«ئۆجالان ئازاد بکەن!»

كۆمیته‌ی ئازادیی ئۆجالان له‌ باشووری كوردستان به‌بۆنه‌ی ساڵیادی پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات\٢٦ی ڕێبه‌ندان به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌. له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ ئێستا له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر گه‌لی كورد خاوه‌ندارێتی له‌ ئۆجالان ده‌كات.

كۆمیته‌ی ئازادیی ئۆجالان له‌ ساڵیادی پیلانگێڕیی نێوده‌وڵه‌تیی ١٥ی شوبات\٢٦ی ڕێبه‌ندان-ی دژ به‌ ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان، به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا كه‌ ئاراسته‌ی ڕای گشتیی و ته‌واوی ئازادیخوازانی جیهان كراوه‌ هاتووه‌: دەستگیرکردنی سەرکردە و بیرمەندی گەلی کورد، بەڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆجالان، پێدەنێتە ساڵی بیستەمەوە. نۆزدەساڵ بەر لە ئێستا و لە رۆژی ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ لە پیلانگێڕییه‌كی نێودەوڵەتیدا، بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا، سەرکردەی مەزنی گەلی کورد، بەڕێز ئۆجالان لە وه‌ڵاتی کینیا رفێندرا و تەسلیمی تورکیا کرایەوە. لەو کاتەوە هەتا ئەمڕۆ ئۆجالان لە زیندانی تاکەکەسیدا و لە بارودۆخێکی زۆر ناهەمواردا، ژیانی خۆی به‌سه‌رده‌بات.

«دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هاوپەیمانەکانی لەم پیلانگێڕییه‌‌ گڵاوەدا، لەو باوەڕەدابوون کە بەدەستگیرکردنی ئۆجالان دەتوانن بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردمان لە باکووری کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان پاکتاو دەکەن. ئەوان لەم بڕیار و هەنگاوەیاندا کورتبین و هەڵەبوون، بزاڤی ئازادیی گەلی کوردستان، هێندەی دیكه‌ پەرەی سەند و  لە بوارەکانی سیاسی، هزری، چەکداری و رۆحی بەرخۆدانەوە گەشەسەندنی بەرچاو هاتنە ئاراوە. ئەمڕۆ مانیفێستی فیکر و فەلسەفەکانی ئۆجالان، لە زیندانی ئیمراڵی و ئەو نەخشەرێگه‌ و چارەسەریانەی بۆ دۆزی کورد و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەشی کردوون، نەک پیلانگێڕی مایەپووچ کرد، بەڵکو بزاڤ و شۆڕشی گەلی کوردی بەرەو قۆناغێکی ستراتیژی و پێشکەوتوو گواستەوە.»

كۆمیته‌ی ئازادیی ئۆجالان ده‌ستنیشانی كرد: ئۆجالان بە تەنها کەسێک و سەرکردەیەک و بیرمەندێک نەبووه‌ کە بتوانن دەستگیری بکەن و کۆتایی بە چرای بیرو رێبازەکەی بێنن، بەڵکو ئۆجالان قوتابخانە و رێباز و فەلەسەفەیەک بوو کە مەحاڵە بتوانن لاوازی بکەن.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش كراوه‌، ئێستا رێباز و فەلسەفەی ئۆجالان بۆ تەواوی گەلانی خۆرهەڵاتی ناوین بۆتە هیوا و ئیلهامبەخشی ئازادی، دادپەروەری و پێکەوەژیانی گەلان و لە تەواوی دونیادا پرشنگی داوەتەوە. 

کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان له‌ درێژه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند، كۆمیته‌كه‌یان لە زۆربەی وه‌ڵاتاندا کارایە و پتر لە ١٠ ملیۆن ئیمزایان بۆ ئازادیی ئۆجالان پێشکەشی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووه‌.

«ساڵانە دەیان هەزار مرۆڤی ئازادیخواز لەم یادەدا، دەڕژێنە سەر شەقامەکان و داوای ئازادیی ئۆجالان دەکەن. دەیان پارێزەر و رێکخراوی نێونەتەوەیی، سەدان کەسایەتیی دونیا و میدیاکار و سیاسەتمەدار، داوای ئازادیی ئۆجالان دەکەن.»

له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی كۆمیته‌ی ئازادیی ئۆجالاندا هاتووه‌: خودی بەڕێز ئۆجالان باشترین و مرۆڤانەترین رۆلی هەبووە لە پرۆسەی ئاشتیدا و چەندین جار لەسەر داوای راستەوخۆی ئۆجالان شەڕ وەستاوە و پرۆسەی ئاشتی داواکراوە. سەرباری هەموو ئەم هەوڵانە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەرده‌وامە لەسەر زیندانی کردنی ئۆجالان و پەیڕەوکردنی سیاسەتی گۆشەگیری و ئەشکەنجەدانی دەروونی، بەرامبەر گەلی کوردیشمان لە باکوور سیاسەتی قڕکردن و کۆمەڵکوژی بەڕێوەدەبات.

«ئه‌مڕۆ و لەم ساتە وەختەدا، پارێزەرەکانی ئۆجالان بەردەوام داوای سەردانکردنی ئۆجالان دەخەنە بەردەم داواکاری گشتی، بەڵام بەردەوام لە ساڵی ٢٠١١ بەدواوە، ٧٢٦ جار داواکانیان رەتکراوەتەوە و رێگه‌ی سەردانیکردنی ئۆجالانیان لێ گیراوە، ئەمەش جێگه‌ی پەسەندکردن نیە و نیگەرانی و توڕەبوونی لای گەلەکەمان دروست کردووە و ئەمڕۆ زیاتر لە هەر رۆژێک سنووری خاوەنداریکردن لە ئۆجالان فراوانتر دەبێت و گەلەکەمان داوا لە کۆمیتەی ڕێگرتن له‌ ئەشکەنجەدان-ی ئەورووپا (CPT) و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن کۆتایی بەم رەوشە نایاساییە بێنن و کار بۆ ئازادیی ئۆجالان بکەن.»

کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان لە باشووری کوردستان، له‌ درێژه‌ی به‌یاننامه‌كه‌یدا، ده‌ستگیركردنی ئۆجالان شه‌رمه‌زار ده‌كات.

«پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی لە دژی سەرکردە و ڕابه‌ر و بیرمەندی گەلەکەمان شەرمەزار ده‌كه‌ین، داوا لە گەلی خۆمان دەکەین هەر رۆژە و زیاتر و راشکاوانەتر خاوەنداری لە ئۆجالانی خۆیان بکەن، هاوکات داوا له‌ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین چی دیکە درێژه‌ به‌و شەرمەزارییه‌ نه‌ده‌ن و وەک ئەرکی ئەخلاقی و مرۆیی خۆیان کار بۆ ئازادکردنی ئۆجالان بکەن. هاوکات بە دەوڵەتی تورکیاش رادەگەیەنین، کە هەروەک چۆن لە ئۆپه‌راسیۆنە دۆڕاوەکانی خۆیدا، جگە لە شکست و مایەپووچی، هیچی بەدەست نەهیناوە، ئاواش به‌ بەردەوام بوونی گۆشەگیری و زیندانی کردنی ئۆجالان و سەرکردەکانی دیکەی باکووری کوردستان، جگە لە نەهامەتی بۆ گەلانی تورکیا هیچی دیکە ناچنێتەوە.»

کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان له‌ كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌یدا، سڵاوی خۆی ئاراستەی بەرخودانی عەفرین و خۆڕاگریی گەلی قارەمانی خۆرئاوای کوردستان دەکات.  له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گەرمترین سڵاوی خۆی ئاراستەی زیندانیانی سیاسی، هاوسەرۆک و ئەندامانی هەدەپە دەکات لە زیندانەکانی تورکیای فاشیست. كۆمیته‌كه‌ ئەو رژێمە دڵنیا دەکاتەوە کە گەلی کوردمان بەردەوام دەبێت لەسەر خەبات و بەرخۆدانی خۆی.

كۆمیته‌ی ئازادیی ئۆجالان ڕاشیگه‌یاند: باشترین رێگه‌ و بژاردە  لەبەردەم تورکیا، گەڕانەوەیە بۆ پرۆسەی ئاشتی و دانوستان، تەنها لە سایەی ئاشتی و گفتوگۆدا کێشە، ململانێ و خوێنڕشتن کۆتایی دێت.

 

ش. م