بەرەی نیشتمانیی دژ بە داگیرکاریی تورکیا چالاکی ئەنجام دەدات

بەرەی نیشتمانیی دژ بە داگیرکاریی تورکیا داوای لە هاووڵاتییان کرد لە دژی داگیرکاریی تورکیا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان ڕاپەڕن. بەرەکە جەختیشیان لەوە کردووەتەوە، کە ئەوان لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە چالاکییەکانیان دەکەن.

دەوڵەتی تورکیا هێرشە داگیرکەرییەکانی بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان درێژە پێ دەدات. لە هەمبەری ئەو هێرشانەشدا، ناڕەزایەتیی و دژایەتی گەل هەیە و حکومەت و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش بێدەنگن. لەبەرئەوە گەلی هەرێمی کوردستان بە هەڵوێستی دژ بەرانە، ناڕەزایەتی لەبەرامبەر بەرپرسانی باشووری کوردستاندا دەردەبڕن. بۆ ئەو مەبەستەش، ڕۆژی ۲۴ ی تەمووزی ئەمساڵ، دەستەیەک لە مامۆستایان، ڕۆژنامەوانان، مامۆستایانی ئاینیی و پێکهاتە جیاوازەکانی شاری کەلار و هەرێمی گەرمیان، دژ بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر خاکی هەرێمەکەیان، بەرەی نیشتیمانی دژ بە داگیرکارییان ڕاگەیاند.

لەو بارەیەوە ئەندامی بەرەی نیشتیمانیی لەو هەرێمە جومعە کەریم بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندووە "بۆئەوەی دژ بەو داگیرکارییەی کە لە دژی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت، چالاکی ئەنجام بدەین، ئەم بەرەیەمان دامەزراندووە. ئامانجیشمان ئەوەی کە گەلانی کوردستان و ڕای گشتیی لەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا، ئاگادار و هۆشیار بکەینەوە".

جومعە کەریم، ڕەخنەی لە بێدەنگی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرت و وتیشی "پارتە سیاسیەکان و حکومەتی هەرێم، هێشتا نەبوون بە وەڵامدەرەوەیەکی بەهێز لەبەرامبەر دوژمندا. تاکە هێزێک کە بەرپەرچی داگیرکاریەکانی داوەتەوە، هێزی کۆمەڵگایە. بۆیە ئامانجی سەرەکی ئێمە وەک بەرەی نیشتیمانیی، پاراستنی باشووری کوردستانە".

لە کۆتاییدا، بەرەی نیشتیمانی ڕایانگەیاند، لە ناوچەی کەلار بە تایبەتیی، دەست بە چالاکی دەکەن دژ بەو داگیرکارییە.

ر.م