"بە ڕۆحی ئارین و ئاڤێستاکان ڕوو لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بکەن" -١-

"پێویستە هیچ کەسێک لە ماڵی خۆی دانەنیشێت و هەموو کەسێک بەشداری سەفەربەریەکە ببێت. هەر کەسێک چی دەکەوێتە سەر شانی بەرامبەر بەم هێرشە فاشیزمانە ئەنجامی بدات و لە دەوری هێزەکانی پاراستن (قەسەدەو یەپەژە و یەپەگە) کۆ ببێتەوە."

سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی گشتی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە بۆ ڕادیۆی دەنگی وڵات قسەی کرد و دوایین ڕەوشی ناوچەکەی هەڵسەنگاند.

"بە هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوا ویستیان پلانگێریەکە جارێکی تر دووبارە بکرێتەوە"

ئاڤێستا هێرش و داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و خۆڕاگری گەلی کورد و گرینگی یەکدەنگی و یەکێتی نەتەوەیی لەم قۆناغەدا، شیرۆڤە کرد و بەم شێوەیە دوا:

"سەرەتا دەمەوێت بڵێم لە کەسایەتی هەر دوو هەڤاڵانمان شەهید دەمهات عەگید و جەمیل ئامەددا، شەهیدانی هەنگاوی بەرخۆدانی شەرەف لە باکورد ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەمو شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی بە ڕێزەوە یادیان دەکەمەوە و سەری ڕێزیان بە دادەنوێنم. ئەو پەیمان و بەڵێنانەی داومانە بە شەهیدان بۆ کوردستانێکی ئازاد و خۆسەر و دیمۆکراتیک و ڕێبەرێکی ئازاد بە دڵنیاییەوە جێبەجێیان دەکەین.

لە ٩ی تشرینی یەکەمی  ١٩٩٨  پلانگێرییەکی نێودەوڵەتی لەدژی رێبەر ئاپۆ ئەنجام درا. دەیانویست لە سوریا ئەم قۆناغەی کە ئێستا جێبەجێی دەکەن، ئەو سەردەمە جێبەجێی بکەن. بزوتنەوەی ڕزگاری و رێبەر ئاپۆیان وەکو هۆکار و بەهانەیەک بۆ موداخەلەکردنی سوریا بەکار هێنا. ئەو سەردەمەش دەوڵەتی فاشیزمی نەژادپەرەستی تورک جارێکی کە هێزەکانی لەسەر سنووری سوریا کۆکردەوەو فشاری خستە سەر حکومەتی سوریا و جیهان بەگشتی.

ئەو کاتەش بە حکومەتەکەی سوریایان ووت ئەگەر ئاپۆ لە سوریا دەرنەخرێت، ئێمە هێرش دەکەین. ئەو سەردەمە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێدەکرد. ڕێبەر ئاپۆ ئەو سەردەمە قۆناغەکەی باش شیرۆڤە کرد. بۆ ئەوەی ڕێگا لە هێرشکردنە سەر سوریا و گەلانی ناوچەکە بگرێت فیداکاریەکی گەورەی ئەنجام دا. سەرەڕای ئەوەش دەیزانی لە ئەنجامی پلانگێرییەکەدا لەوانەیە مەترسیەکی گەورە بێتە پێش.

ڕێبەر ئاپۆ ریسکەکەی بینی و لە سوریا دەرچوو. بە دەرچوونی ڕێبەر ئاپۆ قۆناغێکی نوێ دەستی پێ کرد. بازرگانیەکی قێزەوەن لە نێو هێزە پلانگێڕەکاندا ئەنجام درا. بۆ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ ل هیچ شوێنێکی تر نەحەوێتەوەو تێکۆشینی ئازادی پێش نەکەوێت و گەلانی ناوچەکە نەگەنە مافەکانیان، ئەم پلانگێڕیە ئەنجام درا و لە کۆتاییدا ڕێبەر ئاپۆیان ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرد.

رێبەر ئاپۆ ئەو سەردەمە ووتی: ویستیان لە کەسایەتی پەکەکەو ڕێبەرایەتیەکەیدا جەنگی جیهانی سێیەمین پێش بخەن. بەڵام ئێمە ڕێگامان لێ گرت و ئێستا دەمانەوێت ئەم پلانگێڕیە لەناو بەرین و بیگۆڕین بۆ تێکۆشانی ئازادی گەلان. د ساڵا ٢٠٠٩ ڕێبەر ئاپۆ شیرۆڤەیەکی کرد و ووتی ئێمە پلانگێڕیەکەمان بە ئیرادەو تێکۆشان و یەکێتی گەلان، پوچەڵ کردەوە. بەڵام هێشتا مەترسیەکە ماوە و پلانگێڕەکان دەیانەوێت ئەم پلانە دووبارە بکەنەوە. 

لە 22یەمین ساڵیادی پلانگێڕیەکەدا دەوڵەتی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپەی دیکتاتۆر و دەتوانین بڵێین خوێنمژی سەدەی٢١ ، بە فەرمانی ئەردۆغان هێرشێکی بەرفراوانی سەرتاسەری کردە سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. ویستی جارێکی تر پلانگێڕیەکە ئەنجام بداتەوە و ویستی ئەو هێزانەی لە پلانگێریەکەدا بەشدار ببوون، ئەم جارەش هەموویان لە دەوری خۆی کۆیان بکاتەوە.

بە بەهانەی ئەوەی ئەم هێرشانە لە دژی گەلان نیە، بەڵکو لە دژی پەکەکەیە و بەهانەی بوونی پەکەکە لە سوریا، وەک چۆن لە ساڵی 1998 ڕێبەرایەتیمانی کردە ئامانج، ئەم جارەش ویستیان بە هەمان ئەدەبیات و هەمان قسە و زیهنیەت، ئەم قۆناغە بۆ پێشەوەی بەرن.

بەڵام ئەم جارە هێرشەکانی وەک چۆن پلانی بۆ داڕشتبوو و بەو شێوەیەی دەیویست جێگای خۆیان نەگرت. ئەم هێرشەی ڕووبەڕووی بەرخودانی گەل بوویەوە. هەر بۆیە ئەو ئامانجەی کە جارێکی تر پلانگێڕیەکە سەرلە نوێ ئەنجام دەدەن و گوایا ئەو هێزانەی لە پلانگێریەکەدا بەشدار ببون، کۆیان دەکەنەوەو ئەم خاکە بە تەواوەتی داگیری دەکەن، نەگەیشتنە جێ. بەم خەیاڵەوە کەوتە ڕێ و هۆکاری ئەوەی کە لە ٩ی تشرینی یەکەم دەستی پێ کرد، ئەمە بوو.

'هەوڵێک بوو بۆ قڕکردنی هەموو کورد'

لە هەمان کاتدا ئەو هێرشەی لە سلێمانی بەڕێوەچوو بێگومان بەشێکییەتی، هاوکات ئەم هێرشە بۆ سەر بزووتنەوەی ئازادی هەموو گەلی ئازادیخواز و گەلی کوردستان بەردەوامە. بزووتنەوەکەمان چەندین ساڵە ئەو قۆناغەی جێگیر کردووە و ناوی لێناوە. ئەوە قڕکردنی هەموو کوردە، دژی دەستکەوتەکانی هەموو کوردە. لەبەر ئەوەش لە هەر کوێیەک تێکۆشان بکرێت، لەوێ دەیەوێت پێشی پێ بگرێت و کورد قڕ بکات.

شەهیدبوونی هەردوو هەڤاڵمان لە سلێمانی بەشێکە لە هەمان ئەو قۆناغەی ئێستا دەیانەوێت پێشی بخەن، سەرەتا دەیانەوێت بەو شێوەیە بەڕێوەبەرایەتیمان لاواز بکەن. سەرەتای ئەوەش لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣دا بە کۆمەڵکوژکردنی سێ ژنی تێکۆشەر کە یەکێکیان دامەزرێنەری حزبەکەمان ساکینە جانسز بوو لەگەڵ هەڤاڵ ڕۆژبین و هەڤاڵ لەیلا لە پاریس بە کۆمەڵکوژکردنیان دەستیپێکرد. لە ساڵی ڕابردووش لە ٢٠١٨ لە شەنگال هێرشێکی وەها دڕندانە کرایە سەر شەنگال و پێشەنگی تێکۆشانی ئازادی و ڕێبەری کۆمەڵگەی ئێزدی هەڤاڵ مام زەکییان شەهید کرد. ماوەیەک لەمەوبەریش دیسان پەیوەست بە هەمان قۆناغ، لە هێرشێکی دڕندانەدا لە قەندیل ئەندامی کۆنسەکەمان دیار غەریب شەهید کرا. بێگومان ئەمانە هەمووی بنەمای ئەو کۆنسێپتە نێودەوڵەتییەن. دەوڵەتی فاشیستی تورک بەو شێوەیە لە لایەک پێشەنگی بزووتنەوەکەمان دەکاتە ئامانج و لە لایەکی دیکەشەوە دەیەوێت دەستکەوتەکانی کورد هەموویان لەناو ببات. باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وەکو دەزانرێت لە ٢٠١١ بەولاوە ئەو قۆناغە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەوتن، ئەو گەلانە کە ڕاپەڕین و ویستیان ئیدی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دیموکراسی پێشبکەوێت. لە هەمان کاتدا لە سوریاش قۆناغێکی نوێ دەستیپێکرد و گەلی سوریاش ویستیان قۆناغێکی وەها بۆ خۆیان جێبەجێ بکەن و ئەو دەسەڵاتەی کە لەسەر گەلان وەکو دێوەزمەیەک بەسەر گەلانەوەیە ویستیان ئەوە جێبەجێ بکەن.

هێزە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەتی دەیانەوێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆیان باڵادەست بکەن و سیستمی خۆیان بسەپێنن و ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست لەنێوان خۆیان دابەش بکەن. ئەو هێزانە دەستیان لەو قۆناغانە وەردا. نەیانهێشت ئیرادەی گەلان سەربکەوێت. وێڕای هەموو ئەمانەش بە سیاسەتێکی زانستیانە، بە هێڵی سێیەمین بە پارادیگمای ڕێبەر ئاپۆ گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا خۆیان بە ڕێکخستن کرد. لە عەفرینەوە هەتا دێرک، سێ کانتۆنی بنەڕەتی خۆیان لەژێر دەستی ڕژێم ڕزگار کرد بەبێ ئەوەی شەڕێکی ناوخۆیی دروست ببێت، بەبێ ئەوەی شەڕێکی چەکداریش دروست ببێت.

خۆی خۆپیشاندانی دیموکراتیک لەناو هاوسەنگییەکدا لە کانتۆندا خۆی پێشخست. هەمان کات لە ساڵی یەکەمی شۆڕشی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا دیسان دەستی فاشیستی ئەردۆغان هاوپەیمانەکانی کە هێزە توندڕەوەکان بوون بەناوی جەبهەتولنوسرە، ئەلقاعیدە و ئەو سەلەفیانەی بەتایبەتی ئامادەکران و هێرشێکیان بۆ سەر سەرێکانی دەستپێکرد. لە ٢٠١٣دا بە بەرخۆدانێکی مەزنی گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بە قارەمانییەتی مەزنی شەڕڤانانی یەپەگە- یەپەژە ئەو قۆناغەیان تێکشکاند. سەرێکانیان ڕزگار کرد و شۆڕشیان پاراست. بەڵام بەوەشەوە نەوەستان، ئەمجارە چیان کرد؟ ئەمجارە ڕوویان کردە چەتەکانی داعش، چەتەکانی داعشیان لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوریا خستە جموجۆڵ بەمەبەستی لێدان لە دەستکەوتەکانی کورد. ئەوە لە کێوە هات؟ بێگومان ئەوە لە ئەردۆغانەوە هات.

ئەمیری داعش ئەردۆغانە. مێشکی داعش ئەردۆغانە، فەلسەفەی داعش ئەردۆغانە. بۆ ئەوەش داعش هێرشی سەر دەستکەوتەکان و ئیرادەی کوردی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد. لە ٢٠١٤ەوە هەتا نەورۆزی ٢٠١٩ هەم لە عێراق و هەم لە سوریا لە پێشەنگایەتی شەڕڤانانی ئازادی، لە پێشەنگایەتی گەلانی ئازادیخوازدا بە هەموو یەکێتی گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەردوو وڵات داعشیان تێکشکاند. سەرەتا بڵێین داعش لە کەرکوک بگرە هەتا مەخمور، شەنگال، موسڵ هەتا هەرە کۆتاییەکەی لە دێرەزۆر و لە باغۆز هەناسەبڕ کرا، ئەمیری داعش ئەردۆغان ئەو لەناوبردنەی داعشی قەبوڵ نەکرد، نەیتوانی هەرسی بکات، لە هەمان کاتدا ئەوەی داوا لە داعش کرابوو و نەیتوانیبوو ئەنجامی بدات، ویستی خۆی بیکات.

 ئەو هێرشەی کە ئێستا لە ٩ی تشرینی یەکەمەوە کراوەتە سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەرەتای ئەو تەواوکاریییە کە بەنیاز بوو بە دەستی داعش جێبەجێی بکات. بەڵام بە دەستی داعش جێبەجێ نەبوو. شەڕڤانانی ئازادی قەسەدە- یەپەگە- یەپەژە و گەلانی هەرێمەکە ئەوانیان تێکشکاند. هەروەها لە شەنگال شەڕڤانانمان وەکو هێزەکانی هەپەگە- یەژا ستار و هێزەکانی هەرێمەکە لەو شوێنە، تەنانەت لە باشوری کوردستان پێشمەرگەش هەموو پێکەوە داعشیان لەوێ تێکشکاند. جارێکی دیکە دەیانەوێت ئەو دەستکەوتانە بەو شێوەیە لەناو ببەن و جارێکی دیکە جینۆسایدکردنی کورد بەردەوام بکەن".

'ڕێککەوتنەکان ئیمزاکرندی قڕکردنی کوردە'

ئاڤێستا هەڵسەنگاندنی بۆ ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەتان کرد و وەک مەترسیەکی گەورەی لەقەڵەمدا و وتی، "ئیمزا لەسەر ڕێککەوتنی قڕکردنی کورد دەکەن."

ئاڤێستا وتی، "لە ئێستادا دوو هیزی سەرەکی لە جیهاندا کە لە ڕووی سەربازی و سیستمەوە پستگیری ئەو هێزانە دەکەن ئەمریکا و ڕووسیان. دوای ئەوەی لە شەڕی دژی داعشدا لە کۆبانێ بەرخۆدانێکی گەورە و بە شەرەف لە بەرامبەر چەتەکانی داعش بەڕێوەبرا و شەرڤانان بە ڕاستی مێژوویان نووسیەوە و بە ئازایەتی و تێکۆشان و ئیرادەی خۆیان کە مرۆڤ  ناتوانێت بە هیچ وشەیەک وەسفی بکات، بەرخۆدانێکی بێوێنەیان کرد، بە پێشەنگایەتی ئەمریکا هێزی هاوپەیمانان پێکهێنرا و دەستوەردانیان کرد. بینییان داعش بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە پەلاماری کۆمەڵگا دەدات. بینییان لە موسڵ و بە تایبەتی لە شەنگال هەوڵی قڕکردنی کۆمەڵگا و گەلانێکیاندا کە کلتور و ئایین و خۆیانیان دەپاراست و بە تایبەتی لە باکووری و ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆمەڵگا ڕووبەڕووی قڕکردن بووەوە و خەلافەتی داعش فراوان دەبوو، ئەو کاتە هێزەکان دەستوەردانیان کرد. زۆر جار هەڵسەنگاندن بۆ دەستوەردانی ئەو هێزانە کراوە. بۆ ئەو کاتە هەنگاوێکی ئەرێنی بوو. ئەوان بە چەک و فڕۆکەکانیان دەستوەردانیان کرد، بەڵام هێزێک کە داعشی تێکشکاند هێزی سەر عەرز بوو کە ڕووبەڕوو شەری کرد. هەموو کەسێک ئەوە دەزانێت. بەو هۆیەوە گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە شەڕی ٥ ساڵەی دژی داعشدا ١١ هەزار شەهید و ٢٥ هەزار برینداری دا. لە شەنگال نزیکەی ١٠ هەزار کەس بەدیلگیرا. سەری هەزاران مرۆڤیان لە لاشەیان جیاکردەوە. تا ئێستاش بە هەزاران ژن و منداڵ و پەککەوتە و پیر لە دەستی داعشدان و چارەنووسیان نادیارە. بەو هۆیەوە شەرڤانان تۆڵەی ئەوانیان کردەوە. لە ئەنجامدا خۆشەویستیەکی زۆر پیشانی شەرڤانانی ئازادی قەسەدە، یەپەگە و یەپەژە درا و جیهان بینی شەڕەکە بە ناوی هەموو مڕۆڤایەتیەوە دەکرێت.  ئەگەر ڕێگری لە چەتەکانی داعش نەگیرێت مەترسیەکی زۆر گەورە لە سەر جیهان دروست دەکەن. لە پاریس تەقینەوەیان کرد، لە بروکسێک تەقینەوەیان کرد، لە ئەمریکا، بەریتانیا و لە ئەوروپا بە پشتگیری ئەردۆغان ژمارەیەک هێرش ئەنجامدران و هێزەکانی هەوپەیمانان هەوڵیاندا بە پێشەنگایەتی ئەمریکا ڕێگەیان لێبگرن. تێکچوونی داعش بوو بە هۆکارێک کە گەلان ببن بە خاوەنی مافی خۆیان  و بتوانن خۆیان خۆیان بەڕێوەبەرن. تەنها لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەڕی چەکداری نەکرا، بەڵکو لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سیستمێک دروستکرا. سیستمێکە کە هەموو گەلان بە یەکەوە لە ناو یەکپارچەیی خاکی سوریادا دەژین. لە تەبقا، ڕەقا و دێرازۆر بگرە تا دێرک و سەرێکانی بە ملیۆنان کەس دەسەڵاتی خۆیان دروست کرد. بەڕێوەبەری خۆسەری خۆیان دروست کرد، هێزی پاراستنی خۆیان پێکهێنا و دەستووری خۆیان نووسیەوە. هەوڵیاندا لە ناو یەکپارچەیی خاکی سوریا خاوەن هێزی بەرگری خۆیان بن و پێشبکەون. بەو هۆیەوە بۆ هەموو جیهان بوون بە هیوایەکی گەورە. هەموو کەسێک تامی مڕۆڤایەتی کرد. لە ڕووی کۆمەڵگای پۆلیتیک و ئەخلاقی لە سەر بنەماکانی ئازادی ژن و یەکسانی خەڵکی سیستمێک بنیاتنرا. شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بوو بە مۆدێلی سەدەی ٢١. ئەمەش سەرنجی هەموو جیهانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا و هەموویان لە دەوری کۆبوونەوە. بەوهۆیەوە چییان کرد؟ بۆ ئەوەی ڕێ لە شۆڕشەکە بگیرێت فاشیزمی دەوڵەتی تورک هێرشی کردە سەر عەفرین. کاتێک هێرشی عەفرینی کرد ڕووسیا بۆ بەرژەوەندیەکانی و بۆ ئەوەی بتوانێت لە هەرێمەکە زیاتر بمێنێتەوە و بەرامبەر ئەمریکا بووەستێتەوە و بەردەوامی بە ناکۆکی دەیان ساڵەی نێوانیان بدات، پشتگیری دەوڵەتی تورکی کرد. ڕووسیا ڕێگەی بۆ دەوڵەتی تورک کردەوە و ئاسمانی عەفرینی بە ڕووی فڕۆکەکان کردەوە و نەیانهێشت نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێک بدات. چەند جار بڕیارەکە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بەرزکرایەوە، ڕووسیا رێگەی نەدا ڕێگری لە هێرشەکان بکرێت و بە هاوکاری ڕووسیا و هاوبەشەکانی دەوڵەتی تورک عەفرینی داگیر کرد. هەمان شتی کە بە دەستی ڕووسیا کرد، هەوڵیدا بە دەستی ئەمریکا بکات. بە هۆیەوە ساڵێکە دەڵێت، ئەمریکا ئاستەنگ نەبێت هێرش دەکەین. کێ بڕوا بەمە دەکات؟ بازاریان گەرمە. لە کۆتاییدا بینیمان ئەو شەڕەی کە ئەمریکا لەدژی داعشی کرد لە ڕاستیدا ڕەنجی گەروی گەلی ئەو هەرێمە بوو، ڕەنجی شەرڤانان بوو، ویستیان لەسەر ئەوە خۆیان باڵادەست بکەن. کاتێک بینیان گەل دەکەوێتە پێش و شۆڕش دروست دەکرێت و لەو بوارەدا ئیتر دەستکەوتی گەلان پێشدەکەوێت، دەوڵەتی تورک ئیتر بەبێ ڕەزامەندی ئەمریکا نەهاتە ناو باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. وا دیارە ٩ی تشرینی یەکەم کاتێک هێرشی کرد، ڕۆژێک بەر لەوە ئەمریکا هێزەکانی خۆی لەسەر سنوورەوە کشاندەوە، بارەگاکانی خۆی هێنایە دواوە، بۆ ئەوەی هێرشی ئاسمانیش بکرێت، گۆڕەپانەکەی بۆ واڵا کردن و بەو شێوەیە مۆڵەتی دا بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورک بێتە ناو خاکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. پاشان کە ئەوەی کرد، سەرەتا ناڕەزاییەکان لە بەرانبەر ئەو بڕیارە بێ ئەخلاقییە لەناو ڕای گشتی ئەمریکادا دەستیپێکرد، دواتر لە هەموو جیهان ناڕەزایی لە دژی ئەو تێڕوانینە بەرژەوەندیخوازییەی کە کورد و کۆمەڵگەی کوردی وەکو قوربانی بۆ خۆی بەکار دەهێنێنت ناڕەزایی دەرکەوتن. دەوڵەتی فاشیست قڕکردنی دەستپێکرد، بە هەموو شێوەیەک ئەو هێرشەی کە بەو شێوەیە کرایە سەر گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا جارێکی دیکە ڕای گتشی لەدژی وەستایەوە، بۆ ئەوەی ڕەوایی بەو داگیرکارییەیان بدەن چیان کرد؟ ئەمجارە وەکو بینیمان ڕێککەوتن لە نێوان تورکیا و ئەمریکا خرایە رۆژەڤەوە. بەرپرسانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاش ڕایانگەیاند، فەرمانداری قەسەدەش ڕایگەیاند، تەنیا ئێمە ئاگربەست قبوڵ دەکەین، ئاگربەست شتێکی خراپ نییە، با خەڵک نەکوژرێت، با خەڵک ئاوارە نەبێت، با بە دیالۆگ کێشەکان چارەسەر بکرێت. بەڵام ئەو ڕێککەوتنانە بەو شێوەیەیە کە ڕەوایەتی دەدات بە داگیرکەریی دەوڵەتی تورک لەوێ، هەڵبەتە بەرپرسانی ڕۆژئاوا و گەلی ڕۆژئاواش ڕەتیان کردەوە. ئێستاکەش لەجیاتی ئاگربەست دەیانەوێت ڕەوایەتی بدەنە دەوڵەتی تورک لەوێ، ئەو گەلانەش لەوێ هەمووی ئاوارە بکەن، ڕێککەوتنەکەیان بەو شێوەیەیە. لە هەمان کاتدا ئەمجارەش سپاردنە، ئەمریکا هێزەکەی خۆی لەوێ کشاندەوە و ئیدی ئەرکەکەی خۆی ڕادەستی ڕووسیا کرد. با ڕووسیا بیکات، هەردوو ڕێککەوتنەکەش ئەوەندەی ئێمە چاودێری دەکەین، ئێمە گوێ لە هەموو لایەنەکانیش دەگرین بەهەمان شێوەن. بزووتنەوەکەمان لەو ڕووەوە ڕاگەیاندراوی بڵاو کردەوە. گەلەکەمان هەموو ڕۆژێک قسە دەکات، هەروەها فەرماندەکانی هێزەکانی پاراستن لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریان قسە دەکەن. ئەو ڕێککەوتنەی ئەوان ڕێککەوتنی داگیرکاریی گشتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە، ڕێککەوتنی لەناوبردنی کوردە، ڕێککەوتنی جینۆسایدی کوردە. ئەگەر ئەوە بە مسۆگەریی بکەن، دوای ئەوەش نۆرەی باشووری کوردستان دێ و لە هەمان کاتدا لە سەدەی ببیستویەکەمیندا کورد نابێتە خاوەن مافی خۆی. ئێمە مێژووی کوردستان باش دەناسین، ئەو مێژووەی عوسمانییەکان باش دەناسین، ئەو مێژووەی کۆماری تورکیا باش دەناسین کە لە شەڕی جیهانیی یەکەمدا ملیۆنان ئەرمەنیان جینۆساید کرد، ئاوارەیان کردن، ئێستا هەموویان کۆ بکەیتەوە، ژمارەیەکی زۆر کەمی ئاسوری، سریانی، ئەرمەن لەم خاکەدا ماون. لە هەمان کاتدا بەهەمان شێوەی ئاوارەکردن و قڕکردن ئێستا دەیەوێت لە سەدەی بیستویەکمیندا کورد بکەنە قوربانی بەرژەوەندی نێودەوڵەتی خۆی. مامەڵەی چەپەلی بە کوردەوە دەکەن و دەیانەوێت بەو شێوەیە ڕەواییەک بدەنە دەوڵەتی تورک. ئەو کەسانەی بەو شێوەیە دەیانەوێت ئەو قۆناغە بەڕێوەببەن هەن. بەڵام ئەو حسابەی ئەوان کردوویانە ئاشکرایە کە لە پراکتیکدا لە گۆڕەپانەکە وا دەرنەچوو. ئەو هێرشەی کردیان ڕووبەڕوو بەرپەرچدانەوەی شەڕڤانانی ئازادی بوەوە، ڕووبەڕووی بەرپەرچدانەوەی هێزە بەرخۆدێرەکان بوەوە، ڕووبەڕووی بەرچەکرداری ڕای گشتی نێودەوڵەتی و گەلی کورد بوەوە. هەربۆیەشە، ئەوەی کە دەبێت لەوێ دەربچن سەرەتا هێزەکانی داعش، سەلەفی، ئەوانەی ئەردۆغانن، ئەوانەی بەناوی سوپای سوریای ئازاد دورستکراون، ئەو چەتانەن دەبێت لەوێ بکرێنە دەرەوە. رێککەوتن ئەگەر بکرێت دەبێت لەبارەی ئەوانەوە بکرێت. بەو شێوەیە لەژێر ناوی دیدار و ئەو کاتەی کە ئەو ڕێککەوتنانەیان داڕشتوە بەرپرسانی کوردی تێدا نییە. خۆبەڕێوەبەری تێدا نییە، بەرپرسانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای تێدا نییە، فەرماندەی قەسەدەی تێدا نییە. خۆیان دانیشتوون و لەبارەی کوردەوە بڕیار دەدەن، لەبارەی کازاخەکان ڕێککەوتن دەکەن و پاڵپشتی ناتۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خۆیان بەکار دەهێنن، دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەو دەزگایانەوە فەرمیەت بە کارەکاینانبدەن لەدژی ئیرادەی گەلی کورد، لەسەر هەرێمەکەش مسۆگەری بکەن. بۆ ئەوەش ئەو ڕێککەوتنانە بەو شێوەیە هەڵبەتە کە قەبوڵ ناکرێت و ئەگەر قەبوڵیش بکرێت وەکو ئەوەی ئەوان دەیانەوێت، ئەوکاتە دەستکەوتەکانمان نامێنن. مۆری خۆیان لە بەردەوامکردنی قڕکردنی کورد دەدەن".

ف.ق