ئەوانەی دەنگیان بە ئاکەپە دابوو، لێى دووردەکەونەوە و دەنگ بە هەدەپە دەدەن

باشاران پەرلەمانتاری هەدەپە لە ئێلح رایگەیاند، هاوپەیمانیی ئەردۆغان لەگەل مەهەپە لەسەر بنەمای دوژمنایەتیکردنی کورد دروست بووە و بە بەردەوامی سووکایەتی بە شکۆی گەلی کورد دەکەن. وتیشی، ئەوانەى دەنگیان بە ئاکەپە دابوو، ئیتر دەنگ بە هەدەپە دەدەن.

جێگری هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان 'هەدەپە' و پەرلەمانتاری ئێلح عایشە ئاجار باشاران رایگەیاند، هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ی پووشپەڕ ڕێگا لەبەردەم ئەنجامی سەرنجڕاکێش دا دەکاتەوە و وتیشی "ئەو ئەنجامە سەرنجڕاکێشە لە ئێلح-یش روودەدات. سەرەڕای ئەوەی تەواوی فەرمانگە و ناوەندە حکومییەکان بۆ ئاکەپە کار دەکەن، فشاری سەخت دەکرێتە سەرمان و لەناو دۆخی نائاسایی وڵاتدا خەبات دەکەین، بەڵام ئێمە بە جۆش و خرۆشێکی گەورەوە پیشوازیمان لێ دەکرێت".

ئایشە ئاجار باشاران راشیگەیاند، ئاکەپە بەهۆی ترسی لەناوچوون و بۆئەوەی خۆی ڕزگار بکات، هەوڵ دەدات هەدەپە بەربەستی سەدا ١٠ بەدەست نەهێنێت و وتی "ئەردۆغان بە روونی و بە ئاشکرا فەرمان دەدات، کە هەدەپە لە ژێر بەربەستی سەدا ١٠ بهێڵنەوە. ئەگەر هەدەپە بەربەستی سەدا ١٠ تێبپەڕێنێت، ڕێژەی ئەو کورسییانەی کە ئەوان بە دەستی بهێنن بە زیادەوە دەگاتە ٢٧٦. بۆیە ئەوکات هێزی ئێمە دەبێت کە سەروەریی پەرلەمان بگۆڕین. هەر لێرەش هەموو کەس تێدەگات، کە فرت و فێڵ لە هەدەپە دەکرێت. میدیاکان گەمارۆیان خستووینەتە سەر. فشار و ستەمی گەورەمان لێ دەکرێت، بەڵام ئەو هێزەی کە بارودۆخی پەرلەمان دیاری دەکات، لەدەستی هەدەپەدایە. ئەوەش شتێکە کە هەموو کەس دەیزانێت".

ئێمە بە بڕوابوون بە گەلەکەمان لەسەر پێین

ئایشە ئاجار باشاران جەختی لەوە کردەوە، ئەو زیهنییەتەی قەیومی داسەپاند، ئێستاش دەیەوێت هەدەپە لەژێر بەربەستی سەدا ١٠دا بهێڵێتەوە و بەو هۆیەشەوە خۆی ڕزگار بکات، وتیشی "وەهای نیشان دەدەن، کە هەموو چالاکیەکانمان قەدەغەن و هێرشمان دەکەنە سەر. دەسەڵاتدارێتیی ئاکەپە لە پراکتیکدا پارتەکەمانی داخستووە، بەڵام ئێمە بە ئیرادەی گەلەکەمان لەسەر پێێ خۆمان راوەستاوین. لەسایەی بڕوابوون بە گەلەکەمانەوە ئێمە لەسەر پێین. ئەگەرنا هیچ پارتێک ناتوانێت خۆی لەبەرامبەر هێرشی بەم شێوەیەدا ڕابگرێت. دەسەڵاتداریش لەبری ئەوەی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن کار بکات، کار بۆ ئەوە دەکەن کە ئێمە بەربەستی سەدا ١٠ تێنەپەڕێنین".

گەل کار بۆ هەڵبژاردنەکان دەکات

باشاران ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ زۆر و زەحمەتی ئەم قۆناغەشدا، جۆش و خرۆشیش زۆر زۆرە و وتی "گەلەکەمان بۆ خۆی، لە گەڕەکی خۆی، لەلای دراوسێکانی خۆی، لە دوکانەکان، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاری باش بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان دەکەن. برینەکانی جزیر، سوور و شارەکانی تری هاوشێوە، لە دڵی گەلدا هێشتا تازەن و بە ئازارن. گەل بۆ ئەوەی لەو زۆردارییە ڕزگاری ببێت دوعا دەخوێنێت و وێنەی دەمیرتاش بە ماڵەکانیاندا هەڵدەواسن".

ئاکەپە و ئەدۆغان بۆ دوژمنایەتیکردن لەگەڵ کورد دا خۆیان کرد بە هاوپەیمانى مەهەپە

باشاران سەرنجیشی خستە سەر هەڵوێستی ئەردۆغان لەدژی کوردان لە بەشەکانی تری کوردستان و مەسەلەی کەرکوک و عەفرین، کە بۆ گەلی کورد زۆر قورسن و وتی "هاوپەیمانیی ئاکەپە - مەهەپە، هاوپەیمانێتیەکە لە دژی کورد. ئاکەپە لەگەڵ پارتێکدا کە کوردان قەبوڵ ناکات و دەڵێت 'کورد بوونی نییە' هاوپەیمانیی پێکهێناوە. سەربارى ئەوەش دەوێت بەو هاوپەیمانێتییەی لەگەڵ مەهەپە هێشتا دەنگی کوردان بەدەست بهێنێت. ئەو کوردانەی، کە پێشتر دەنگی خۆیان نەدا بە هەدەپە، ئەمە قەبوڵ ناکەن و دەڵێن 'ویژدانی ئێمە ئەمە قەبوڵ ناکات و ئێمە دەنگی خۆمان نادەین بە ئاکەپە، بەڵکو ئەمجارە دەنگی خۆمان دەدەین بە هەدەپە'."

ر.م