باوکی شەهید مەزڵوم:شەهید مەزلوم سەرمانی بەرزکرد و شانازی دەکەین کە خاوەن شەهیدین

لەشاری کەرکوک یەکەم ڕۆژی پرسەی شەهید ئیبراهیم حەبیب ناسراو بە مەزڵوم دۆغان بەڕێوەچوو، باوکی شەهیدیش ڕایدەگەیەنێت: شانازی بە شەهیدبوونی کورەکەمەوە دەکەم.

شەهید ئیبراهیم حەبیب ناسراو بە مەزڵوم دۆغان، لە ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە لەبەرخۆدانێکی قارەمان و شکۆمەندانە دژی داگیرکەری دەوڵەتی فاشستی تورک و چەتەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان شەهیدبوو، لە مەراسیمێکی شکۆدار تەرمی پیرۆزی شەهید ئیبراهیم حەبیب لە گۆڕستانی ڕەحیماوا بەخاکسپێردرا. لە شاری کەرکوک یەکەم ڕۆژی پرسەکەی بەڕێوەچوو لە گەڕەکی پەنجا عەلی لە مزگەوتی روناکی.

دەربارەی کورەکەی حەبیب مەولود باوکی شەهید ئیبراهیم حەبیب ووتی: "ئیبراهیمی کوڕم جەنگاوەر و قارەمان بوو، کاتێک کورەکەم ماڵئاویی کرد ووتی' من لە پێناو ئەم خاکە ئەرۆم تا بەرگری لە کوردستان بکەم'، شەهید ئیبراهیم خۆشەویستی هەموو خەلک بوو بۆ ئێمەش سەربەرزیە و شانازی دەکەین کە خاوەن شەهیدێکی وەکو ئیبراهیمین."

لە پەیامی خۆیدا باوکی شەهید ئیبراهیم حەبیب ووتی: "داوا لە گەلی کورد دەکەم یەکبگرن و پشت لە یەک نەکەن چونکە دەبینین کە چۆن دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان گەلەکەمان کۆمەڵکوژ دەکات و چەکی قەدەغەکراو بەکار دێنێت بۆ لەناوبردنی گەلی کورد."

هەروەها دەربارەی فشار خستەنە سەر تورکیا لەلایەن باشور باوکی شەهید ووتی: "تورکیا پارە و نەوتی باشور بەکاردێنێت بۆ کوشتنی کوردان و پشتگیری کردنی داعش، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکەکەی دەکەم کە هیچی تر ڕێگە نەدات نەوت بچیت بۆ تورکیا بەس یارمەتی تورک بدرێت، تورکیا وا ماڵمانی کاول کرد بە پارەو نەوتی باشور، هەموو پارو نەوتی باشور بەکاردێت بۆ کرینی تۆپ و فرۆکە و بەکاردێت دژی کورد."

باوکی شەهید داوای لە گەلی کورد کرد وشیاربن لەو داگیرکاریانەی کە روو لە باشور دەکات و ووتی: "سوپای تورکیا لە هەوڵیر بوونیان هەیە وا بەرەو کەرکوکیش دێن وا خەریکە باشوری کوردستان بەتەواوەتی داگیر بکرێت، بەهۆی هێرشی دەوڵەتی تورک گوندەکان چۆلکران و سوتێندرا و کاول کرا، بەسە ئیتر نابێ یارمەتی تورک بدەین."

لەکۆتایدا باوکی شەهید ئیبراهیم حەبیب ووتی: '' زۆر بەداخەوە دەوڵەتی تورک بەناو ئیسلامەوە بەچەکی فسفۆری سپی قەدەغەکراو مندالی بێ تاوان دەسوتێنێت."

ف.ق