گەریلا بەرچەم حەسەکە، ژنێکی عەرەبە. لە شاری حەسەکە لەدایکبووە. دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ڕۆژئاوا و بە تایبەت ناسینی بیردۆزی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، بڕیاریدا بەشداری ڕیزەکانی گەریلادا بکات.
'من ڕاستی کوردم ناسی'
گەریلا بەرچەم لەبارەی ئەو ژینگەیەی کە تێیایدا گەورە بوو دەڵێت، "لە شاری حەسەکە لە دایکبووم. نیوەی دراوسێکانمان کورد بوون. بۆیە لە منداڵیەوە زۆر هاوڕێی کوردم هەبوون. ئەو کاتە ڕاستی کوردم ناسی. دوای شۆرشی ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر ڕاستی ڕژێمی سوریا و ڕاستی کوردم ناسی. کە هێرشی دڕندانەی داعش دەستیپێکرد، یەکەمین وڵام لە لایەن ژنانی پێشەنگی کورد درایەوە. خانەوادەکەشم لەدژی هێرشی داعش جێگای خۆی لەناو پاراستنی سڤیلدا گرتن. لەگەڵ ئەوە من سەرۆکایەتیم ناسی."
'لەگەڵ ژنە شەڕڤانەکاندا ڕۆناکیەکی گەورەم بینی'
گەریلا بەرچەم لەبارەی کاریگەری بیردۆزی ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیە قسە دەکات، "کاتێک لە ماڵەوە بووم لەبارەی دۆخی ژن لێکۆلینەوەی زۆرم دەکرد. لە بارەی پرسیارەکانی وەک، بۆچی ژن خاوەن ماف نییە، بۆچی خۆمان دادەپۆشین، بۆچی ناتوانین خۆمان بپارێزین، بۆچی لەناو چوار دیوارداین، بیرم دەکردەوە. لەگەڵ دروستبوونی یەپەژە بینیم ژنان خۆیان خۆیان دەپارێزن. لەدژی هێرشەکانی داعش وڵات دەپارێزن. لای ئەوان کورد، عەرەب و تورکمان هیچ جیاوازیەکیان نییە. دەیانەوێت هەموو نەتەوەکان پێکەوە بژین. لە کەسایەتی ئەو ژنە شەڕڤانانەدا ڕۆناکیەکی گەورەم بینی. دوای بینیم ئەو ڕۆناکیەی کە ژیاندا دەبینرێت، ڕۆناکی سەرۆکایەتیە. تێگەیشتم کە ڕامانی سەرۆکایەتی ئەم بۆچوونەی لای ئەوان دروست کردووە. کاتێک نزیکایەتی ڕیبەر ئاپۆ بەرانبەر ژن و گەلانی ژێردەستە بینی و تێگەیشتم، بڕیارم دا بەشداری ڕیزەکانی گەریلا ببم."
'زایینێکی نوێ لە شاخەکان، بووەتە هیوای ژیان'
گەریلا بەرچەم خۆشەویتی بۆ چیا ئازادەکان، وەک خوێندنگایەک یان دایکێک پێناسە دەکات. لەبارەی ژیانی گەریلا هەستەکانی بەم شێوەیە دەردەبڕێت،"هەر کە خۆر زیاتر بەرز دەبێتەوە زیاتر دەبم بە ڕێبوارێکی جوانبوونی چیاکانی کوردستان. لەم گەشتەدا هەموو ڕۆژێک زایینێکی نوێ لەخۆمدا هەست پێدەکەم. شاخەکان بوونەتە شوێنی ئازاد ئێمە، زۆر بەنرخن. کاتێک بۆ گەلانی ژێردەستە لەم شاخانە تێدەکۆشم زیاتر لە واتای ژیان تێدەگەم. هەموو سەختی و زەحمەتیەکان وەک پێکەنینی داهاتووی سەر لێوی منداڵەکان پێم پێدەکەنن. وەک سەرۆکایەتی دەڵێت، 'داری شۆڕش بە خوێن ئاودەدرێت'. سەختی و زەحمەتی چی بێت، ئێمە خاوەنداری لە ڕەنجی شەهیدان دەکەین. لەبەرئەوەی پەکەکە بزووتنەوەیەکی تۆڵەکردنەوەیە."
بیردۆزی ڕێبەرایەتی لەناوبردنی مۆدێرنیتەی کاپیتالیزمە'
گەریلا بەرچەم لە کۆتایی قسەکانیدا بانگەوازێکی ئاڕاستەی گەلان کرد و وتی، "ئەمڕۆ مۆدێرنیتەی کاپیتالیزم، مۆرڤی لە مرۆڤبوون دەرکردووە. بۆ ئەوەی هێزە داگیرکەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەسەڵاتی خۆیان بچەسپێنن، ناکۆکی لەناو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست دەکەن. مۆدێرنیتەی کاپیتالیزمیش بیردۆزی ڕێبەرایەتی وەک مەترسیەک لەسەر خۆی دەبینێت. یەک لەو جێگایانەی کە بیردۆزی رێبەری 'مۆدێرنیتەی دیموکراتیک' لێی جێبەجێ دەکرێت، ڕۆژئاوات کوردستانە. بۆیە هێرشی قوڕس لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان هەیە. دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، دەستکەوتەکانی یەکێتی گەلان دەبنە ئامانج. بۆ پاراستنی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکی ڕۆژئاوای کوردستان، ئازادی چوار پارچەی کوردستان و هەموو گەلانی ژێردەستە، بانگ لە ژنان و گەنجان دەکەم، وەرن پێکەوە بۆ داهاتوویەکی ئازاد تێبکۆشین."
ف.ق