ئاکەپە دەوڵەمەندی و سامانی کوردستان تاڵان دەکات

ئاکەپە، دەوڵەمەندیی ژێر زەویی شارەکانی کوردستان تاڵان دەکات. کوردستان لەلایەنی سەرچاوەکانی ژێر زەوییەوە دەوڵەمەندە. دەوڵەتیش کارەکانی خۆی بۆ دۆزینەوەی نەوت فراوانتر کردووە.

کوردستان کە لە مێژوودا بووە بە ناوەندی مرۆڤایەتی، بەهۆی دەوڵەمەندیی سەر زەوی و ژێر زەوییەکەیەوە چەندین شارستانێتیی تێدا دروست بووە. لەگەڵ کانزاکاندا، سەرچاوەکانی ئاو، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لە جوگرافیای کوردستاندا، هەمیشە لە پێشکەوتن و گەشەکردندا بووە. لەبەرئەوە گەلی کورد و گەلانی تری هەرێمەکە، بێ ئەوەی ناچاری کۆچی وڵاتانی دەرەوە بن، درێژەیان بە ژیانی خۆیان داوە.

ئەو کانزایانەی لە هەرێمەکە دەردەهێنرێن بۆ ڕۆژئاوای تورکیای دەنیرن

کوردستان لەلایەنی سەرچاوەی کانزایی ژێر زەوییەوە زۆر دەوڵەمەندە. تەواوی ئەو نەوتەی کە لە تورکیا هەیە، لە کوردستاندا دەردەهێنرێت. لەگەڵ دەوڵەمەندی بە نەوت، هاوکات خاکی کوردستان لەلایەنی کانزاییشەوە زۆر دەوڵەمەندە. لە ژێر خاکی کوردستاندا، پاشەکەوتی زۆر دەوڵەمەندی ئاسن، زیو، کرۆم، خەڵوز، خەڵوزی بەردینى قاوەیى و چەندین جۆری تری کانزا بوونیان هەیە. هەتا ئێستاش، دانیشتوانی کوردستان هیچ سوودێکیان لەو کانزایانە وەرنەگرتووە کە دەردەهێنرێن. ئەو کانزایانە لە خاکی کوردستاندا دەردەهێنرێن و بۆ ڕۆژئاوای تورکیای دەنێردرێن و سەرجەمیان لەوێ بەکاردەهێنرێن. بێ ئەوەی هیچ پارەیەک بدرێت بە گەلانی ناو کوردستان، ئەو ماددە کانزاییانە بە دەرەوەی وڵات دەفرۆشرێن

هەموو نەوتی تورکیا لە کوردستان بەرهەم دەهێنرێت

تەواوی بڕی ئەو بەرهەمە نەوتییەی کە لە ئێستادا لە تورکیا هەیە، لە شارەکانی کوردستان وەک ئێلح، سەمسوور، ئامەد، شرنەخ-سلۆپی، سێرت، ڕوحا، مێردین-نسێبین دەردەهێنرێت. ئەو بەرهەمە نەوتییەی کە لە شارەکانی کوردستاندا دەردەهێنرێت، لە ڕێگای بۆرییەکان و تانکەرەکانەوە بۆ شارەکانی تری تورکیا دەنێردرێت. بەرهەمی نەوتیی کوردستان، لە کارگە و پاڵوتگەکانی ئیزمیر،-ئالیاگا، کۆجالی-ئیپراش، کرک کالە-ئۆرتا ئەنادۆلوو هاتای-دۆرت، بەکار دەهێنرێن.١٠٠ ساڵ لەوە پێش پادشای تاڵانکەری عوسمانی عەبدولحەمید، لە کوردستان گەڕان و پشکنینێکی بەرفراوانی ئەنجامدا بۆ دۆزینەوەی نەوت و ئەو شوێنانەیشی دیاریکرد کە بەرهەمی نەوتیان تێدابوو. پاش ئەوەی ١٠٠ ساڵ بەسەر مردنی عەبدولحەمید دا تێپەڕی، لە ئێستادا ئاکەپە ئەرکەکانی ئەویان بە میراتیی بۆ ماوەتەوە و جێبەجێى دەکەن.

ئاکەپە بیری نوێى نەوت هەڵدەکەنێت

دەوڵەتی تورکیا ماوەی ١٠٠ ساڵە خێروبێری کوردستان بۆ خۆی دەردەهێنێت و تاڵانی دەکات، لە ئێستاشدا بۆ دۆزینەوەی نەوەت بیری نوێ هەڵدەکەنێت و بۆ ئەوەش کارەکانیان فراوانتر کردووە. ساڵی ڕابردوو، ئاکەپە لە سێگۆشەی جولەمێرگ و وان، بۆ دۆزینەوەی نەوت، دەستی بە هەڵمەتی گەڕان و پشکنین کرد، ئاکەپە لەو شوێنانەی کە پادشای عوسمانی عەبدولحەمید وەک ناوچەی نەوتی دەستنیشانی کردبوون، هەڵمەتی گەڕان و پشکنینەکانی زیاد کردووە. ئەو ناوچانەش بریتین لە جولەمێرگ، چەلێ، شەمزینان، بەدلیس و وان.

مانگی ئایار لە ناوچەی چەلێ، هاوکاریی ئانۆمینى نەوتی تورکیا دروست کرا. وەزیری پێشووی وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی حکومەتی ئاکەپە بەرا ئالبەیراق ئاشکرایکردبوو، لە ناوچەی چەلێ لە جولەمێرگ پشکنینێکى گەورە و هەروەها چاڵێکى گەورە هەڵکەندراوە و وتیشی "ناوچەی چەلێی جولەمێرگ، هەم لە ڕووی ماتەوزە و هەم لەڕووی سەرچاوە کانزاییەکانی ژێر زەوی و بەرهەمە نەوتییەکانەوە، جێگەیەکی گرنگە و ماوەیەکی زۆریشە کە گفتوگۆ لەبارەیەوە دەکرێت".

"ئێمە دەمانەوێت سەرچاوە کانزاییەکانی خۆمان بۆ خۆمان بەکاربهێنین"

گەلی کوردستان لە هەڵمەتی گەڕان و پشکنینی ئاکەپە بەدوای بەرهەمی نەوتیدا تووڕەیە. ئەو کەسانەی کە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوان، جەختیان لەوە کردەوە، کە چەندین ساڵە گەلی کورد نەیتوانیوە سوود لەو بەرهەمە نەوتییانە وەربگرێت کە لە خاکی کوردستان دەردەهێنرێت و بەرەو ڕۆژئاوای تورکیا دەنێردرێن.

هاووڵاتییان ئاماژەیان بەوەش کرد، هەرێمەکانی ڕۆژئاوای تورکیا بە ناردنى سەرمایە و سامانى ئێمە دەوڵەمەند دەبن و گەلی کوردیش زیاتر هەژار دەبێت. هاووڵاتییان باسیان لەوەش کرد، دەوڵەتی تورکیا سەرچاوە کانزاییەکانی کوردستان تاڵان دەکات و دەڵێن "ئێمە نامانەوێت دەوڵەتی تورکیا سەرچاوە کانزاییەکانی ئێمە دەربهێنێت. بەڵکو ئێمە دەمانەوێت سەرچاوە کانزاییەکانی خۆمان بۆ خۆمان بەکاربهێنین".

ر.م