ئەو قەیومانە، کە لەلایەن رژێمی ئاکەپەوە ماوەی ٢ ساڵە سەپێنراون بەسەر شارەوانییەکانى دەبەپە دا لە وان، لەو ٢ ساڵەدا بە بەردەوامی کاریان تاڵانکردنى سەرچاوەکانى وان بووە. قەیومەکان هەموو بینا و خانووەکانى شارەوانییان بەخشیوە بە لایەنگرانى ئاکەپە و لە زۆر بواریشدا زێدەڕۆییان کردووە و ئێستاش دەستیان کردووە بە فرۆشتنى دەریاچەى وان.
ئاکەپە و قەیومەکانى کە هەموو خانوو و بیناکان و زۆربەى موڵکەکانی شارەوانییان فرۆشت و ئێستا چاویان بڕیوەتە دەریاچەى وان. قەیومەکەى ئاکەپە لە ئەردیش لێوارەکانى ئەردیشی لەسەر دەریاچەى وان بە درێژیى ٧ کیلۆمەتر بۆ خۆی کردووە بە ناوەندیى بەرتیلخۆی و گەندەڵی. هەموو پارکەکان، باخچەکان، شوێنەکانى پشوودان، شوێنەکانى یاریکردن کە لەلایەن شارەوانیى دەبەپەوە لە ئەردیش دروستکرابوون، لەلایەن ئاکەپە و قەیومەکانیەوە کران بە کافتریا، ریستوران و فرۆشران.
لێوارەکانى دەریاچەى وان بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ بە ئاکەپەییەکان دەفرۆشرێت
ئاکەپە و قەیومەکانی لێوارەکانى ئەردیش-یان لەسەر دەریاچەى وان فرۆشت. ئێستاش لە دەورووبەرى دەریاچەى وان دەستیان بە دروستکردنى بینا کردووە و بیناکانیش دەفرۆشن و بەشێکییشیان لێفرۆشتووە. قەیومەکەى ئەردیش شوێنى پشوو و گەشت و گەڕانی بۆ خۆی کردووەتە سەرچاوەى بەرتیلخۆری و گەندەڵی لە ٢٠٠ مەتریى لێواری دەریاچەى وان دا کافتریا و ریستوانتى دروستکردووە. هەروەها فەرمانیکردووە، بەشێکى زۆر لە لێوارەکانی دەریاچەکە بە بەرد و کۆنکرێت و چیمەنتۆ بگیرێت.
قەیوم ئەو کافتریا و ریستورانتانەى لێواری دەریاچەى وان، کە دروستیکردوون بۆ ٢٥ تاوەکو ٤٠ ساڵ بە ئاکەپەییەکان دەفرۆشێت.
قەیومەکەى ئەردیش ماوەیەک لەوە پێش هەموو ماڵ و ئۆتۆمبێلە جۆراوجۆرەکانى کارکردنى شارەوانیى ئەردیشی فرۆشت.
زەویى بازاڕی پێشووی پەنیرفرۆشان لە ناوەندی شاری ئەردیش و زەوییەک کە رووبەرەکەى ٦ دۆنم بوو لە گەڕەکى قشڵە و ئەو ٢ شوێنەش موڵکى شارەوانى بوون، بە نرخێکى زۆر کەم فرۆشتنى.
گەل ناڕەزایەتییان لە دژی قەیومەکان نیشان دا
گەلی ئەردیش ناڕەزایەتییان لە دژی تاڵانکارییەکانى قەیومەکەى ئاکەپە نیشاندا و رایانگەیاند، تاکە شتێک کە قەیومەکان دەیزانن تەنها فرۆشتنی ماڵ و موڵک و کەلوپەلەکانى شارەوانییە.
دانیشتوانی ئەردیش راشیانگەیاند "بە زۆر دەستیان گرتووە بەسەر شارەوانییەکەماندا. هاوسەرۆک شارەوانییەکەیان زیندانیکردین. ئەو شارەوانییەى ئێمە کە هیچ قەرزێکى لەسەر نەبوو، هەموو ماڵ و موڵک و کەلوپەلەکانیان فرۆشت و کردیان بە ژێر قەرزێکى زۆرەوە".
ئەوەشیان وت "ئەو لێوارانەی دەریاچەى وان کە شوێنى گەشت و گەڕانی هاووڵاتییان بوو و لەلایەن شارەوانییەکەمانەوە دروستکرابوو. ئەوەشیان کردە شوێنى پارەخواردن بۆ خۆیان و بەرتیلێکی زۆریان خوارد و گەندەڵییەکى زۆریشیان کرد. ئێستاش دەستیانکردووە بە دابەشکردنی دەریاچەکەمان. چاویان بە هیچ تێر نابێت. تەنها فرۆشتن، رووخاندن و تاڵانکردن دەزانن. بەڵام هەر چییەک دەکەن با بیکەن ئێمە لەهەڵبژاردندا ئەمانە لێرە دەکەینە دەرەوە. ئێمە حسابی ئەو کارانە، کە لە ئەردیش و لە دەریاچەى وان کردوویانە، لێیاندەپرسینەوە".
ر.م