لە شەوێکی تاریکدا داگیرکەران هێرشێکى زۆر قورسیان کردە سەر خانتووری جوان و رازاوە. شەوق و رووناکیی بۆمبا ئاسمانییەکان، کە لە سکی فڕۆکەکانەوە خۆیان بەردەدایەوە و خۆیان دەکێشا بە رووی خانتووردا ئەو شەوەیان رووناک کردبووە. نە یەک و نە دوان، دەیان فڕۆکە کە ئاگریان دەباراند بە ئاسماندا دەسوڕانەوە. خواستیان دەستبگرن بەسەر چیای خوداوەندەکاندا و گڵاوی بکەن. لەهەموو شوێنێکەوە بۆمبایان دەهاوێشت. ئەوەندەیان هاوێشت، کە رووی خانتوور گۆڕا. بێگومان بۆ کوردێک ئەو دیمەنە نامۆ نییە. خۆی لە خۆیدا هەموو رۆژێک گەلی کورد ئەو سەپاندن و تاوانانە دەبینێت و دەبێتە قوربانیی، بەڵام ئەوەى ئازاراوییە دواتر روودەدات.
سەربازە زیڕەکردوو و ترسنۆکەکان روویان کردە خانتوور و دەستیان بە کێوماڵ کرد، بەڵام رۆڵەکانى ئەم خاکە دایکی خۆیان جێنەهێشتبوو، چاوەڕێ بوون، هەر چۆن ئەوانیان بینی لێیان دان. سەربازەکان هەر وەک مشک نەیان دەزانی خۆیان بخەنە چ کونێک و چۆن خۆیان بشارنەوە. یەک بە یەک بە دوای یەکدا رایاندەکرد. ئەوانی تریش لە دڵی خۆیاندا دەیانوت "ئەوە چ قیامەت و دۆزەخێکە بەسەرماندا هات. خۆ چەندین کاتژمێر ئێمە بۆردومانمان کرد، ئەوانە لە کوێوە هاتن، باشە ئەمە خەونە". ئەو شەوە بەو شێوەیە دەستی پێکرد و رۆژانی دواتر داستان لەسەر داستان تۆمار کرا. تاکتیکی داگیرکەران، کە سەرەتا بە تەکنەلۆژیا لە شوێنێک دەدەن و دواتر خۆیان بەربدەنەوە بۆ شوێنەکە، ئیدی وەک پێشتر سەرکەوتو نابێت. ئیدی کات و باوی ئەوە بە ئافرێنەری و ئیرادە و ورەی گەریلا، بە دەستە چەکهەڵگرتووەکانەوە دیاری دەکرێت.
ئارین یەکێک لەو گەریلایانە بوو. ئەو و چەند هەڤاڵی خۆیان ئامادە کرد بۆ ئەنجامدانی چالاکی. بە چەک و رەخت و بە هۆشیارییەوە روویان کردە شوێنی چالاکییەکە. لەسەر خاکی حەفتانین هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێش دەچوون. هەر کە رێیاندەکرد هزری پاراستنی وڵات بەسەر رووخسار و مێشکیاندا سەروەر دەبوو. دوای ئەوەى لە دوژمنەکەیان نزیک بوونەوە چالاکیی خۆیان ئەنجامدا و ئەو ئەنجامەى کە دەیانخواست بە دەستیان هێنا، بەڵام ئەمجارە دوژمن خۆی بە هەموو شوێنێکدا بڵاوکردبووە و خواستی بیانخاتە تەڵەوە. ئەو دەستە گەریلایە ئاشنای شێوازەکانی دوژمن بوون و بۆیان نامۆ نەبوو، بە شێوەیەکى سەرکەوتوانە پاشەکشەیان دەکرد. بەڵام بۆ ئەوەى خۆیان بپارێزین خۆیان بڵاوە پێکرد. لە ئەنجامدا ئارین دەکەوێتە شوێنکی تەنگ و عاسێ. لە ناکاو دەنگێک دێت. ئەو دەنگە لەلای دوژمنەوە دێت، بەڵام بە زمانێک کە ئارین لێی تێدەگات و دەنگەکە نزیک دەبێتەوە. ئەو دوژمنە بە کوردی قسەى دەکرد و دەیوت "وەرە خۆت رادەست بکە، هیچ زیانێکت پێ ناگەیەنین. ئێمەش کوردین". ئارین لەوە تێگەیشت ئەوان جاش و جەردەوانن، کە بەشدارییان لە ئۆپراسیۆنەکەدا کردووە. رق و نفرەتی ئارین زیاتر دەبێت. لە ئەنجامدا توانیبوی خۆی لە دەستیان رزگار بکات و خۆی لە رووە سەخت و عاسێکەی خانتوور رزگار بکات.
ئارین دوای ئەوەى بە سەلامەتی گەیشتەوە لای هەڤاڵەکانی باسی ئەو رووداوەى بۆ هەڤاڵەکانی کرد و وتی "من لە ناکاو دەنگێکم بە کوردی بیست، کە داوای خۆ بە دەستەوانی لێدەکردم. ئەو دەنگە زۆر قێزەون و پیس بوو. لە هەموو بەها و نرخەکانی مرۆڤایەتی دوور بوو. دەنگی خیانەت بوو".
ئارین و هەڤاڵەکانی دەیانزانی جاش و جەردەوانە خۆفرۆشەکان لەو ئۆپراسیۆنەدا بەشدارن، بەڵام بابەتێکى زۆر ئازاراوی بوو، کوردێک ببینێت، کە بە کوردی داوا لە ژنێکی کورد دەکات لە شۆڕش و ئازادی دوور بکەوێتەوە. ئەو مرۆڤانە کێن ئەوەندە لە دژی ئازادیی خۆیان و گەلی خۆیان دەوەستنەوە. باشە مرۆڤ هەیە ئەوەندە لە بوونی خۆی نفرەت بکات. بەڵێ ئەوە راستییەکە و چیرۆک نییە. گەلی کورد چەند هێڵی بەرخودان بەڕێوە دەبات، بەڵام هەندێک مرۆڤی نەزان، گەمژە و هاوکاری دوژمن هەن، کە تاوەکو ئێستا بڕوا بە دوژمنەکەى خۆیان دەکەن و لە دژی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد دەوەستنەوە. جاشایەتی و جەردەوانی بووەتە برینێک لە ناو کورداندا و هەر چەندیش کەم بن، دیسانەوە رۆڵی رێگر و لەمپەر دەگێڕن.
ئەمڕۆ ناوی حەفتانی بووەتە ناوی بەرخودان و قارەمانی. ئەوە زیاتر لە ساڵێکە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەوڵ دەدات حەفتانین داگیر بکات، بەڵام تیایدا سەر ناکەوێت. ئیدی سوپای تورک هێزی ئەوەى نەماوە، کە بەرخودانی گەریلا رابوەستێنێت. ئەو سوپایە بە هۆی گورزی گەریلاوە هیچ سیستمێکی پێوە نەماوە. بەو بەرخودانە کە ئێستا بەڕێوەدەچێت ئەو سوپایە تێکشکاندنێکی مێژووی تووش دەبێت، کە هیچ کات و هەرگیز ناتوانێت لە یادی بکات. خۆی هەر لەبەر ئەو راستییە، کە جاش و جەردەوان و ئەو سوپایە کە بە پارە شەڕی بۆ دەکەن داوەتە پێش خۆی. ئەمڕۆ دەوڵەتی تورک لە رێگەى چەند کوردێکى خۆفرۆشەوە خۆی لەسەر پێ راگرتووە، بەڵام ئەوە بەردەوامیی نابێت. ئیدی کاتی ئەوەیە، ئەو جاش و جەردەوانانەى تاوەکو ئیستا بەشداری ئۆپراسیۆنەکان دەبوون و دەستیان بە خوێنی گەریلا سوور کردبوو، پاشگەز ببنەوە. ئاوڕ لە خۆیان بدەنەوە و هۆشیار بن، بەڵام ئەگەر ئەو راستییە نەبینن، هەر وەک گەریلا دەڵێت، ئەوا کۆتاییان بە دەستی گەریلا دەبێت. بە دڵنیاییەوە مێژووش لە لیستی نەفرەتلێکراواندا دەیانکاتە ئەو کەسانەى کە لە پێشی پێشەوەن. دایکی کوردستان ئەوان لە خۆی بێبەری دەکات و لە مێژوودا هیچیان بۆ نامێنێتەوە، بەڵێ ئیدی کاتی هاتووە.
ژ.ت