تا دەچێت ئاڵۆزیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مێدیای هەر دوولا و لەزاری ڕایەدارانەوە ڕۆژ بەڕۆژ تۆختر و توندتر دەبنەوە، بەڵام لە باس و خواسی دانوستاندن و گفتوگۆدا گومانی دانیشتنی ژێر بەژێری هەردوولاش دەوروژێت. بۆیە خۆدانە پاڵ یەک تەرەفی هاوکێشەکە بە نیسبەت هێزە ئۆپۆزسیۆن و ئازادیخوازەکانەوە نەک هەر هەڵە، بەڵکو فریو خواردن و ناسیاسی بوونی ئەو لایەنە ڕۆشنتر دەکاتەوە.
تەڤگەری ئازادیخوازی کوردستان و هێزە ئاپۆیستیەکان لەهەموو بەشەکانی کوردستان بە پەیڕەو کردنی ڕێبازی هێڵی سێهەم توانیویەتی سیاسەت و ستراتیژی خۆی بۆ هەموو لایەک ڕوون بکاتەوە. (هێڵی سێهەم) نەک تاکتیک بەڵکو ستراتیژ و پرەنسیپێکی دەست لێ بەرنەدراوی تەڤگەرو حیزب و ڕێکخراوە ئاپۆچیەکانە لە سەرانسەری جیهاندا کە بۆ ئێرانیش بەهەمان شێوەو بە گرتنە بەری ئەم ڕێبازە کۆششی جدی دیموکراتیزاسیۆن و گەڕانەوەی ئیرادە بۆ گەل و بوون بەهێزێکی کاریگەری هاوکێشە و گۆڕانکارییەکان دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا کە زۆرینەی هێزە جیهانییەکان لەهەوڵی ئەوەدان تەڤگەری ئاپۆیی لەبەرەی خۆیاندا ناودێر بکەن.
هاوکات هێزی هەرێمی ستاتۆپارێزی ناوچەیی وەک ئێران، بە ئیلهام وەرگرتن لە دیکتاتۆریەت، خۆسەپاندن، نەژادپەرستی و مەزهەب گەرایی دەیهەوێ هەڵوێستەکانی حەرەکەتی ئاپۆیستی لە ڕۆژهەڵاتی کۆردستان و ئێران چەواشە بکات و پەژاک لەبەرەی کاپیتالیزمدا پێناسە بکات.
لەلایەکی تریشەوە چەندین هێزی کوردی و کەسایەتی لۆمپەن هەن کە هەر ڕۆژ لە کاسەیەکدا ئاو دەخۆنەوە و زۆرترین هەوڵ دەدەن و زۆرترین وزەی خۆیان بۆ ڕەشکردن و بەلاڕێدا بردنی حەرەکەتی ئاپۆیستی سەرف دەکەن و بێ هیچ سڵەمینەوەیەک کەوتوونەتە چاندنی تۆوی ناکۆکی دروستکردن و تۆمەت بەخشینەوە.
بەڵام لە ڕوانگەی تەڤگەری ئازادیخوازی کوردستانەوە پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی، ئیداری، فیکری، ئایدیۆلۆژی، ڕێکخستنی، سەربازی و …و وەک نرخێک دەبینرێت و پەیوەست بەڕێبازی شەهیدانەوە هەڵدەسەنگێندرێت، بۆیە بە گوتنی چەواشەکارانەی ڕژێم یان پارت یان کەسێک بزوتنەوەی ئازادیخوازی ناوروژێت و کاردانەوە نیشان نادات و پاراستنی هێڵی سێهەم لە گوتن و کرداردا دەسەلمێنێت و ئەو بەرچەسپانە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر پێداگری خەباتی دیموکراتیانەو چەسپاندنی مافە بنەڕەتیەکان ناکات.
لەماوەی ڕابردوودا پارتی ژیانی ئازادی کوردستان / پەژاک، کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان / کۆدار و کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان/ کەژار، پڕۆژە و پلاننامە و نەخشەڕێگای جیاواز و هاوبەشیان بۆ دیموکراتیزە کردنی ئێران لە چوارچێوەی خەباتی هەمەلایەنە و یەکێتیی و یەکڕیزی پارت و لایەنە سیاسییە کوردییەکان و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی پێشکەش کردووەو دەستیان لەسەر برین و چارەسەریەکان داناوە.
لەهەمانکاتیشدا تێکۆشانی ئازادیخوازانەی خۆیان بەلەبەرچاوگرتنی ڕەوش و قۆناغەکە و ڕاگرتنی هاوسەنگییە هەرێمی و جیهانییەکان بەردەوام کردووە و لەهەر بارودۆخێکیشدا و وێڕای هەر ئاستەنگیەک، بەردەوام دەبێت و هیچ کاتیش ناکەوێتە بەرەی هیچ کام لە لایەنە ناکۆک و بەشەڕهاتووەکان. چونکە حەرەکەتی ئاپۆیستی بەساڵانە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە هەرچەندەش بانگەشەی ئازادی و دیموکراسی دەکەن، بەڵام هێزە هێژموونگەرە جیهانییەکان بەدوای بەرژەوەندیەکانی خۆیان کەوتوون و ئامانجیان ڕزگاری گەلان لە جیهاندا نییە.
بۆیە پشتیوانی لە هێرش و پەلاماری هێژموونگەرا جیهانییەکان لەکاتێکدا خاوەن پڕۆژە بۆ ئازادی و مافی گەلان نین، غەفڵەت و خیانەتە لە بەهاو نرخی گەلانی ناوچەکەو هەروەها دەوڵەتانی ناوچەیی ستاتۆپارێزیش ڕۆژ بەڕۆژ برەو بە ستەم و داگیرکاریەکانیان دەدەن و بە بن پێ کردنی ئیرادە، مەعنەویات و خواستی گەلان دەیانهەوێت هاوکێشەکان ڕاگرن و درێژە بە تەمەنی پڕ لە خوێنڕێژی و زوڵم و ناعەدالەتییەکانی خۆیان بدەن. بۆیە پەژاک، کۆدار و کەژار، بەردەوام ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە نە فەرشی سوور بۆ داگیرکاری هێزە دەستێوەردەرە جیهانییەکان ڕادەخەن، نە حکومڕانی دەوڵەت-نەتەوە محافەزەکارەکانیش پەسەند دەکەن.
لە کاتێکدا کە ئەمریکاو هێزە دەستێوەردەرەکان و ئۆپۆزسیۆنی پاسیڤی ئێرانیش هەژارترین ساتەکانی تەمەنیان لە خستنەڕووی پڕۆژەی چارەسەری بۆ کێشەی گەلانی ئێران دەژین، نەخشەڕێگای تەڤگەری ئاپۆیی بۆ چارەسەری قەیران و پرسی گەلان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕەچاو کردنی تایبەتمەندی موزایکی نەخشەی ژیان و کەلتوری گەلانی ئێران، مۆدێرنترین و چڕ و پڕترین پڕۆژەی پێشکەش کراوە، کە دەسەڵاتی بەڕێوەبردن و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلان و پێشەنگایەتی ژنان بنەما سەرەکییەکانییەتی و ناوەرۆکێکی سروشتی نادەوڵەتی لەخۆ دەگرێت.
لەبەر ئەوە چاوەڕوانی لە هێزێکی وەک ئەمریکا کە جگە لەبەرژەوەندییە سەرمایەدارییەکانی خۆی هیچ شتێکی تری بۆ گرنگ نییە و هەر ساتێک ئەگەری ڕێککەوتنی لەگەڵ ئێران هەیە، جۆرێکە لە خۆش خەیاڵی و بێ دەربەستی، لەهەمان کاتیشدا ئەگەر شەڕێک ڕوو بدات بێگومان ئەنجامەکەی جگە لەماڵوێرانی و خوێنڕشتن و کاولکاری ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ گەلانی ئێران لێ بەدی ناکرێت کە وڵاتانی دەوروبەرمان نمونەی هەرە بەرچاوی ئەو شەڕە وێرانکەرانەن.
دەوڵەتی ئێران بە گواستنەوەی شەڕ بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆی ناتوانێ نکولی لە کێشە ناوخۆییەکانی خۆی بکات و ناتوانێ ڕای گشتی جیهانی بەلاڕێدا بەرێت و ئیدی هێزی شاردنەوە و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگای نەماوە و تەنانەت ناتوانێ پێش بە سەرهەڵدانەکانیش بگرێت، بۆیە بەگەڕانەوە بۆ چارەسەریەکی بنەڕەتی دیموکراتیانە دەتوانێ خۆی لە لەناوچوون و گرانترکردنی باری سەرشانی کۆمەڵگا بپارێزێت و باجی شەڕێکی دەسەڵاتدارانەش بە گەلانی ئێران و کۆمەڵگا نەدات.
ئێران دەیهەوێ بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەسەڵاتدارێتی خۆی بپارێزێت، لەوەش دڵنیاییە کە دۆخی قەیراناویی سیاسی، ئابووری، سەربازی و کۆمەڵایەتیی تورکیا و حیزبی ئاکەپە پێویستی بە هاوپەیمانێتی ئێرانە و داگیرکارییە بەردەوامەکانی تورکیا لە باشووری کوردستان بە پلەی یەکەم مەترسییە بۆسەر ئێران و کەم کردنەوەی هێژموون و قەڵەمڕەوی ئێران.
ئەگەر لەسەر ناوی دژایەتیی پەکەکە و تەڤگەری ئازادیخوازی، تورکیا هێزەکانی لەباشووری کوردستان جێگیر دەکات، ئەوا بە پێی پێوانەکانی ناتۆ، بەشێکی ئەو داگیرکارییانەی تورکیا بۆ دژایەتی و کورتکردنەوەی دەستی ئێرانە لە ناوچەکەدا، کە بێگومان ئێران خۆیشی ئەمە باش دەزانێت و سەرەڕای هەستکردن بەم مەترسییەش لە مژاری دژایەتیی کورد و حەرەکەتی ئازادیخوازیی گەلی کوردستاندا هاوپەیمانێتی لەگەڵ دەبەستێت.
تۆپبارانەکانی ئەم دواییەی ڕژێمی ئێران بۆ سەر چیاکانی ئاسۆس و هاوکات بۆردومانی چڕو پڕی فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک، لە دوای ترافیک و کۆمەڵێ دانیشتنی نهێنی دەزگای سیخوڕی تورکیا و هەندێ لایەنی کوردی باشوورو ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام درا کە ئامانج لێی تەنگ کردنەوەی بازنەی خەبات و گۆشەگیرکردنی حەرەکەتی ئاپۆییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەو چوارچێوەیەشدا درێژەدان و چڕکردنەوەی هەڵمەتی چەواشەکاری و ڕەشکردن لە ڕێگای مێدیا و ڕاگەیاندنەکانەوە دەدەن.
بۆیە گەلی کورد بە پلەی یەکەم و گەلانی ئێران بەگشتی پێویستە زۆر بە هۆشیاری مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناغەدا بکەن و ئەو هەڵمەتە ڕاگەیاندنییە کاریگەرییان لەسەر نەکات و نەکەونە ژێر کاریگەریی شەڕی دەروونیی دەزگا و ناوەندەکانی شەڕی تایبەتەوە. هەروەها بەرامبەر جموجوڵەکانی ڕژێمی ئێران وریا بن و سیاسەتی برسیکردن وایان لێ نەکات بکەونە بەرەی دوژمن و دژە گەلەوە. هەرچەندەی دەتوانن خۆیان لەسەر ڕۆژەڤ و دۆخەکە حاکم بکەن و هەوڵی خوێندنەوەی ڕاستی هەلومەرجی سیاسی و سەربازی ناوچەکە بدەن و لە تۆڕ و داوی سیخوڕ و بەکرێگیراوان خۆ بپارێزن و لێ نەگەڕێن نرخ و بەهاکانیان پێشێل بکرێت و وڵاتپارێزان، ژنان و لاوان ئاستی زانستی خۆیان پێش بخەن و بەو ناسین و بڕوایەی لەسەر حەرەکەتی ئازادیخوازی هەیانە، هێڵی سێهەم و پڕۆژەکانی حەرەکەت و نەخشەڕێگای چارەسەری بە بنەما بگرن و بیدەنە ناساندن بە ئەندامانی کۆمەڵگا لەهەر گەل و نەتەوەو پێکهاتەیەک هەن. ئەمە باشترین چارەسەری و خۆ دوورگرتنە لە شەڕ و پێکدادان و بەو شێوەیە کۆمەڵگای ئێران دەتوانێ دەستی بە مافەکانی خۆی بگات و بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە بیان پارێزێت.
****
****
ر.م