لە ماوەی ڕابردودا هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی کەرکوک بڕیاری کردنەوەی بارەگایەکی هاوبەشیاندا لە شاری کەرکوک لە پێناو پاراستنی ناوچەکە بە هاوبەشی، بەڵام ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی بەرەی تورکمانی نزیک لە تورکیا ماوەیەکە لە کۆبونەوەدایە لەگەڵ لایەنە ئەمنیەکانی کەرکوک و کار بۆ هەڵوەشانەوەی ئەو بڕیارە دەکات.
ئەرشەد ساڵحی لەم چوارچێوەیەدا سەردانی سەعد حەربی یەکێک لە بەرپرسە دیارەکانی ئەمنی شاری کەرکوک و ڕاکان جبوری پارێزگاری بە وەکالەت کردووە، دەربارەی کردنەوەی ئەو بارەگایە ڕاگەیەندراوێکی ناڕازیبونی پێشکەشی هەردو ناوبراو کردووە.
دەوڵەتی تورکیا بۆ شاری کەرکوک پڕۆژەی هەیە و هیچ گومانی تێدا نیە هەر کارێک زیان بە پڕۆژەکانی بگەیەنێت لە دژی دەوەستێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لە ئێستادا ناتوانێت ڕاستەوخۆ دەستێوەردانی کار و باری کەرکوک بکات، لە ڕێگەی بەرەی تورکمانیەوە دەستێوەردان دەکات. ئەم کارانەی بەرەی تورکمانی لە کەرکوک مەترسیدارن چونکە بە ڕون و ئاشکرا دیارە ئەم کارانە بە بڕیاری تورکیا ئەنجام دەدرێت و دەستی میتی لە پشتە. هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کاری لەو شێوەیە هەڕەشەیە بۆ ئەمن و ئاسیشی شاری کەرکوک و هەروەها لە ناوبردنی یەک ڕیزی نەتەوەیی و یەکگرتنی هێزە لە شارەکە.
لە ماوەی ڕابردودا ئاژانسی هەواڵی فورات - ANF بە وردی باسی لە جموجۆڵەکانی میتی تورکیا کردبوو لە شاری کەرکوک، نمونەی دروست کردنی هێز و پەروەردە کردنیان لە لایەن تورکیاوە. هەموو ئەمانەش لە ڕێگەی بەرەی تورکمانیەوە ئەنجامدراوە، دەتوانین لێرەدا بپرسین ئەگەر شاری کەرکوک پێویستی بە کردنەوەی بارەگای هێزی هاوبەش نەبێت، بۆچی پێویستی بە ئامادەکردنی ٤٠٠ چەکدارە لە لایەن تورکیاوە؟
لە شاری کەرکوک ماوەیەک بەر لە ئێستا دەزگای میتی تورکیا چەندین چالاکی ئەنجامدا و دیارترینیان تەقینەوەکەی ناوچەی موسەڵای شاری کەرکوکە، سەبارەت بەو مژارە دەزگای هەواڵگرییعێڕاقی دوو تۆمەتباری دەستگیرکرد کە هەردوکیان ئەندامی ڕاستەوخۆی میتی تورکیا بوون. بە پێی ئەو زانیاریانەی لە ماوەی ڕابردودا دەستی ئاژانسی هەواڵی فورات- ANF کەوتوون، هەمان ڕۆژ ئەرشەد ساڵحی بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغداد دەکات و هەوڵی ئازادکردنیان دەدات، ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەرشەد ساڵحی ئەندامێکی کارای میتی تورکیایە و هەڕەشەیە لەسەر یەکڕیزی نێوان هێزەکان و نەتەوەکان لە شاری کەرکوک.
لە ئێستادا بەرەی تورکمانی نزیک لە تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەرشەد ساڵحی کار بۆ ئەوە دەکات ڕێکەوتنی نێوان پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی شاری کەرکوک تێک بدەن و نەهێڵن ئەو بارەگایەی کە بڕیاری لەسەر درابوو بکرێتەوە. لایەنە کوردیەکانیش لەو ڕاستیە ئاگادارن و تاکو ئێستا هیچ هەڵوێستێکیان لە بەرامبەر بەرەی تورکمانی نیشان نەداوە کە شەو و ڕۆژ کار بۆ ئەوە دەکەن هەبوونی کورد لە کەرکوک بسڕنەوە.
لە لایەکی ترەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان بێ هیچ شەرمێک چاوپۆشی لە هێرشەکانی تورکیا دەکات بۆ سەر حەفتانین و پەکەکە بە تاوانبار دەزانێت و ڕەوایەتی بەو هێرشانەی تورکیا دەدات بۆ سەر حەفتانین. لە ئێستاشدا چاوپۆشی لەو هەڵوێستانەی بەرەی تورکمانی و هەوڵەکانی تورکیا دەکات کە ڕاستەوخۆ داگیرکاریە و مەترسیدارە. پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەموو بابەتێک کە لە دژی یەکێتی نەتەوەیی کورد بێت، ئامادەیە بە دەیان ڕاگەیەندراو بڵاو بکاتەوە و قسەی تیا بکات، بەڵام لە ئاست هەڕەشەکانی تورکیا و بەرەی تورکمانی بۆ سەر شاری کەرکوک بێ دەنگە و کێشەی نیە.
ز.ش