دەسەڵاتداریی ئاکەپە هەموو سەرچاوەکانی داهاتی لە شارەکانی کوردستان تاڵان کردووە، هەر کاتێک لە هەڵبژاردنەکان نزیک دەبنەوە، ئیدی دەست بە درۆی کردنەوەی پرۆژە دەکەن. یەک لەو درۆیانەش کردنەوەی نەخۆشخانەی ئەردیشە، کە ساڵی ٢٠٠٨ دەست بە دروستکردنی کراوە.
دەبوو ئەو نەخۆشخانەیە لەماوەی ساڵێکدا تەواو ببوایە، بەڵام ئاکەپە و هاوپەیمانەکانی ماوەیەکی دوور و درێژە لەم پرۆژەیە دەخۆن و بەو شێوەیەش ماوەی ١٠ ساڵە ئەو پرۆژەیەیان بە ئەنقەست تەواو نەکردووە. لەماوەی ئەو ١٠ ساڵەدا هەر هەڵبژاردنێک ئەنجام درابێت، ئاکەپە ئەو نەخۆشخانەییەی وەک بانگەشەی هەڵبژاردنەکە بەکار هێناوە، جارێک سەرۆک کۆمار دێت و بە مەراسیم دەیکاتەوە و جارێکی تر سەرۆک وەزیران و هەندێک جاریش وەزیرەکان دێنە ناوچەی ئەردیش-ی سەر بە وان و ئەو نەخۆشخانەیە دەکەنەوە. بەڵام بەهۆی ئەوەی کارەکانی نەخۆشخانەکە تەواو نەبووە، پاش مەراسیم و پڕوپاگەندەى کردنەوەى نەخۆشخانەکە، دووبارە نەخۆشخانەکە دادەخەنەوە.
نەخۆشخانەکە پاش هەڵبژاردنەکان دیسانەوە داخرایەوە
نەخۆشخانەی حکومی ئەردیشی سەر بە وان، دوایین جار چەند رۆژێک پێش هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران بە مەراسیمێک کرابوویەوە، پاش ئەوەی هەڵبژاردنەکان کۆتاییان هات، ئەو نەخۆشخانەیە دیسانەوە داخرایەوە. ئەو نەخۆشخانەیە بووەتە سەرچاوەی لێخواردنی ئاکەپە. بەهۆی ئەوەی پزیشک و کارمەندیش کاری تێدا ناکەن ئامێر و کەرەستەى پزیشکیشیی تێدا نییە.
حکومەتی ئاکەپە لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە تا ئێستا ١٠ جار نەخۆشخانە حکومییەکەی ئەردیشی وان دەکاتەوە و دایدەخاتەوە. ئاکەپە نەخۆشخانەکەی دیسانەوە داخست. ئەوەش بۆ ئەوەى بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، کە لە ئایندەیەکی نزیکدا بەڕێوەدەچن، دیسان ئەو نەخۆشخانەیە بکاتەوە و بۆ پڕوپاگەندە بەکارى بهێنێت. بەوەش ئاکەپە بە ١٠ جارکردنەوەى نەخۆشخانەکە تێرى نەخوارد و دەیەوێت ١١هەمین جار نەخۆشخانەکە بۆ پڕوپاگەندەى هەڵبژاردن بکاتەوە. هاووڵاتییان پاش تەواوبوونی هەڵبژاردنەکانی ٢٤ى حوزەیران ڕۆیشتنە نەخۆشخانەکە، سەیریان کرد دەرگای نەخۆشخانەکە داخراوە.
دەیانوت "لە ماوەى ساڵێکدا تەواوی دەکەین"، بەڵام ١٠ ساڵ تێپەڕی و هێشتا تەواو نەبووە
هاووڵاتییان ناڕەزایەتییان دەربڕی لەبەرامبەر دووبارە داخستنەوەی ئەو نەخۆشخانەیە و ڕایانگەیاند، ئاکەپە ئیدی ناتوانێت بە درۆ و فرتوفێڵی بەمشێوەیە بیانخەڵەتێنێت.
هاوڵاتیان لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوان، بەڵام بەهۆی باری ئەمنییەوە نەیویست ناوەکانیان ئاشکرا بکرێت، یەکێک لەو هاووڵاتییانە وتی "دایکم چەندین ساڵە نەخۆشە و هەفتەی سێ تا چوار جار دەیبەینە شاری وان و دەیگەڕێنینەوە. ساڵی ٢٠٠٨ دەستیان بە دروستکردنی ئەو نەخۆشخانەیە کرد. وتیان کە لە ماوەی یەک ساڵدا تەواوی دەکەن، بەڵام ئەوە ماوەی ١٠ ساڵە هێشتا تەواو نەکراوە. ئامانجیان ئەوە بوو، کە ئەو شوێن و پرۆژەیە بکەنە سەرچاوەی لێ خواردن و ئەوەشیان کرد. لە ئەردیش هەرچەندە ئاکەپە و لایەنگیرانی ئاکەپە هەن، بەڵام هەموویان لەو شوێنەیان خوارد. ئاکەپە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دیسانەوە ئەو نەخۆشخانەیە دەکاتەوە و بۆ مەرامی خۆی بەکاری دەهێنێت، چونکە هاووڵاتییان و نەخۆش خەمی ئەوان نییە".
لە بەشی منداڵان و منداڵبوون پزیشک نییە
ئەردیش ٢٠٠ هەزار کەس دانیشتوانەکەیەتی، بەهۆی ئەوەی خزمەتگوزاریی پێویستی تەندروستیی تیادا نییە، هاوڵاتیان ناچارن ١٠٠ کیلۆمەتر رێگا ببڕن و بۆ چارەسەر بڕۆن بۆ شاری وان، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەخۆشخانەکانی شاری وانیش پڕ بوون، ئەو نەخۆشانەی کە لە ناوچەکانی ئەردیشەوە دەچنە وان، دەیاننێرن بۆ ناوچەکانی تەتوان و ئامەد و ئەرزڕۆم.
نەخۆشخانەی پێشووی حکومی لە ناوچەی ئەردیشی وان، بەهۆی بومەلەرزەوە زیانێکی زۆری بەرکەوت و بەهۆی ڕێژەی زۆری دانیشتوانەوە ناتوانێت خزمەتی تەندروستی پێویست پێشکەش بە گەل بکات. جگە لە هاووڵاتییانی ئەردیش، هاوڵاتیانی ناوچەکانی پاتنۆس، ئەبەخ و بێگرێش دەچنە ئەو نەخۆشخانەیەی ئەردیش، کەبەهۆی بومەلەرزەوە زیانێکى زۆرى پێگەیشتووە.
لە هۆڵی چاوەڕوانیدا منداڵێک لە دایکبوو، بەڵام گیانی لە دەستدا
لە ئەردیش یەک پزیشک هەزار نەخۆش دەبینێت. بە تایبەتی لە بەشەکانی منداڵبوون و منداڵان، پزیشک بە هیچ شێوەیەک نییە. بەو هۆیەوە هاوکاریی ژنانی دووگیان لەکاتی منداڵبووندا زیاتر لەلایەن مامانەکانەوە ئەنجام دەدرێت، لە بارودۆخی بە پەلە و ناچاریدا کە ژنانی دووگیان دەڕۆنە نەخۆشخانە، بەهۆی نەبوونی پزیشکەوە لە بەشی منداڵبووندا زۆر ژنی دووگیان و منداڵی تازە لەدایکبوو، گیان لەدەست دەدەن.
مانگی نیسانی ڕابردوو، ژنێکی دووگیان کە ئازاری هەبوو چووە نەخۆشخانەی ئەردیش، بەڵام کارمەندان پێیان وتبوو، پزیشک نییە و لە هۆڵی چاوەڕوانیدا ڕایانگرتبوو. پاش کەمێک منداڵەکە لە هۆڵی چاوەڕوانیدا لەدایکبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو منداڵە کەوتە سەر زەوی و سەری بەر چیمەنتۆی ڕەقی زەویەکەدا کەوت، گیانی لەدەستدا. پاش ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەش، هاووڵاتییان ناڕەزایەتییان نیشاندا، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەکە بانگی پۆلیسیان کرد و خزمەکانی ئەو نەخۆشەیان دەستگیر کرد.
ر.م