ئیدری شارى گەلان پشتیوانى پارتى گەلان، هەدەپەپە

هەدەپە لە هەڵبژاردنی ٢٠١٥دا رێژەى ٥٦.٧٣ و ٥٣ هەزار و ٨٤٤ دەنگ و هەر ٢ کورسییەکەى پەرلەمانى لە ئیدر بە دەستهێنابوو. هەدەپە ئێستاش دەیەوێت پاڵێوراوەکانی د.حەبیب ئەکسیک و کزناز تورکەلیى ئازەری دیسانەوە ژمارەى پێوانەیى تۆمار بکەنەوە.

پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لە هەڵبژاردنى ٧ى حوزەیرانى ٢٠١٥دا زۆرترین دەنگى ئیدری بە دەستهێنا و هەر ٢ کورسیى پەرلەماى ئەو پارێزگایەى لە پەرلەمانى تورکیا بەدەستهێنا. ئێستاش گەلی ئەو پارێزگایە خۆى ئامادە دەکات، کە لە ٢٤ى حوزەیراندا ئاکەپە و مەهەپە لە شارەکەیان بکەنە دەرەوە. لەو شارەدا گەلانى کورد و ئازەری پێکەوە دەژین و ئاکەپە و مەهەپە تۆوی دووبەرەکییان دەخستە ناو گەلانى ئەو شارە، بەڵام هەدەپە لە ئیدر یەکێتیى گەلانى ئافراند.

ئیدر ژمارەى دانیشتووەکانى ١٩٤ هەزار کەسە. ئێستا ئیدر بەهۆى سیاسەتەکانى حکومەتى ئاکەپەوە لە قەیرانی گەورەى ئابووریدایە. رێژەى بێکاری و هەژاری و بەکارهێنانى ماددە هۆشبەرەکان رووی لەزیادبوون کردووە.

ئیدر سەرى ئاکەپە لە بەرد دەدات

جەمیل چیچەک، کە ماوەیەک وەزیرى دەرەوەی حکومەتى تورکیا بوو، لە ساڵی ٢٠٠٩ و کاتێک پارتى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (دەتەپە) لە هەڵبژاردنى شارەوانیدا، سەرۆکایەتیى شارەوانیى ئیدرى بەدەستهێنا، وتبووی "ئەوان گەیشتنە سنوورى ئەرمینیا" و بەوشێوەیە سەری خۆى لە بەرد دابوو. ئێستاش ئیدر خۆی ئامادە دەکات، کە جارێکیترسەری ئاکەپە لە بەرد بداتەوە. هەدەپە ئێستا دکتۆر حەبیب ئەکسیک و کزناز تورکەلیى ئازەریى بۆ پەرلەمانى تورکیا لە ئیدر پاڵاوتوە و دەیەوێت جارێکى تر ژمارەى پێوانەیى تۆمار بکات. ئەکسیک و تورکەلی بە بەردەوامى کار بۆ سەرکەوتنى هەڵبژاردن دەکەن و لەبارەى کارەکانییەوە بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (AN) قسەیان کرد.

هەدەپە تۆوی دوژمنایەتیى و دووبەرەکیى سڕییەوە

کزناز تورکەلی وەک یەکەمین پەرلەمانتارى ئازەری لەسەرلیستى هەدەپە لە ٢٠١٥دا چووە پەرلەمانى تورکیا و رایگەیاند، ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ دەبێتە رۆژی سەرکەوتنى کورد و ئازەری.

کزناز تورکەلیى ئازەری لە ئیدر لە دایکبووە. بەهۆى کارە سیاسییەکانیەوە لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا زیندانیکراوە. هەموو تەمەنی لە تێکۆشانی شۆڕشگێڕیدا بووە. تورکەلی بە بەردەوامى پشتیوانیى لە تێکۆشانی رەواى گەلی کورد کردووە. تورکەلی رایگەیاند، ئەو تۆوی دووبەرەکی و دوژمنایەتیىى لە نێوان گەلانى کورد و ئازەریدا لە ئیدر چێندرابوو، هەدەپە لە رەگەوە هەڵیکێشا.

لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا زیندانی کرا

تورکەلی رایگەیاند "تاوەکو تەمەنی ٧ ساڵی لە کوێستانەکانى ئیدر ژیاوە. لە منداڵییەوە بە تێکۆشانى شۆڕشگێڕی ئاشنا بووە. راشیگەیاند "بنەماڵەکەم بە تەواوەتى بەشداربوون لە تێکۆشاندا. ماوەیەکى زۆر لە ئیستەنبول ژیانم بەسەر برد. لە ساڵی ١٩٩٢دا و کاتێک تەمەنم ١٣ ساڵ بوو زیندانیکرام. لە هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥دا لە رێگەى هەدەپەوە بوومە پەرلەمانتار. دیسانەوە لە هەڵبژاردنی ١ى تشرینى دووەمی ٢٠١٥دا لەسەر لیستىى هەدەپە خۆمم کاندید کردەوە، بەڵام هەر ٢ کورسییەکەى ئیدرمان لە پەرلەماندا لە دەستدا، سەرباری ئەوەش تێکۆشانەکەمان لە هەموو هەلومەرجێکدا بەردەوامە. کاتێک لە بەڕێوەبەرایەتیى ناوچەى ئاڤجلار لە ئیستەنبول کارم دەکرد، دیسانەوە حیزبەکەم منی بۆ هەڵبژاردنی ٢٤ى حوزەیران کردەوە بە پاڵیوراو".

"ئەوانەى هەوڵ دەدەن هەدەپە لە بەربەستى هەڵبژاردندا بخنکێین، خۆیان تێکدەشکێن"

تورکەلی باسى ئەوەشیکرد، وەک هەڵبژاردنى ٧ى حوزەیران جارێکیتر لە ئیدر سەرکەوتن بە دەست دەهێنن و لەو بارەیەوە وتى "ئێمە لێرە بڕوامان بە گەلی خۆمان هەیە و گەلیش ئەو بڕوایەى پێداوین، کە پێکەوە سەردەکەوین. لە ئیدر هاوپەیمانى و رێککەوتنى قێزەونى لایەنەکانى تر دژ بە گەلی ئیدر بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئیتر لەوەدا سەر ناکەون. ئەوانەى هەوڵ دەدەن هەدەپە لە بەربەرستى هەڵبژاردندا بخنکێنن خۆیان تێکدەشکێن، چونکە دەبێت باش ئەوە بزانن، هەدەپە تێکۆشانى هاوبەش و یەکگرتووانەى هەموو رەنگ و نەتەوەکانە. دامەزرێنەرى ژیانى نوێیە. ئێمە بە دڵنیاییەوە سەر دەکەوین. دەنگێک بۆ دەمیرتاش و دەنگێک بۆ هەدەپە".

"لە ئیدر گەلانى کورد و ئازەری سەردەکەون"

تورکەلی راشیگەیاند، هەر وەک هەڵبژاردنى ٧ى حوزەیران، هەدەپە هەر ٢ کورسییەکەى ئیدری لە پەرلەمانى تورکیا بەدەست دەهێنێتەوە و ئەوەش دەبێتە سەرکەوتنى گەلانى کورد و ئازەری و لە بەردوامیى قسەکانیدا وتى "بە فەداکاریى گەلی کورد و بە بڕیارى پێشوەختەى گەلی ئازەریمان، لە هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیراندا سەردەکەوین. ئەوانەى تۆویی دوژمنایەتییان لە ناو گەلانى کورد و ئازەریدا دەچاند، لە ئێستا بە دواوەوە ئیتر سەرناکەون. هەدەپە لە ئیدر جگە لە ئازەری و کورد، نوێنەرى تورکمەنەکان و گەلانى تریشە. هەدەپە پارتى گەلانە و ئیدریش شارى گەلانە".

"ئاگادارى کێشەکانى ئیدرین و چارەسەریان دەکەین"

تورکەلی ئەوەشى وت، ئاگادارى کێشەکانى گەلی ئازەرین لە ئیدر و ئەو کێشانەش چارەسەر دەکەن. تورکەلی ئەوەى بە بیرخستەوە، لە ئیدر هەژار رووی لە زیادبوون کردووە و بە دڵنیاییەوە ئیدر دەکەنە ناوەندێکى بازرگانی.

"ئیدر لە حیزبەکانى سیستم پاک دەبێتەوە"

دکتۆر حەبیب ئەکسیک لەگەڵ تورکەلی پاڵێورای هەدەپەن بۆ ئیدر. دکتۆر حەبیب ئەکسیکى تەمەن ٣٣ ساڵ، ساڵی ٢٠١٦ بەپێى بڕیارى باری نائاسایى بۆ ماوەى ٧ ساڵ لە کارەکەى دوورخرایەوە. ئەکسیک ساڵی ٢٠١٥ پاڵێوراوى هەدەپە بوو، ئێستاش بۆ گەلی ئیدر بووەتە پاڵێوراو بۆ پەرلەمانى تورکیا.

ئەکسیک بە ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF)ی راگەیاند "دواى ئەوەى بڕیارى هەڵبژاردنى پێشوەختە دەرکرا، بوومەوە بە پاڵێوراوی هەدەپە. ئێمە شانبەشانى گەلەکەمان دەنگ دەدەین بە دیموکراسی، ئاشتی و ئازادی و دەبینە ئافرێنەری ژیانێکى نوێ".

ئەسکیک راشیگەیاند، ئەو عەقڵییەتە فاشیستییەى، کە چەندین ساڵ ئیدرى بەڕێوەدەبرد، بە بەردەوامى لە بەرامبەر هەدەپەدا روو لە تێکشکانە و وتى "ئەوانەى چەندین ساڵ بە عەقڵییەتى فاشیستانە ئیدریان بەڕێوەدەبرد و تۆوی دوژمنایەتییان لە ناو گەلاندا دەچاند، دەیانەوێت ئێستا ئەو فاشیزمەیان بە شێوازێکى نوێ لە ئیدر درێژە پێ بدەن، بەڵام سەرناکەون. گەلەکەمان لە ئیدر لە زووەوە بڕیارى خۆى داوە. ئێمە لە ٢٤ى حوزەیراندا جارێکیتر لە ئیدر دەبینە ٢ و ئاکەپە و مەهەپەش سفر و بەوشێوەیەش لە ئیدر کۆتاییان پێدێت".

ر.م