بولدان: ئەگەر کۆتایی بە گۆشەگیری نەیێت رووداو و قەیرانی گەورە دێنە ئاراوە

پەروین بولدان هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە جەختی کردەوە، ئەگەر کۆتایی بە گۆشەگیری نەیێت، قەیران و رووداوی گەورە روودەدەن و وتی:" ئاکەپە-پەمەهە بۆ ئەوەی بەردەوامی بدەن بە فاشیزم، بەردەوامن لە سیاسەتی گۆشەگیریدا.

پەروین بولدان هاوسەرۆکی گشتی پارتی گەلانی دیمۆکراتیک-هەدەپە لە بارەی پلانگێری نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات کە لە دژی رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئوجالان بەڕیوە چوو، هەروەها گۆشەگیریی ئیمراڵی، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد.

'پلانگێری سەرکەوتوو نەبوو'

بولدان تیشکی خستە سەر ئامانجەکانی پلانگێرییە نێودەوڵەتییەکە و وتی:"سەرەتا ویستیان بە تایبەت نەخشەی سوریا و بە گشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕن. ویستیان تورکیا ببەستنەوە بە سیستمی دەسەڵاتداریی نیودەوڵەتییەوە و ویستیان بە دەستپێکردنی شەڕی کورد-تورک و کورد-عەرەبدا گەلانی ناوچەکە قڕ بکەنەوە و تێکۆشانی ئازادی و ئاشتی و دیمۆکراسی گەلی کورد، لەناو بەرن.

لە چوارچێوەی پلانگێری ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ پلانیان ئەوە بوو، لە تورکیا شەڕی کورد-تورک دروست بکەن، بەڵام بەڕێز ئوجالان بە ئیرادە و هەڵوێستی ئاشتیانە و چارەسەرخوازانەی خۆی، رێگای لەم کارەساتە گرت. هێڵی ئاشتی ئیمراڵی بوو بە پردێک لە نێوان گەلاندا. ئوجالان بە پرۆژەی ئاشتی، هەم لە تورکیا و هەم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو بە گەورەترین هێزی چارەسەری.

هاوکات پلانگێران پلانیان دانابوو، ئیرادەی سیاسی گەلی کورد و کێشەی کورد لە بار بەرن. بەڵام ئەم ئامانجەیان سەرکەوتوو نەبوو. بە پێچەوانەوە، گەلی کورد بە هۆشمەندییەکی گەورەی سیاسی و بە بڕیارەوە، تێکۆشانی ئاشتی و دیمۆکراسی بەڕیوە برد و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت لە تورکیا گۆڕدرا بۆ هێزێکی گەورەی گۆڕانکاری و دیمۆکراسی."

'پلانگێری لە چوارچێوەی بەردەوامیدان بە گۆشەگیری، بەردەوامە'

پەروین بولدان رایگەیاند، پلانگێرییە نێودەوڵەتییەکە لە ئێستادا لەگەڵ توندکردنی گۆشەگیریی ئیمرالی بەردەوامە و وتی:" بە داخستنی دەرگاکانی ئیمرالی، هەوڵ دەدەن داواکاری گەلان بۆ ئاشتی و ئازادی و دیمۆکراسی، گۆشەگیر بکەن. دیمۆکراسی گۆشەگیر کراوە. داد و یەکسانی گۆشەگیری کراون. بۆیە کۆتاییهێنان بە گۆشەگری و کردنەوەی دەرگاکانی ئیرالی بۆ دانوستاندنەکانی دیمۆکراسی و لەناوبردنی پلانگێرییەکە، ئەرکێکی ناچار و مێژوویی ئێمە و هێزە دیمۆکراتەکان و کۆمەڵگای دیمۆکراتیکە."

'ئەگەر گوێیان لە ئوجالان گرتبا، بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیاوازتر دەبوو'

بولدان لە بەردەوامی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر پێشبینییەکانی ئوجالان لە بارەی بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وتی:"ئەگەر قۆناغی دیالۆگ کە لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٣-٢٠١٥ دەستی پێکردبوو، لە لایەن دەسەڵاتەوە کۆتایی پێ نەهێندرابا و چارەسەری کێشەی کورد بە رێگای دانوستاندن و هەنگاوی ئاشتیانە رێگری لێ نەکرابا، ئەگەر گوێیان لە بەڕێز ئوجالان گرتبا، ئەو کات بە کەشوهەوایەکی ئاشتیانە و هێزی چارەسەری، شنەبای دیمۆکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت لە سوریا دەنگی دەدایەوە. ئەگەر قۆناغی چارەسەری بەردەوام بوایا، رێنوێنییەکانی چارەسەریی سەدەی نوێی بەڕێز ئوجالان و قۆناغی دیمۆکراسی لە تورکیا و سوریا و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەگۆڕدرا بۆ بەهاری دیمۆکراسی گەلان. ئەوسا تورکیا وەک ئێستا نەدەبوو بە لایەنێکی شەڕ لە سەر خاکی سوریا. لە بارودۆخیکی وەها دا نەدەبوو بە هاوکار و پشتیوانی چەتەکان. لە سوریا خوێن نەدەڕژا. قۆناغی سوریای دیمۆکراتیکیش دەستی پێدەکرد. زلهێزەکان، کە دەیانەوێت لە سوریا و ناوچەکە دەسەڵاتداری خۆیان بسەپێنن، چارەسەری دیمۆکراتیکیان لە دەرەوەی هاوسەنگییەکە هێشتەوە و سیاسەتە شەڕانگێزییەکانیان لە ناوچەکە سەپاند. ئەقلی دەوڵەت و دەسەڵاتداریش لە تورکیا پێشوازی لەم سیاسەتە کرد و دواڕۆژی خۆیان لە سیاسەتی شەڕدا بینییەوە.

بەڕێز ئوجالان دوای ئەوەی لە ٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٨ بە پلانگێری نیودەوڵەتی ناچار کرا لە سوریا بچێتە دەرەوە، هێزە پلانگیرەکان لە ئێستادا ئەسپەکانیان لەوێ تاو دەدەن. چارەسەرنەکردنیان لە سوریا سەپاندن. لە وێوە بۆ سەرتاسەری ناوچەکە بڵاوەیان پێکرد کە تورکیاش لە ناویدایە. بلۆکی ئاکەپە-مەهەپە تەنها بۆ ئەوەی کورد نەتوانێت بەڕێوەبەرییەک دروست بکات و لە سوریا نەتوانێت نوێنەرایەتی ئیرادەی خۆی بکات و لە ناوخۆی سوریا داوای چارەسەرییەکی دیمۆکراتیک نەکات، باوەشی بۆ ئەم سیاسەتە نێودەوڵەتییە کردەوە. بەڵێ، گەلی کورد و گەلانی سوریا قوربانی گەورە دەدن لەو شەڕەدا. بەڵام گەلانی تورکیاش قوربانی گەورەیان دا و تا ئێستاش قوربانی دەیدەن. هەموو رۆژێک لە ئیدلبەوە تەرم دەگەڕینەوە. ئەمەش ئەنجامی چارەسەرنەکردنەکەیە."  

'ئەگەر کۆتایی بە گۆشەگیرییەکە بهێندرێت، لە ماوەی تەنها ١٠ رۆژدا کەشوهەوای سیاسی دەگۆڕێت'

بولدان تیشکی خستە سەر ئەوەی، یەکێکی دیکە لە مەترسییەکانی چارەسەرنەکردن، ئەوەیە کە میکانیزمی کودەتا لە ئارادە هەیە و وتی:"سیاسەتی گۆشەگیری، سیستمێکی وایە کە بۆ ئەوەی چارەسەرنەکردن لە سەرتاسەری ناوچەکە بڵاوەی پێبکەن، هێنراوەتە ئاراوە. گەورەترین رێگری کە لە ئێستا دا ناهێڵێت لە سوریا ئاشتی بەدی بێت، گۆشەگریی و سیاسەتی چارەسەرنەکردنە کە بە توندکردنەوەی گۆشەگرییەکە، بەڕێوە دەبڕێت. تورکیا گیری خواردووە. پێشبینییەکانی بەڕێز ئوجالان راست دەرچوون. دەسەڵاتی دۆلما باخچە لە ئیدلب و لیبیا ژێر دەکەوێت. ئێستا بەهۆی ئەوەی لە گەڵ ئوجالان دیالۆگ قبول ناکەن، رۆژێک لە مۆسکۆ یە، رۆژێکی دیکەش لە واشنتۆنە. رێگای چارەسەری دیارە. چارەسەری بریتییە لە کردنەوەی دەرگای ئیمرالی و گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و دەستپێکردنەوەی دانوستاندن. ئەگەر ئەمە پێک بێت، دەتوانێت لە ماوەی ١٠ رۆژدا کەشوهەوای سیاسی بگۆڕێت و لە تورکیا و سوریا قۆناغێکی دیمۆکراتیک دەست پێبکات."

بولدان هەروەها رایگەیاند، لایەنگرانی دیمۆکراسی و هەر کەسێک کە سیاسەتی دیمۆکراتیک پەیرەو دەکات، پیویستە بە یەک دەنگ لە دژی گۆشەگیرییەکە تێبکۆشن، گۆشەگیری سیستمێکی تاریکە کە لەسەرتاسەری تورکیا بلاو بووەتەوە و پێوستە هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە ئاگاری ئەم رەوشە بێت.

'ئەگەر گۆشەگیری بەردەوام بێت، روودا و قەیرانی گەورە روودەدەن'

لە کۆتایی قسەکانیدا بولدان هۆشداریدا و وتی:"لە سایەی خۆڕاگری و تێکۆشانی گەورەی ٢١ ساڵدا سەلمێندرا کە پلانگێرییە نیودەوڵەتییەکە سەرکەوتوو نەبوو، لە ئێستاش بەدواوە سەرکەوتوو نابێت. ئەوانەی وانە لە راستییەکانی مێژوو وەر نەگرن و لە جیای ئەوە، هیواکانیان بە سیاسەتی شەڕ و گۆشەگیرییەوە ببەستنەوە، هەڵەیەکی مێژوویی دەکەن. ئاواتمان ئەوەیە کە بە زووترین کات کۆتایی بەو سیاسەتە چەوتانە بهێندرێت. جگە لە سیاسەتی ئاشتیانە و دانوستاندنە دیمۆکراسییەکان، جێگرەوەیەکی دیکە نەهاتە ئاراوە و نایێتە ئاراشەوە. سوربوون لە چارەسەرنەکردن، خراپترین شتە کە بەرامبەر بە گەلان دەکرێت. تورکیا ئێستا لە رووی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە تێک چووە. هۆکارەکەشی ئەم سیاسەتی چارەسەرنەکردنەیە.

هەتا وەکو تورکیا خۆی لە رووبەڕوو بوونەوەی کێشەی کورد و کێشە دیمۆکراسییەکان و داد و یەکسانی بە دوور بگرێت، قەیران و رووداوی نەخوازراوی گەورەتر بەرۆکی تورکیا دەگرنەوە. پیویستە تورکیا ئیدی خۆی لەم حالە بهێنێتە دەرەوە. ئەوانەی کێشەی کورد و کێشەی دیمۆکراسی چارەسەر ناکەن، لە ئارادا نامێننەوە. ئەوانەی خۆیان ناسپێرن بە دیمۆکراسی و خۆیان نوقمی فاشیزم کردووە، هەڵدەوەشێنەوە. بێگومان گەلانی تورکیا ناچار نین لەگەڵ فاشیزمدا بژین. ئەوان بێچارە نین. بێ جێگرەوە نین. ئەو جێگرەوە دیمۆکراسییەی هەدەپە هێناوێتیە ئاراوە، دەرگایەکی مێژوویی بۆ قۆناغی دەسەڵاتدارییەتی دیمۆکراتیک دەکاتەوە."

ز.ش