراستنی کۆمەڵگا بەکەڵک بێت، کەی کارێکتەری کۆمەڵگای ئەخلاقی و سیاسی بپارێزرێت، ئەو کاتە ئاشتی دەبێتە خاوەن واتایەکی راستەقینە. ئەو ئاشتیەی کە بە تایبەت میشڵ فۆکۆ بۆ پێناسەکردنی هەوڵێکی زۆر دەدات، بەتەنها بەم شێوەیە دەتوانێت ببێتە خاوەن واتایەکی کۆمەڵایەتی کە قبوڵ بکرێت.

ئاشتیەک لە دەرەوەی ئەم واتایە بۆ کۆمەڵگاکان و گەلان بەتەنها دەبێتە هەڵخەڵەتاندن. جگە لە شاردنەوەی دۆخی شەڕ هیچ واتایەکی تری نییە. هیچ نرخێکی نییە. باسکردن لە ئاشتی لەناو بارودۆخی مۆدێرنیتەی کاپیتالیزمدا بە واتای قسەیەکی گەورەکراو و تەڵەیەکی گەورە دێت. ئەگەر بە شێوەیەکی ڕاستەقینە پێناسەی بۆ نەکرێت، بەکارهێنانی جێگای گۆمانە. ئەگەر جارێکیتر پێناسەی بۆ بکەین: ئاشتی بە واتای بە تەواوی نەهێڵانی دۆخی شەڕ نایەت، بە واتای دۆخی ئارام بە سەردەستی لایەنەک و نەبوونی شەڕ نایەت. لەناو ئاشتیدا لایەنەکان هەن: دەسەلاتی لایەنەک دروست نییە و نابێت هەبێت. سێەمینیش چەک لەسەر بناغەی قبوڵکردنی بەکەڵکهاتنی کۆمەڵگایەکی پۆلیتیکی و ئەخلاقی کۆمەڵایەتی بێدەنگ دەکرێت. ئەم سێ مەرجە ، بناغەی ئاشتیەکی پێوانەیین. ئاشتیەکی ڕاستەقینە تا پشت بەم پێوانانە نەبەستن، واتادار نابن.

ئەگەر زیاتر باسی ئەو سێ مەرجە بکەین، یەکەم: بێچەککردنی تەواوی لایەنەکان ناسەپێنێت. باسی چی بکەن با بیکەن، بەتەنها بەڵێنی ئەوە دەدەن کە هێرش نەکەنە سەر یەکتری. بەدوای سەروەری سەربازیەوە ناکەون. قبوڵی دەکەن کە بە ڕێزەوە بەرانبەر دەرفەت و مافی پاراستنی ئەمنیەتی یەکتری بجوڵێنەوە.

دووەم: لایەنەک خاوەن سەروەری نییە. دەبێت لەژێر سێبەری چەکەکاندا ئارامیەک دروست بکرێت، بەڵام ئەو دۆخە نابێت وەک ئاشتی ببینرێت. کام لایەن لەسەر حەق بێت یان لەسەر حەق نەبێت، بێ ئەوەی لە ڕووی سەربازیەوە سەروەر بێت، کاتێک هەردوو لایەن قبوڵیان کرد کە شەڕ ڕابگیرێت، ئەو کاتە دۆخی ئاشتی دەبێتە ڕۆژەڤ.

سێیەم: ئاست و دۆخەکە بە هەرجۆرێک بێت، بۆ چارەسەری کێشەکان قبوڵ دەکرێت کە ڕێز لە کارکردنی دەزگا پۆلیتیک و ئەخلاقیە کۆمەڵایەتیەکان بگیرێت. مەرجێک کە چارەسەری سیاسی پێ دەگۆترێت، لەم چوارچێوەیەدا پێناسەی بۆدەکرێت. ئاگربەستی بێ چارەسەری ئەخلاقی و پۆلیتیک نابێت وەک ئاشتی شرۆڤەی بۆ بکرێت.

لەناو بارودۆخی ئاشتی پێوانەییدا سیاسەتی دیموکراتی وەک پێویستیەک نەبینرێت، نابێت بکەوێتە ڕۆژەڤەوە. کاتێک دەزگا پۆلیتیک و ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگا کاری خۆیان بکەن، بە شێوەیەکی سروشتی دەبێتە پرۆسەیەکی سیاسەتی دیموکراتی. هێز و لایەنەکان دەیانەوێت ئاشتی جێگیر ببێت، پێویستە بزانرێت لەو کاتەدا ئەگەر سیاسەتێک بە شێوەیەکی ئەخلاقی ڕۆڵی خۆی بینی، ئاشتی سەردەکەوێت. لە کاتی ئاشتیدا هیچ نەبێت پێویستە لایەنەک خاوەن سیاسەتێکی دیموکرات بێت. بە پێچەوانەوە هەر شتێک بەناوی لایەنێکی سەردەستەوە ئەنجام بدرێت دەبێتە یاری ئاشتی. سیاسەتی دیموکراتی لەم نێوەندەدا خاوەن ڕۆڵێکی دیارکەرە. لەدژی هێزەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتداری، تەنها هێزە سیاسیە دیموکراتەکان لەسەر بناغەی دیالۆگ دەتوانێت نوێنەرایەتی پرۆسەی ئاشتی بکات. ئەگەر ئاشتیەکی بەم شێوەیە نەبێت، ئەو کاتە ئەگەر لایەنەکانی شەڕ بۆ ماوەیەکیش چەکەکان بێدەنگ بکەن، بەڵام دۆخی شەڕ هەر بەردەوام دەبێت.

*لە هەڵسەنگاندنەکانی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کوردەوە وەرگیراوە.

ف.ق