ئۆجالان چیى لەبارەى پیلانگێڕیى نێودەوڵەتى و وێستگەکانی و ئەنجامدەرانییەوە وت؟ - بەشی دووەم

عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ١٥ ساڵ پێش ئێستا ئامار و زانیارییەکانى سەر پیلانگێڕی نێودەوڵەتى، وێستگەکانی، ئەنجامدەران و رۆڵگێڕەکانی و ئامانجی پیلانگێڕییەکە خستبووەڕوو.

پیلانگێڕیى نێودەوڵەتی کە لە کەسایەتیى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە دژی بزووتنەوەى ئازادیى کورد و گەلی کوردستان ئەنجامدرا لە ٩ی تشرینى یەکەمی ١٩٩٨ / ١٧ی رەزبەر دا دەستیپێکرد. ئۆجالان ناچار کرا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بڕواتە دەرەوە. دواى ئەوەى ئۆجالان لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ / ٢٦ی رێبەندان لە باڵیۆزخانەى یونان لە شاری نایرۆبیى پایتەختی کینیا رفێنرا و رادەستى تورکیا کرا، قۆناغی یەکەمی پیلانگێڕییەکە تەواو بوو. ئۆجالان ساڵی ٢٠٠٣ بەرگرینامەیەکى پێشکەشی دادگای سزا قورسەکانى ئەسینا کرد، کە لەسەر دۆزێک تیایدا دادگایى دەکرا. ئۆجالان بەرگرینامەکەى بە ناوی "بۆ دادوەر و ئەندامانى دەستەى دادوەریى دادگای سوێندخۆری تێکەڵی ئەسینا و بەرگریى ئەسینا" پێشکەش بە دادگاکە کرد و تیایدا باسی هۆکارەکانى پیلانگێڕییەکە و رووداوەکانى ناو پیلانگێڕییەکە و ئامانجەکانى کرد:

ئەوانەى سیستمى سۆڤیەتى گەورەیان فرۆشت

پریماکۆڤ بڕیارەکەى دۆمای قبوڵ نەکرد. دەبێت قەیرانى ئابووریى رووسیا رۆڵی لەو قبوڵ نەکردنەدا هەبووبێت. خۆی لە خۆیدا رووسیا لە سەردەمی قەیرانی لێکهەڵوەشانەوەدا بوو، کە لە دواى رەئال سۆسیالیزم تووشی بوو بوو. پیرماکۆڤی سەرۆک وەزیران و سەرۆک یەڵتسین خیانەتکارانى گەورەى رەئال سۆسیالیزم بوون. بەرژەوەندییەکان لەسەر بنەمای ئابووری و هەواڵگریى شاراوە – قێزەون، ئەو ئەگەرەى دروستکردبوو، کە دۆخی من چەند ستراتیژیکیش بێت، بفرۆشرێم. فریودانى خۆبەخۆ بوو، کە چاوەڕێم دەکرد ئەو کەسانەى  سیستمى سۆڤیەتى گەورەیان فرۆشتووە رێز لە بەهاکانى ئازادی بگرن.

خواستیان بمبەن بۆ قوبرس

مۆسکۆ، کە یەکێکە لە ناوەدە بژاردەکانى شارستانیەتى کاپیتالیست ئەو گەمە نامەردانەیە لە دژی سۆسیالیز گێڕا. بەبێ ئەوەى شەرم لە خۆی بکات دەیخواست لە بابەتى منیشدا گەمە بکات. بڕیاری قبوڵکردنى پەنابەریى من بە دەنگێکى دژ و ٢٩٨ دەنگى بەڵێ لە دۆما پەسەند کرابوو، بەڵام ئەوە بۆ پریماکۆڤ بێمانا بوو و پیرماکۆڤ بە هەڵوێستێکى بەدەر لە یاسا و مافەکان دەجوڵایەوە. لە ناو ئەو ئاڵۆزییەدا خواستیان من بە زۆر بەسەر تورکیادا ببەن بۆ قوبرس. هەبا چیلی بەرپرسی هەواڵگریى رووسیا لەو کاتەدا پێیوتم "ئێمە قوبرسمان بۆ ئامادە کردویت، ئێوە بڕۆن بۆ ئەوێ". ئەوە ئۆپراسیۆنی سڕینەوە و لەناوبردن بوو. دواى ئەوەى زانیم فڕۆکەکە بەسەر تورکیادا دەچێت بۆ قوبرس وتم، فڕۆکەکە لە ئاسمان دەتەقێنرێتەوە، یان لە ئەنقەرە دەنیشێتەوە. لەسەر بنەماى ئەو بیروباوەڕم، قبوڵم نەکرد بڕۆم بۆ قوبرس.

دواى ٣٣ رۆژ چووم بۆ ئیتالیا

لەبەر ئەوەى دۆخ لە رووسیا مەترسیدار بوو لە رێگەى ئەحمەد یامان نوێنەری ئێمە لە ئیتالیا، رامۆن مانتۆڤانی پەرلەمانتاری حیزبی کۆمۆنیستی سەرلەنوێ رزگارکردنی ئیتالیا (PRC)م لە دۆخەکە ئاگادار کردەوە. دوای ئەوەى مانتۆڤانی دەستبەکار بوو، رۆژی ١٢ی تشرینى دووەمی ١٩٩٨ لە رووسیاوە چووم بۆ رۆمای پایتەختی ئیتالیا و بەو شێوەیە یەکەم سەردانم بۆ رووسیا لە دوای ٣٣ رۆژ کۆتایى پێهات.

سەرەتا دەستگیرکردن و دواتر گەمارۆیەکى توندیان سەپاند

کاتێک گەیشتمە ئیتالیا چاوەڕێى دۆستایەتیم دەکرد، بەڵام دەستگیرکرام. دواتر دادگا بڕیاری دەستگیرکردنەکەى هەڵوەشاندەوە، بەڵام منی خستە ناو گەمارۆیەکى توند. بۆ ئەوەى بڕفێندرێم هەموو شێواز و رێگا جۆراوجۆرەکان تاقیکرانەوە. ئەو یەکە ئەمنییەى ئیتالیا کە پەیوەندیى بە منەوە کرد، هێزێکى تایبەتی سەر بە ناتۆ بوو. دەستەى دالێما ئەو هێزەى نەبوو کە بەرەنگاری ئەو هێزە بێتەوە و ئاگاداری ئەو هێزەش نەبوون. گوێیان نەدەدا بەو کەسانە کە تاکڕەوانە دەجوڵانەوە. حکومەتى ئیتالیا نە بڕواى بە خۆی بوو و نە هێزیشی دیاریکردبوو. نزیکایەتیى ئەو یەکەیە بەرامبەر بە من زۆر توند و بێڕێزانە بوو. وەک ئەوەى تاوانبارێک بم لێم نزیک دەبوونەوە. مۆری پەنجەیان لێوەرگرتم و وێنەیان گرتم. لە بارودۆخی دەستگیرکردندا راگیرابووم. رێگایان نەدەدا لەسەر داواى خۆم بچم بۆ شوێنێک. دواتر من باسی دۆخی تەندروستیى خۆمم بۆ کردن و لەبەر ئەوەش منیان برد بۆ شوێنێک کە چارەسەریم بۆ بکرێت.

داواى مافی پەنابەری لە رۆما

لەو کاتەدا من بە نووسراو داواى مافى پەنابەریی سیاسیم لە بەرپرسانى فەرمی کرد. سەرباری هەموو خراپییەکان و زۆر و زەحمەتییەکانیش، ئیتالیا لە وڵاتەکانى تر (یونان و رووسیا) جیاواز بوو. هەر هیچ نەبوایە کاروبارە فەرمییەکانیان ئەنجام دەدا. یەکەم وڵات و دوا وڵات بوو، کە لە ئاستى حکومەتدا لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن بۆ داواى مافی پەنابەریى منیان کرد. دادگا لێکدانەوەى بۆ داواکەم کرد و بڕیارێکى نیواونیوی دا. لە بڕیارە نیواونیوەکەدا هاتبوو "تاوەکو بڕیار لەسەر داواى پەنابەرییەکە دەدرێت، وەزارەتى دادی ئیتالیا ئەو مافەى هەیە، کە بڕیار لەسەر سەربەستبوونی من بدات". لە چوارچێوەى ئەو بڕیارەدا من لە گەڕەکی ئینفەرنێتۆی رۆما نیشەجێ بووم. مانەوەم پشتبەستوو بوو بە گەرەنتییەکى یاسای و حقوقی.

کلینتۆن تەلەفونى بۆ سەرۆک وەزیرانى ئیتالیا کرد

مادلین ئۆڵبرایت وەزیری دەرەوەى ئەمریکا لە ٢١ی تشرینى دووەمی ١٩٩٨ەوە دەستبەکار بوو بۆ ئەوەى لەلایەن هیچ وڵاتێکەوە وەرنەگیرێم. لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ خاڤییەر سۆلانا سکرتێرى گشتیى ناتۆ چاوپێکەوتنێکى دوور و درێژی ئەنجامدا. دوای ئەوە بیل کلینتۆن سەرۆکى ئەمریکا خۆی راستەوخۆ دەستبەکار بوو. کلینتۆن رۆژی ٢٤ی تشرینى دووەمی ١٩٩٨ لە رێگەى تەلەفونەوە ٢ جار پەیوەندیى بە ماسیمۆ دالێما سەرۆک وەزیرانى ئیتالیاوە کرد و پێى وت "خۆت لەم هەڵە مێژووییە بکشێنەرەوە".

من هەوڵم بۆ ئاشتى دەدا

کاتێک لە ئیتالیا بووم، لەبارەى ئامانجم لە مانەوەم لە ئەوروپا لێدوانم دا و رامگەیاند، بۆ چارەسەریی دیموکراسییانەى کێشەى کورد و هاتنەدیى ئاشتى هەوڵ دەدەم. بۆ ئەوەش هەندێک داواکاریم بڵاوکردەوە.

ئەمریکا و تورکیا  داواى رادەستکردنی منیان کرد

یەکێک لەو کەسانە کە لەو کاتەدا لە دژی لێدوانەکەم بۆ ئاشتى و دیموکراسی راوەستا، جەیمز روبین وتەبێژی وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا بوو. جەیمز روبین رۆژی ٢٦ی تشرینى دووەمی ١٩٩٨ وتى "دەبێت بە خێرایى ئۆجالان رادەستى تورکیا بکرێت". هاوکات لەگەڵ ئەو داوایەى ئەمریکا، تورکیاش داواى لە ئیتالیا کرد کە من رادەستى ئەوان بکات.

لە رۆماوە بەرەو رووسیا

لە ماوەی ئەو ٦٦ رۆژەدا کە لە ئیتالیا بووم، گوشارێکى زۆری دەروونیم لێکرا. گروپێک پۆلیس کە بە باشترین شێوە راهێنانیان پێکرابوو، کۆنترۆڵ و چاودێرێکردنى چڕ و وردیان خستبووە سەرم. دەرفەتیان پێنەدەدام کە لە ژوورەکەشم بچمە دەرەوە. پۆلیس دەهاتنەوە ژوورەوە و تەنانەت تاوەکو ژووری نوستنەکەشم دەهاتن. بە پاساوی ئەوەى "هەڕەشەی رفاندنم لەسەرە" ئەوەیان بەسەرمدا دەسەپاند، کە ئەو کۆنترۆل و چاودێرییە چڕە قبوڵ بکەم. کاتێک ئەحمەد یامان دەستبەکار بوو، فڕۆکەیەک لەلایەن سەرۆک وەزیرانى ئیتالیاوە ئامادە کرا و دیسانەوە ناچار بووم بڕۆم بۆ رووسیا.

تومەس ئیتالیا و رووسیا رێککەوتبوون

کاتێک سەرلەنوێ گەیشتمەوە مۆسکۆ رۆژی ١٦ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩ بوو. دواتر ئەوە ئاشکرابوو، کە ئیتالیا پێشنیازی بە رووسیا کردووە و پێى وتوە "ئۆجالان قبوڵ بکەن و ئێمەش قەرزە ٨ ملیار دۆلارییەکەى سندوقی نێودەوڵەتیى دراو (ÎMF) بۆ هاوکاریى ساڵی ١٩٩٨، کە راگیراوە، دەیگەڕێنینەوە بۆتان". رووسیاش ئەوەى قبوڵ کرد.

وەک ئەوە وابوو لە ناو قەفەسێکى ئاسندا بم

سەرباری ئەوەى لە چوارچێوەى رێککەوتنێکى قێزەوندا بۆ جاری دووەم داوایان لێکردم بچم بۆ وڵاتەکەیان، بەڵام رەفتار و هەڵسوکەوتەکانیان زۆر توند و قورس بوون و بەسەرمدا دەیان سەپاند. هەواڵگریى رووسیا نامەردانە دەجوڵایەوە. ئێمەیان کردە ژوورێک و نەیاندەهێشت بڕۆینە دەرەوە. وەک ئەوە وابوو لە ناو قەفسێکى ئاسندا بم.

رێککەوتنى نێوان رووسیا و تورکیا

بەرپرسانى ئەمنیى رووسیا لە ١٧ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩دا پێیان وتم "حکومەتەکەمان رێگا بە ئێوە نادات کە لێرە بمێننەوە. بەبێ هیچ هۆکارێک دەبێت لە ماوەی ٣ رۆژدا رووسیا بەجێبهێڵێت، بەڵام ئەو شوێنەى کە تۆ بۆی دەڕۆیت ئێمە دیاریى دەکەین". هەروەها ئەوەشیان بەبیر خستەوە، کە بڕیارى حکومەت هەموو کاتێک وەک فەرمان وایە. دەیانوت، ئەو بڕیارە لەلایەن خودی پریماکۆڤەوە دەرکراوە. دواى رۆژێک، واتە ١٨ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩ ئەلکساندر لیبیدڤ باڵیۆزی باڵاى رووسیا لە ئەنقەرە بەڵێنى بەلایەنى تورک دا و وتى "هەر کاتێک ئۆجالان دەستگیرکرا، ئەوا دیپۆرت دەکرێتەوە". بولەند ئەجەویت-یش هەمان رۆژ کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیى ئەنجامدا ئەو بەڵێنەى باڵیۆزەکەى رووسیاى لە تورکیا پشتڕاست کردەوە.

لە بریى کوردستان منیان برد تاجیکستان

دۆخەکە، لە قۆناغی ئامادەکاری بۆ لەچوارمێخەدانیش تێپەڕی. لە مۆسکۆ بزمارە یەکەمەکانیان بە بەهێزی و قایمى لێدەدا. بۆ جاری یەکەم رووخسارێکى وام لە دەموچاویاندا بینى، کە هەرگیز دۆستانە نەدەهاتە پێشچاو. ئاشکرا بوو، کە بڕیارەکە لە ئاستى باڵادا دەرکراوە. منیش پێم وتن، دەمەوێت بڕۆم بۆ کوردستان. سەرەتا وتیان "دەتوانین تۆ لە رێگەى ئەرمینیاوە ببەین بۆ سەر سنوور"، بەڵام دواتر وتیان "دۆخەکە گۆڕا، ئێمە دەچین بۆ تاجیکستان".

پێش سەردانەکەى رۆژی ٢٠ی کانوونی دووەمی ١٩٩٨ی مادلین ئۆڵبرایت وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بۆ رووسیا، بە فرتوفێڵ و زۆر لێکردن منیان برد بۆ ناو فڕۆکەیەکى کارگۆ و منیان برد بۆ دەرەوەى سنووری رووسیا و دواتر ئاشکرا بوو، ئەو شوێنەى منی بۆ دەبەن شاری دووشەنبەی پایتەختى تاجیکستانە و لەوێیەوە منیان برد بۆ ماڵێک لە گوندێکدا. ئەوە رفاندنی من بوو بە زۆر. لەوێ ٨ رۆژ گۆشەگیر کرام و پەیوەندییەکانم لەگەڵ دنیای دەرەوەدا پچڕێنرا.

لە تاجیکستانەوە منیان بردەوە بۆ مۆسکۆ

دواى ٨ رۆژ لە گۆشەگیرکردنم، رۆژی ٢٨ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩ بە فڕۆکەیەک بردمیانەوە بۆ مۆسکۆ. لە مۆسکۆ لەلایەن کەسێکەوە پێشوازیم لێکرا، کە نەمدەناسی و دواتر منى برد بۆ بینایەک، کە یەکەی تایبەتى رووسی تیادا بوو. دواى ماوەیەکی کەم، بەرپرسانى رووسیان هاتن بۆ لام و هەڕەشەیان لێکردم و پێیان وتم، بەرەبەیانى رۆژی داهاتوو من بە فڕۆکەیەک دەبن بۆ شام (دیمەشق).

دەیانخواست لە سوریا رادەستى تورکیام بکەن

ئامانجیان ئەوە بوو لە ئاسمانى سوریادا رادەستى تورکیام بکەن، چونکە تورکیا و سوریا رێککەوتن کە لە ئەگەری گەڕانەوەى من بۆ سوریا، سوریا من رادەستى تورکیا بکات. لەبەر ئەوەى فڕۆکەکە بە ئاسمانى تورکیادا تێدەپەڕی، دەکرا لە ئاسماندا بتەقێنرێتەوە. لەبەر ئەو هۆکارانە من پێشنیازەکەم قبوڵ نەکرد.

دۆخەکە مەترسیدار بوو. لە رێگەى ئایفەر کایا، کە لە یونان بوو بە جەنەڕاڵ ناکساکیس-م راگەیاند، ئاسایشی ژیانم لە دۆخێکى مەترسیداردایە.

لە لینینگرادەوە بەرەو ئەسینا

وەک دوا وێستگە بە فڕۆکەیەکى تایبەت کە جەنەڕاڵی خانەنشینکراو ناکساکیس و ئایفەر کایای وەرگێڕ هینابوویان، بۆ جاری دووەم لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩دا چوومەوە بۆ ئەسینا. ناکساکیس منی لە ڤی ئا پی (VIP)یەوە برد بۆ ماڵی ڤولا-ی نووسەر لە نیا ماکری. شەوێک لەوێ مامەوە. کاتێک لە رووسیاوە گەڕامەوە بۆ ئەسینا، دیار بوو کە حکومەتى ئەسیناش ئاگادار کرابوویەوە، بەڵام ئاگاداری شوێنى مانەوەکەم نەبوون.

رووسەکان گوشاریان لێکردم بۆ ئەوەى بچم بۆ بوخارێستى پایتەختی رۆمانیا

بەرپرسانى رووسیا، کە لە لینینگراد منیان بەڕێکرد، مەرجی ئەوەیان بۆ دانام، کە دەبێت پێش ئەوەى بچم بۆ یونان لە بوخارێستى پایتەختی رۆمانیا دابەزم و لەوێیەوە بچم بۆ ئەسینا. من لەو گوشار و پێداگرییەیان گومان بۆ دروستبوو، بۆیە بەبێ ئەوەى لە بوخارێست داببەزم یەکڕاست چووم بۆ ئەسینا. ناکساکیس دواتر ئیدعای ئەوەى کردبوو، کە بڕیار درابوو من لە بوخارێست رادەستى تورکیا بکرێم. هەر وەک ئەوەى قسەکانى ناکساکیس پشتڕاست بکاتەوە، ستاڤراکاکیس سەرۆکى هەواڵگریى یونان لە بوخارێست چاوەڕێى من بوو. ئێمە وێستگەى بوخارێستى رۆمانیامان قبوڵ نەکرد و ناچار بووین لە ئەسینا دابەزین.

ئیتر بێ یاسایى و پێشێبلکردنى یاسا بوو بوو بە پێوەر

ناکساکیس رۆژی ٣٠ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩ هات بۆ ماڵی ڤولا لە نیا ماکری، شپرزە و شێواو دیار بوو و قوڕ بە جلوبەرگەکانیەوە بوون. تەنها شتێک مابوو، ئەویش ئەوە بوو، کە لە رێگەى کەسایەتى ساڤاس کالینیدیس بڕواى منی دۆستانە بەو بەکاربهێنن و من ببن بۆ ئەو شوێنەى کە خۆیان دەیانەوێت. منیان بە زۆر برد بۆ شوێنێک. من جارێکیتر داواى پەنابەریم کرد، بەڵام ستاڤراکاکیس پێى وتم، داواکەى تۆ بەشێوەیەکى فەرمی وەرناگرین و قبوڵی ناکەین. دۆخی بێ یاسایی و پێشێلکردنى یاسا ئیتر بوو بوو بە پێوەر. منیان بە زۆر گرت و نەیاندەهێشت کەس خۆی لە من نزیک بکاتەوە، یان پەیوەندیم پێوە بکات. وتیان تۆ دیپۆرت دەکەینەوە، بەڵام نەیان وت بۆ کوێم دەبەن و بۆ کوێم دیپۆرت دەکەن.

من وتم هۆڵندا و ئەوان بردمیان بۆ مینسکی پایتەختی بیلارووس

لە دۆخە خۆڵەمێشی و تەم و مژاویەدا، من  پێشنیازم کرد بمبەن بۆ هۆڵندا. ستاڤراکاکیس ئیدعای کرد، کە بەهۆی پەیمانى شنگنەوە ئەگەر لە یونانەوە بچم بۆ هۆڵندا، ئەوا دیسانەوە رادەستى یونانم دەکەنەوە و خواستی لە وڵاتێکى ترانزێتەوە، کە ئەندامى شنگن نەبێت بچم بۆ هۆڵندا. بۆ ئەوەش مینسک-ی پایتەختی بیلاروس-یان هەڵبژارد. بەپێى پلانەکە دەبوایە فڕۆکەیەک من لە ئەسنیاوە ببات بۆ شاری مینسک لە بیلارووس و فڕۆکەیەکى تریش لە مینسکەوە من ببات بۆ لاهای. رۆژی ٣١ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩ بەو فڕۆکەیە کە لەلایەن بەرپرسانى یونانەوە ئامادەکرابوو و بەرەو مینسک کەوتینەڕێ، وتیان ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەى بە فڕۆکەى دووەم لە مینسکەوە بچیت بۆ لاهای هۆڵندا. مینسک ناوچەیەک بوو لە ژێر سیادە و باڵادەستیى رووسیادا.

لە داڤۆس سەودا و مامەڵە و رێککەوتن کرابوو

دواتر ئاشکرا بوو، کە پێش ٣٠ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩ لە داڤۆس و لە کۆبوونەوەى فرۆمی ئابووریى جیهانیدا، لە نێوان پریماکۆڤ سەرۆک وەزیرانى رووسیا و کۆمپانیاى نەوتییەکانى ئەمریکادا لەسەر دۆخی من سەودا و مامەڵە کراوە. هەواڵێک لە رۆژنامەى کۆمێرسانتی ئابووریى رووسیا بە ناونیشانی "لە بەرامبەر ئاپۆدا سەودا و مامەڵەی نەوت" بڵاوکرایەوە. بەپێى ئەو هەواڵە لە داڤۆس رێککەوتن کراوە، کە نەوتى کازاخستان لە رێگەى رووسیاوە و نەوتى ئازەربایجان لە رێگەى تورکیاوە هەناردە بکرێت. لە بەرامبەر ئەوەدا ئەنقەرە هەناردەکردنى نەوتی کازاخستان لە بەندەر و رێڕەوەکانى خۆییەوە ئەنجام نەدات. لەو سەودا و مامەڵەیەدا ئەوەى دەکەوتە سەر شانی رووسیا ئەوەبوو، مۆسکۆ رێگا بدات بە دروستکردن هێڵی نەوتی باکو – جەیهان و مافی پەنابەریى من قبوڵ نەکات.

لە سویسرا بڕیادرا رێگا بەنیشتنەوەى فڕۆکەکەم نەدرێت

ئەو رۆژەى کە لە کاتژمێر ١٨دا لە فڕۆکەخانەى مینسک دابەزیم، پریماکۆڤ وتى، فڕۆکەخانەکانى ئەوروپا بەڕووی تۆدا داخراون. لەو کاتەدا هەموو فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانى ئەوروپا کەوتبوونە ئامادە باشی بۆ ئەوەى رێگا نەدەن ئەو فڕۆکەیە، کە منى تیادام بنیشێتەوە. ئاشکرابوو لە ئاستێکى زۆر باڵادا ئەو بڕیارە دراوە. دواتر ئەوەش ئاشکرابوو، کە بڕیارێکە بەشێوەیەکى نهێنى لە سویسرا دراوە.

کاتێک فڕۆکەکەى هۆڵندا نەهات، منیش دانەبەزیم

گوایە وتبویان فڕۆکەى هۆڵندایان ئامادە کردووە، بەڵام کاتێک ئێمە لە مینسک دابەزین وتیان، فڕۆکەکەى هۆڵندا نایەت. بەشێوەیەکى ئاشکرا گەمەیان دەکرد. پانگالۆس لەو کاتەدا وتی "ئەوەى لە تۆڕەکەوە (سنوورەوە) بێتە ژوورەوە، دوکەڵی ئاگادارکردنەوەی بۆ دەهاوێژرێت". لە فڕۆکەخانەى مینسک و لە هەلومەرجی قورسی زستانى ئەوێدا چەندین کاتژمێر لە فڕۆکەکەى یوناندا راوەستام. دۆخەکە خۆڵەمێشی و تەم و مژاوی بوو. سەرنجڕاکێش ئەوە بوو، کە فڕۆکەوانەکەش هەوڵی دەدا من دابەزم. لەبەر ئەوەى گومانم لە دۆخەکە هەبوو، رەتمکردەوە لە فڕۆکەکە دابەزم.

لە مینسکەوە گەڕانەوە بۆ ئەسینا

لەبەر ئەوەى ئێمە بە پێداگرییەوە لە فڕۆکەکەدا ماینەوە، فڕۆکەکەى یونان شەوی ٣١ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩ و لەسەر ١ی شوباتی ١٩٩٩ و لە کاتژمێر ٠٤:٠٠ دا سەرلەنوێ گەڕایەوە بۆ ئەسینا. لە گەڕانەوەدا ئێمە چاودێرى دەکراین. رێگایان نەدا بۆ وەرگرتنى سوتەمەنیش لە فڕۆکەخانەیەکى تر بنیشینەوە. تەنها هێزى ناتۆ دەتوانێت لەو قەبارە بەربڵاوەدا هەموو فڕۆکەخانەکان کۆنترۆڵ بکات.

درێژەى هەیە

ر.م