بەرخودانی گەل و گەریلا دەمامکی سەر رووخساری پەدەکەی فڕێدا

کاتێک مرۆڤ سەرنج لە کردەوەکانی ئەم ساڵانەی دوایی پەدەکە دەدا، ئەوە دەبینێت، کە بوونەتە "عاشقی دوژمنی خۆیان"، بەڵام بەرخودانی گەل و گەریلا لە باشووری کوردستان دەمامکی سەر رووخساری پەدەکەى فڕێدا.

پەندەکانی پێشینانی کۆمەڵگەی کورد لەم رۆژەگارەى ئەمڕۆماندا مانا قوڵەکانیان زیاتر دەردەکەون. یەکێک لەوانەش ئەوەیە "دار کرمی لە خۆی نەبێت هەزار ساڵ دەژی". ئەو پەندە بۆ ئەو نۆکەر و خیانەتکارانە وتراوە، کە خۆیان بە دوژمن فرۆشتوە. مرۆڤ ئەگەر سەرنج بداتە سەر مێژووی ئەمدواییەش ئەوەى بۆ دەردەکەوێت، کە ئەو پەندە چەند لە جێگای خۆیدایەتی.

بە تایبەتی کاتێک مرۆڤ سەرنج دەخاتە سەر کردارەکانی ئەمساڵانەی دوایی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە کوردستاندا، دەتوانێت ئەم دۆخە بەو وتەیەى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد شی بکاتەوە، کە دەڵێت "کورد بووەتە عاشقی دوژمنی خۆی". پەدەکە یەکێکە لەو حیزبانە، کە ئەو وتەیە بۆ کردار و کردەوەکانی دەبێت. لەمدواییەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەندێک دیمەن بڵاوکرانەوە و لە دیمەنەکاندا ئەوە دەبینرێت، پێشمەرگەکان پێش داگیرکەران کەوتوون و رێگایان پیشاندەدەن و رێگایان بۆ پاک دەکەنەوە. ئەو دیمەنە هاوکاریی پەدەکە و دەوڵەتی تورک بۆ هەموان دەخاتەڕوو. بێگومان تەنها بابەتەکە ئەوە نییە و باسکردن لە کردارەکانی پەدەکە تەنها بە قسەکردن و گێڕانەوە کۆتایی پێنایەت.  

ئەندامانی دەزگای سیخوڕیی دەوڵەتی تورک (میت) لە باشووری کوردستان زۆر بە ئاسانی جموجوڵ دەکەن، هەروەها بۆ ئەوەى رێگری لە گەیشتنی خۆراک بە گەریلاکان بگرن، هەموو رێگاکانیان داخستووە. ئەوەش لایەنێکى تری هاوکاریی پەدەکەیە بۆ داگیرکەران. دەتوانین بڵێین، کاتێک هێرش دەکرێتە سەر شوێنێک ئەو هێرشەش بەشێکە لە ئەنجامی هاوکاریکردنی پەدەکە بۆ داگیرکەران و بەشێکە لە پلانی هاوکارییەکانی بۆ داگیرکەران. ئەو هێزە و دەورووبەرەکەی ئەو دوژمنایەتییەی بەرامبەر بە گەل ئەنجامی دەدەن لە ژێر دەمامکی کوردایەتیدا دەیشارنەوە.

حکومەت دەیەوێت لە باشووری کوردستان تورکیایەکی بچووک دروست بکات

لەلایەکی ترەوە، کاتێک هەر کەس باس لە سیستمی دەوڵەتی تورک دەکات، وتەى سیستمی فاشیستی بۆ بەکار دەهێنێت، ئەوەش نەک تەنها لەلایەن هێزە دیموکراتیک و ئازادیپارێزەکانەوە بەکار دەهێنرێت، بەڵکو فاشیست خۆیشی بۆ خۆی باس لەوە دەکات، بەڵام حکومەتی باشووری کوردستان دەیەوێت سیستمی تورکیا لە باشووری کوردستان دروست بکات و هەوڵەکەى بۆ ئەوەیە تورکیایەکی بچووکی فاشیستی لە باشووردا دروست بکات. بەڕێوەبەرانی فاشیستیی دەوڵەتی تورک چ پلانێک بۆ تورکیا دابنێن، ئەو پلانە بە پشتیوانیی حکومەتی باشووریش بەسەر باشووری کوردستاندا دەسەپێنن. تورکیا جاشەیەتی دەسەپێنێت و جاشەکان لە ئۆپراسیۆنی سەربازیدا دەداتە پێش، ئێستاش هەوڵ دەدات لە باشووری کوردستانیش ئەو کارە بکات.

دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر بەرخودانی گەریلا، لە باشووریش بەرپرسانی حکومەت گەریلا تاوانبار دەکەن و ئەوانیش بەو شێوەیە هێرش دەکەنە سەر بەرخودانی گەریلا. لە تورکیا هەموو ئەو کەسانەى داوای ئازادی دەکەن دەستگیر دەکرێن، لە باشووری کوردستانیش هەمان شت دووبارە دەبێتەوە. لە تورکیا دەستدرێژی دەکرێتە سەر ژنان، دەکوژرێن و ئازادییەکانیان زەوت دەکرێت، لە باشووریش دۆخێکى لەو شێوەیە لە گۆڕێدایە. باشە ئاخر مرۆڤ دەتوانێت ئەوەندە عاشقی دوژمنەکەى خۆی بێت، ئەوەندە هێرش بکاتە سەر گەلەکەى خۆی؟. ئێستا لە سنوورەکانی باشووردا گەریلا بە شێوەیەکى ئەفسانەیی بەرەنگاری و بەرخودان دەکات. هەموو رۆژێک چالاکی ئەنجام دەدەن، شەڕ دەکەن و شەهید دەدەن. لە ناو گەل دا قارەمان و پاڵەوانی وەک مامۆستا خالید عەبدولڕەحمان هەیە، کە لە گوندی کانی مەزن لە ناوچەى کانی ماسی شەهید بوو. بە کورتی گەل و گەریلا لە دژی داگیرکردنی باشووری کوردستان لە سەنگەری بەرەنگاری و بەرخوداندان.

ئیدی کاتی  ئەوەیە، کە لێپرسینەوە لە نۆکەرانی دوژمنان بکرێت. کاتی ئەوەیە کە لەلایەن گەلەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت و دادگایی بکرێن و سزا بدرێن. خۆی هەر گەل ئەوەی دەوێت، بەڵام پێشمەرگەکان وەک دەزگای ئەمنی و پۆلیسی دەوڵەتی تورک دەجوڵێنەوە، گەل دەستگیر دەکەن و زیندانییان دەکەن و بە گولـلەى راستەقینە تەقە لە خەڵک دەکەن و گوشاریان لەسەر دروست دەکەن. باشە ئەوە چۆن دەبێت، کە مرۆڤ بەو رادەیە لە رێ دەربچێت و ئەوەندە خۆی هاوشێوەى دوژمن لێ بکات و خیانەت بکات؟ ئیدی هەموو کەس لەوە بێزار بووە. لەلایەکەوە بەرخودانێکى گەورە هەیە و لەلایەکی ترەوە هێرشێکى گەورە ئەنجام دەدرێت. بەڵام بە داخەوە لە بەرەی دووەمدا نۆکەران بەشدارن. بێگومان بەرخودان درێژەی دەبێت و بە دڵنیاییەوە داگیرکەران هەرگیز سەر ناکەون. ئیدی دەمامکی سەر رووخساری پەدەکە فڕێدراوە و رووخسارە راستەقینەکەى ئاشکرا بووە. بە دڵنیاییەوە بە بەرخودانی گەل و گەریلا فاشیزم لە بەر یەک هەڵدەوەشێت. نۆکەرانیش شوێنێکیان بۆ مانەوە و بۆ ژیان بۆ نامێنێتەوە.

ژ.ت