ئامەد مەلازگرد: بە دڵنیاییەوە گەریلا لەم شەڕەدا سەردەکەوێت

ئامەد مەلازگرد یەکێک لە فەرماندەکانى بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل رایگەیاند، گەریلا بە بەهێزی لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک تێدەکۆشێت و وتی "بە دڵنیاییەوە گەریلا بە تاکتیک و رێبازی نوێ دەوڵەتی تورک تێکدەشکێنێت".

ئامەد مەلازگرد یەکێک لە فەرماندەکانی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل بەشداری بەرنامەى تایبەتی کەناڵی ئاسمانیی ستێرک تیڤی بوو و لەسەر داگیرکەریی دەوڵەتی تورک و بەرخودان لە دژی ئەو داگیرکەرییە دوا.

مەلازگرد رایگەیاند، دەوڵەتی تورک لە سیاسەتەکانیدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرناکەوێت و وتی "لەبەر ئەوەش و بۆ ئەوەى خۆی وەک هێزێکى سەرەکی نیشانی دەوڵەتە رۆژئاواییەکان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات قورسایی خستووەتە سەر لایەنی سەربازی".

مەلازگرد راشیگەیاند، هەر چۆن ساڵەهای ساڵە بە شێوازی سەربازی دەستوەردان لە کوردستان دەکات، ئێستاش بە هەمان شێوە دەستوەردان لە دەریای سپی و لیبیا دەکات و وتیشی "ئێمە پێشتریش وتمان، دەوڵەتی تورک چاوی بڕیوەتە دەوڵەمەندیی سەر زەویی و ژێر زەویی کوردستان. بە هەمان شێوەش هێرش دەکاتە سەر دەریای سپی و لیبیا. کاتێک ئێمە ئەوەمان دەوت، بەبێ هۆ نەبوو. ئەوەى گەیاندووەتە بەرزین ئاست. خەونە عوسمانییەکەی وەک میساقی میللی پێناسە دەکات و رووی لەو خەونانە کردووە".

مەلازگرد رایگەیاند، ئامانجی دەوڵەتی تورک داگیرکردنی زۆریک لە ناوچەکانە و لە رووی سیاسییەوە پەکەکە وەک پاساو بۆ داگیرکەرییەکەى نیشان دەدات و لەو رێگەیەوە چاوی بڕیوەتە دەستکەوتەکانی گەلان.

ئامەد مەلازگرد لە بەردەوامیی وتەکانیدا راشیگەیاند "هەر چۆن دەیەوێت داگیرکەرییەکەى خۆی لە باکووری کوردستان رەوا و قانونی نیشان بدات، هەمان شتیش لە دەریای سپی و لیبیا دەکات. ئەگەر مرۆڤ سەرنج بداتە سەر ئاڵۆزییەکانی ئەمدواییە لەگەڵ یونان و هەندێک وڵاتی تردا ئەوە دەبینرێت، سەرەتا رۆژەڤێکی دروستکرد و هەڵایەکی دەنایەوە، وەک ئەوەى هێزەکانى خۆی رەوانەکردووە و مشتومڕێکى دەنایەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەڵوێست لە دژی نیشان نەدەدرا، ئینجا دەستیدەکرد بە رەوانەکردنی هێزەکانی. ئەوە تاکتیکی حکومەتی ئاکەپە – مەهەپەیە. دەوڵەتی تورک دەیەوێت چووە هەر شوێنێک هیچ باجێکی بۆ نەدات و هیچ سازشێکى لەسەر نەکات. لەبەر ئەوە کاتێک شوێنێک داگیر دەکات دەیەوێت شوێنێکى تریش داگیر بکات. دەیەوێت خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتە هێزی سەرەکی".

'خاوەنداریکردن لە شەهیدانی ئازادی ئەرکی هەر کوردێکە"

فەرماندە ئامەد مەلازگرد سەرنجی خستەسەر شەڕی گەریلا لە دژی داگیرکەری و وتی "لە ٢ ساڵی رابردوودا لە ناوچەی خواکورک دا شەڕێکى دژوار بەڕێوەدەچێت. دەوڵەتی تورک خواستی لە خواکورک دا هێڵێکی دوور و درێژ بۆ خۆی کۆنترۆڵ بکات. گەریلاکانمان لە خواکورک بۆ ئەوەى رێگری لە پێشڕەویکردنی دەوڵەتی تورک بگرن فیداکاریی زۆر گەورەیان نواندووە. چەندین چالاکیی کاریگەریان ئەنجامدا. لەبەر ئەوە دەوڵەتی تورک وەک ئەوەى پلانی بۆ دانابوو نەیتوانی سەربکەوێت. گەریلاکانمان لە دژی سەربازانی تورک چالاکیی کاریگەریان ئەنجامدا و ئەنجامیشی دەدەن".

مەلازگرد ئاماژەى بەوەکرد، شەڕەکەیان لە دژی دەوڵەتی تورک لە بەەزرترین ئاستدا بەردەوامە و وتیشی "هەموو گەل و هێزە دیموکراتیکەکان دەتوانن بۆ تێکشکاندنی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بێنەلای ئێمە و یەکبگرن. ئەوانەى لە دەوڵەتی تورک دەترسن و ناتوانن لە دژی بوەستنەوە، ئەوا لەم کاتەدا با بێدەنگ بن و بوێری بە دەوڵەتی تورک نەدەن. گەلۆ چی روویدا کە ئەو دەوڵەتە بەو رادە دڕندانە زوڵم دەکات. بە تایبەتی بۆ کردارەکانی لە دژی کوردان و گەلی کوردستان بۆ خۆی بە ماف دەزانێت. ئێمە دەبینین، کە جگە لە پەکەکە و گەلە وڵاتپارێزەکەمان کەس بەرامبەر بە دەوڵەتی تورک ناوەستێتەوە و سەرباری ئەوەش هەندێک کەس هەڵدەستن پەکەکە و گەریلا تاوانبار دەکەن. گەریلاکانی پەکەکە هیچ حساباتێکى شەخسی و کەسییان نییە، تەنها جەنگی خۆیان دەکەن و خۆیشیان لە پێناویدا فیدا دەکەن.

خاوەنداریکردن لەو شەڕڤانانەی ئازادی ئەرکی هەر کوردێکە. گەریلاکانی پەکەکە لە ئێستا بە دواوە بۆ پوچەڵکردنەوەى پلانەکانی دەوڵەتی تورک بە فیداکارییەکى زۆر گەورەترەوە چییان لە دەست بێت ئەنجامی دەدەن. بە دڵنیاییەوە رێگا نادەن دەوڵەتی تورک بە ئاسانی لە خاکی کوردستاندا درێژە بە داگیرکەرییەکەى بدات. دەبێت هەموو کەسێکى بەشەرەف و خاوەن کەرامەت لە پشت گەریلا بێت و خاوەنداریی لێ بکات و نابێت داگیرکەری رەوا و قانونی بکات. دەبێت هەموو هێزە سیاسی و سەربازییەکان لە هەر چوارپارچەى کوردستان ئەوە بزانن ئەگەر پەکەکە لاواز ببێت ئەوا دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر هەموو پارچەکانی کوردستان".

'بە دڵنیاییەوە گەریلا سەردەکەوێت و بە مسۆگەریش دەوڵەتی تورک تێکدەشکێت'

ئامەد مەلازگرد لە فەرماندەکانی ناوەندی پاراستنی گەل باسی ئەوەیکرد، لە دێرسیم، بۆتان، سەرحەد، گەڤەر، شەمزینان و چەلێ دا هەموو رۆژێک چالاکی ئەنجام دەدرێت و سەربازانی تورک دەکوژرێن و ئەوەشی وت "سەرباری ئەوەى گەریلا تیڤی دیمەنی بەشێک لە چالاکییەکان بڵاودەکاتەوە، بەڵام دەوڵەتی تورک هەر نکۆڵیی لێدەکات و کوژرا و بریندارەکانی خۆی دەشارێتەوە و ئاشکرایان ناکات. لە راستیدا شەڕی ئێمەی گەریلا لە باکووری کوردستاندایە، بەڵام دەوڵەتی تورک چاوی بڕیوەتە باشووری کوردستان و بە پێداگرییەوە دەیەوێت ئەو شەڕە بەسەر باشووری کوردستاندا بسەپێنێت و بەڕێوەی ببات. دەیەوێت شەڕ لەسەر سنوور بەرەو قوڵایی باشوور بهێنێت و بەوەش دەیەوێت هێڵێکی نوێی سنوور بۆ خۆی دروست بکات و ئەو سنوورە بلکێنێت بە خاکی تورکیاوە. ئەوە ئەو شەڕە نییە کە ئێمە خوازیاری بین.

ئەگەر دەوڵەتی تورک پەلاماری باشوور نەدات شەڕ لە باشوور روو نادات. ئێمەش بزووتنەوەیەکى کوردستانین و لە هەر شوێنێکدا هێرش بکرێتە سەرمان، ئێمەش لە دژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و ئەو هێرشە شەڕ دەکەین. بە پڕوپاگەندەی خۆبەزلزانین و باکردنەوە خۆ و بە خەون و خەیاڵەکانیان هەرگیز ناتوانن کۆتایی بە گەریلا بهێنن. ئەگەر بەپێی ئەوان بوایە ئەوا دەبوو ساڵی ٢٠١٧ کۆتایی بە گەریلا بهاتایە. پەکەکە و گەریلا لە باکوور – باشووری کوردستان و هەموو شوێنێکی دیکەدا پێویستین. لە هەموو کات زیاتر و بە هێزتر شەڕ دەکات. سەرباری ئەو هەموو تەکنەلۆژیا سەربازی و توانایەى لە دەستی دوژمندایە، بەڵام دیسانەوە دەوڵەتی تورک لە رووی سەربازییەوە زەحمەتی و تەنگاویی زۆر گەورە دەکێشێت. بە دڵنیاییەوە ئەوەى سەر بکەوێت هەر گەریلایە و بە دڵنیاییەوە ئەوەشی تێکبشکێت هەر دەوڵەتی تورک دەبێت".

ژ.ت