هێرشە داگیرکەرییەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر کوردستان بەردەوامیی هەیە. گەریلای یەژاستار لۆرین ئاندۆک شیکاریی بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و بەرخودانی گەریلا کرد. لۆرین ئەوەى بیرخستەوە، کە گەلی کورد لە قۆناغێکى گرنگدایە و وتی "بە گۆشەگیرکردنی رێبەر ئاپۆ دەیانەوێت پەیوەندیی لەگەڵ گەلدا بپچڕن، چونکە پێشبینییەکانی رێبەر ئاپۆ راستیی دوژمن لە هەموو روویەکەوە دەخاتەڕوو.
دەوڵەتى تورکی داگیرکەر دەیەوێت کوردان لەناو ببات و بۆ ئەوەش هێرش دەکاتە سەر هەموو شوێنێک. بە تایبەتی پرۆژەیەکى گەورەیان هەیە بۆ ئەوەی باشووری کوردستان داگیر بکەن. ئەو پرۆژە داگیرکەرییە لە ساڵانی ١٩٩٠ەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامیی هەیە. ئێستا لە هەرێمی حەفتانین گەریلا بەشێوەکى بێ هاوتا لە دژی هێرشەکانى دەوڵەتی تورک بەرەنگاری و بەرخودان دەکات. ئەو بەرخودانە نەک تەنها لە دژی هێرشەکانە، بەڵکو هاوکات بەرخودانی پاراستنی خاکی باشوری کوردستانە.
دەوڵەتى تورک دەیەوێت داگیرکەریی خۆی لە باشووری کوردستان بەرفراوان بکات. گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستاریش گورزی قورس لە دوژمن دەدەن. دوژمن بە بەردەوامی سەربازەکانى لە هەرێمەکەدا جێگیر دەکات، بەڵام لە هەموو شوێنێکدا دەبنە ئامانجی هێرشی گەریلا، چونکە بەرخودانی گەریلا بەرخودانى قارەمانییە. با هەموو کەس ئەوە بزانێت، کە ئێمە رێگا بە داگیرکەریی دەوڵەتى تورک نادەین، ئەوان ناتوانن لە کوردستاندا بە ئاسانی بجوڵێنەوە. حەفتانین دەبێتە گۆڕستانیان".
'شەڕی تایبەت بەرێوە دەبەن'
گەریلا لۆرین ئاندۆک وتی "هەندێک لایەن دەڵێن، 'گەریلا لە باشوورن، بۆیە دەوڵەتى تورک هێرش دەکات'. ئەوە دوورە لە راستییەوە. داگیرکەر بە شەڕی تایبەت هەوڵ دەدات کەشێکى لەو شێوەیە دروست بکات. دەوڵەتى تورک لە رێگەى پروپاگەندەی درۆوە هەوڵ دەدات هێرشەکانى خۆی رەوا بکات. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانیان لەناوبردنی دەستکەوتەکانى باشووری کوردستانە. هەروەها سیاسەتی سوتاندن و کاولکردنی گوندەکان و ئاوارەکردنی گەل کە لە باکووری کوردستان بەڕێوەبرد، دەیەوێت لە باشووری کوردستانیش بەرێوەی ببات، چونکە کاتێک مرۆڤیک لە خاکەکەی دوور بکەوێتەوە، ئەو کاتە لە بەها مێژووییەکانی خۆیشی دوور دەکەوێتەوە.
ئێستا چەندین گوند لە باشووری کوردستان چۆڵکراون. دەبێت ژنان و گەنجانی باشوور لە دژی ئەوە بوەستنەوە. ئەم گەلە بشکوژرێت و لە خاکی خۆیشی دەربکرێت دەست لە بەرخودان بەرنادات. ئێمە لەو دەورەیەکداین، کە ئەم بەرخودانە بە پێشەنگایەتیی ژنان و گەنجان هەموو کات بە زیندووی دەمێنێتەوە و ناڕەزایەتیی بەهێز لە دژی دوژمن دەخرێتەڕوو".
'دەبێت گەنجانی باشوور خاوەنداری لە خاکی خۆیان بکەن'
گەریلا لۆرین ئاندۆک باسی ئەوەیکرد، دەوڵەتى تورک لە هێرشە داگیرکەرییەکانیدا قورسایی خستووەتە سەر تەکنەلۆژیا و وتی "دوژمن لە زەوییەوە ناتوانێت لە بەرامبەر گەریلادا شەڕ بکات. ئەوەش نیشانی دەدات، کە هێزیان نەماوە. دەوڵەتى تورک لە هەموو ئەو شوێنانەدا کە داگیری دەکات، دەکەوێتە ژێر گورزی بەرخودانی گەریلا. سەرباری توانای تەکنەلۆژێکیان، بەڵام لە بەرامبەر گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستاردا بێچارەبوون. سەدا ٩٥ی شەڕەکەیان شەڕی دەروونی و سایکۆلۆژییە.
هەموو رۆژێک دەڵێن، 'کۆتایمان پێهێنان، کۆتایمان پێهێنان' بەڵام ئەوان بۆ خۆیان لە بەرامبەر بەرخودانی گەریلادا کۆتاییان پێدێت. دوژمن لە دژی کوردان سیاسەتی 'پارچە بکە، بەرێوەی ببە' دەکات. هەروەها جاشایەتی و سیخوڕی دەسەپێنێت، چونکە دەزانێت بە هیچ شێوەیەکى تر ناتوانێت ئەنجام بەدەست بهێنێت. دوژمن لە هەموو ئۆپراسیۆنەکاندا جاشەکان دەداتە بەرخۆی. پێویستە جاشەکانیش ئەو دۆخەی خۆیان ببینن و بگەڕێنەوە سەر راستیی خۆیان و دەست لە هەڵەکانیان هەڵگرن. دەبێت هەموو کەس بەرامبەر بە سیاسەتەکانى دوژمن هۆشیار بێت.
گەریلا هەموو رۆژێک لە دژی دوژمن داستان تۆمار دەکات. گەلی کورد لە هەموو شوێنێکدا بەرەنگاری دەکات. داوای من لە گەنجانی باشووری کوردستان ئەوەیە، کە خاوەنداری لە خاکەکەی خۆیان بکەن و ناڕەزایەتیی بەرامبەر دەوڵەتى تورک و نۆکەرەکانی نیشان بدەن. بۆ ئەوەش دەبێت کۆمەڵگەى کورد ببێتە یەک. گەلی کورد خۆی لە قوربانیدان بۆ ئازادیی ناگەڕێتەوە و بە دڵنیاییەوە سەرکەوتن بۆ گەلی کورد دەبێت".
ژ.ت