ئه‌نجومه‌نی گشتیی شه‌نگال ڕاگه‌یه‌ندرا
دانیشتوانی شه‌نگال له چواره‌مین ساڵیادی جینۆسایدی ٣ی ئابی ٢٠١٤ی شه‌نگال، ئه‌نجومه‌نی گشتیی شه‌نگالیان ڕاگه‌یاند.
دانیشتوانی شه‌نگال له چواره‌مین ساڵیادی جینۆسایدی ٣ی ئابی ٢٠١٤ی شه‌نگال، ئه‌نجومه‌نی گشتیی شه‌نگالیان ڕاگه‌یاند.
گه‌نجانی یه‌كێتیی گه‌نجانی ئێزدی (YCÊ) شه‌وی پێنجشه‌ممه له چیای شه‌نگال ده‌ستیان به ڕێپێوانێكی به مه‌شخه‌ڵ كرد. ڕۆژی هه‌ینیش به‌به‌شداری ئاپۆڕای گه‌ل درێژه‌یان به چالاكییه‌كه‌ی خۆیان دا. گه‌نجان دانی به‌یانیی ئه‌مڕۆ له ناوچه‌ی عاموودێی شه‌نگال كۆبوونه‌وه و به‌ره‌و كه‌مپی سه‌رده‌شت ڕێپێوانیان كرد.
له كه‌مپه‌كه چالاكییه‌ك سازكرا و به‌رپرسانی پارتی ئازادی و دیموكراتیی ئێزدی (PADÊ)، بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی ژنانی ئێزیدخان (TAJÊ)، ئه‌نجومه‌نی دامه‌زرێنه‌ری شه‌نگال و ئێزدییه‌كانی كه‌مپی سه‌رده‌شت، فه‌له‌كناس ئووجا په‌رله‌مانتاری شاری ئێلیح-ی پارتی دیموكراتی گه‌لان - هه‌ده‌په، یووسف یه‌عقوب به‌رپرس له پارتی به‌یت نه‌هره‌ینی سریانییه‌كان و شاندی سریانی، ئاشووری و كلدانییه‌كانی باكووری سووریا و مووسڵ ئاماده بوون.
ئاپۆڕای گه‌ل به به‌رزكردنه‌وه‌ی پۆسته‌ره‌كانی «ئێمه فه‌رمانه‌كه له‌بیرناكه‌ین» و «به خۆڕێكخستن و تێكۆشانی گه‌نجانی ئێزدی تۆڵه‌ی فه‌رمانه‌كه ده‌كه‌ینه‌وه» رێپێوانیان كرد.
ئه‌و ژن و منداڵانه‌ی كه له ده‌ستی چه‌ته‌كانی داعش ڕزگاریان بووه و ئه‌وانه‌ی كه خزمه‌كانیان هێشتا له ده‌ستی داعشدان، هه‌روه‌ها ئه‌و شه‌نگالییانه‌ی دواتر گه‌ڕاونه‌ته‌وه جێ و واری خۆیان، له ڕیزی پێشه‌وه‌ی ڕێپێوانه‌كه بوون.
له ڕێپێوانه‌كه‌دا كه له لایه‌ن یه‌كینه‌كانی به‌رخۆدانی شه‌نگال - یه‌به‌شه و یه‌كینه‌كانی ژنی شه‌نگال - یه‌ژه‌شه ده‌پارێزرا، وێنه‌ی ئه‌و ژن و منداڵانه به‌رز كرابوونه‌وه كه له كۆمه‌ڵكوژیی شه‌نگالدا به دیل گیراون. هاوكات پۆسته‌ره‌كانی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان، ئاڵاكانی یه‌به‌شه و یه‌ژه‌شه هه‌ڵدران و درووشمه‌كانی «بمرێت خیانه‌ت»، «بژی سه‌رۆك ئاپۆ» گوترانه‌وه. چالاكان ناڕه‌زایه‌تییان پیشاندا له به‌رانبه‌ر په‌ده‌كه (پارتی دیموكراتی كوردستان) و به به‌رپرسیاریان دانا له كۆمه‌ڵكوژی ٣ی ئاب.
ئاپۆڕای گه‌ل كاتێك گه‌یشته به‌رده‌م بینای ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموكراتیی شه‌نگال، بۆ ڕێزگرتن له‌و كه‌سانه‌ی له كۆمه‌ڵكوژیدا ژیانیان له‌ده‌ستداوه خوله‌كێك وه‌ستان. دواتر نوێنه‌ری پادێ قسه‌ی كرد و ده‌ستنیشانی كرد كه ئێزدی ئیدی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئازاد و ئاماده‌یه.
په‌رله‌مانتاری شاری ئێلیح-ی هه‌ده‌په فه‌له‌كناس ئووجا كه له باكووری كوردستانه‌وه هاتبوو، به ناوی كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی - كه‌جه‌ده، پارتی هه‌رێمه دیموكراتییه‌كان - ده‌به‌په و پارتی دیموكراتی گه‌لان - هه‌ده‌په وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و گوتی: «گه‌لی شه‌نگال به ته‌نها نییه، هه‌موو ئێزدییه‌كانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان له‌گه‌ڵیانن.» ئووجا ده‌ستنیشانی كرد كه كرده‌وه‌كانی داعش هه‌رگیز له‌بیر ناكه‌ن و گوتی: «هه‌تا ئه‌و كاته‌ی ژن و منداڵه دیله‌كان ڕزگار ده‌كرێن به‌رده‌وام ده‌بین له تێكۆشان.»
«بۆ ناسینی ئه‌م فه‌رمانه ئێمه زۆر هه‌وڵماندا، به‌ڵام وه‌ڵامی نه‌رێنیمان درایه‌وه. جیهان هه‌موو له به‌رانبه‌ر ئه‌م قڕكردنه بێده‌نگ بوو و چاوپۆشی لێ كرد. مه‌گه‌ر ئێمه خاوه‌نداره‌تی له یه‌كتر بكه‌ین. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێویسته یه‌كێتی و تێكۆشانی خۆمان گه‌ش بكه‌ین. هه‌تا ئه‌و كاته‌ی ژنانی خۆمان له ده‌ستی داعش ڕزگار ده‌كه‌ین، ناوه‌ستین.»
یوسف یه‌عقوب به‌رپرس له پارتی به‌یت نه‌هره‌ینی سریانییه‌كان له وته‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند، ئه‌وان ئاشنان به ئازاره‌كانی ئێزدییه‌كان. ناوبراو به‌بیریخسته‌وه كه ماوه‌ی هه‌زار ساڵه سریانییه‌كانیش كۆمه‌ڵكوژ ده‌كرێن.
له دوای وتاره‌كان، دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی گشتیی شه‌نگال ڕاگه‌یه‌ندرا كه له نوێنه‌رانی ئێزدی، سریانی، ئاشووری، كلدانی و عه‌ره‌به شیعه‌كانی هه‌رێمه‌كه پێكدێت.
s.m