بەستا فرات: توڕەیى رێکخستن فاشیزم تێکدەشکێنێت
بەستا فرات ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پاژک رایگەیاند، توڕەى رێکخستنى ژنان فاشیزم تێکدەشکێنێت.
بەستا فرات ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پاژک رایگەیاند، توڕەى رێکخستنى ژنان فاشیزم تێکدەشکێنێت.
بەستا فرات ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پارتى ئازادیى ژنانى کوردستان (پاژک) رایگەیاند، دەبێت رێکخستنی ژنان کۆڵان بە کۆڵان و ماڵ بە ماڵ خۆی بە هەموو ژنان بگەیەنێت و پەروەردەیان بکات، چونکە تەنها توندوتیژی دژ بە ژنان لە رێگەى پەروەردەى رێکخستنەوە کۆتایى پێدێت و تەنها فاشیزمیش بە توڕەیى رێکخستن تێکدەشکێنرێت.
فرات لە بەرنامەی 'رۆژەڤا ژن' لە کەناڵی ئاسمانیى ستێرک تیڤی باسی لە بابەتەکانی ٢٥ی نۆڤەمبەر رۆژی بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژی لە دژی ژنان و کاریگەرییەکانى لە سیاسەتەکانى دەوڵەت، ئاستی تێکۆشانی هاوبەشی ژنان و شێوازەکانى خۆپێشخستن کرد.
تێکۆشان بە هەموو شوێنێکدا بڵاودەبێتەوە
فرات رایگەیاند، مرۆڤ بۆ ئەوەى بتوانێت سیستمى زوڵم هەڵبگەڕێنرێتەوە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ مێژووەکەى و بزانێت ئەو سیستمە چۆن خۆی لەسەر پێ راگرتووە.
راشیگەیاند "لە مێژوودا ئەوەى رەنجەکەى خوراوە ژنە و یەکەمجاریش توندوتیژی لە دژی ژن ئەنجامدراوە. سیستمى زوڵمیش لەسەر ئەوانە (لەسەر خواردنى رەنجی ژن و توندوتیژی لە دژی ژن) خۆی بونیاتناوە. ئەو سیستمە سەرەتا هێرشی کردووەتە سەر ژن و دواى ئەوە دەستیکردووە بە هێرشکردنە سەر کۆمەڵگە و بە تێپەڕبوونی کات ئەوە بووەتە کولتوری تودوتیژی، دەبێت لە دژی ئەو کولتوری دەستدرێژی و توندوتیژییە تەنها تێکۆشانی دژ بە توندوتیژی لە دژی ژنان بە رۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەرەوە سنووردار نەکرێت، پێویستی بە رێبازێکی لەو جۆرە هەیە، کە تێکۆشان بە هەموو شوێن و ئاست و جومگەیەکدا بڵاوبکرێتەوە".
بۆ مانەوەی خۆیان زیاتر پەنا دەبنە بەر توندوتیژی
فرات باسی ئەوەشیکرد، ئەو کەسەى کە ئیرادەى ژنى ئازادی خوڵقاند و هۆشمەندیى ئازادیى ژنی ئافراند و لە دژی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان راوەستاوە، عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردە.
ئەوەشی وت، گۆشەگیریى سەر ئۆجالان و گۆشەگیریى سەر ژنان ناکرێت بە جیا لەیەکتر لێکدانەوەیان بۆ بکرێت. بزووتنەوەى ژنانی کورد بۆ ئەوەى گۆشەگیری تێکبشکێنن لە کەسایەتیى ئۆجالاندا تێکۆشان گەشتر دەکەن و بۆ ئەوەش ئەمساڵ هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە و ئەو تێکۆشانەشی لەم چەند ساڵەى دوایدا ئەنجامدراوە تێکۆشانى زۆر بەهێز و کاریگەر بووە.
گرنگیى کۆنفرانسى ژنان
بەستا فرات ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پارتى ئازادیى ژنانى کوردستان (پاژک) ئاماژەى بەوەکرد، کۆنفرانسى نێونەتەوەیى ژنان زۆر گرنگە و بۆ ئەوەی خۆی بە هەموو ژنان بگەیەنێت پێویستە تێکۆشانی بەردەوامى هەبێت، چونکە ئەو کۆنفرانسە دەرگایەک بۆ هیوا و ئومێد دەکاتەوە.
ئاماژەى بەوەشکرد "ئەوەى ژنان لە وڵاتە جیاوازەکان لە دەوری دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' کۆدەبنەوە، کە رێبەر ئاپۆ خوڵقاندوێتیى، رۆحی ئەو تێکۆشانەیە".
رێکخستنى ماڵ بە ماڵ
بەستا فرات ئەوەشى خستەڕوو، دەبێت ژنان ماڵ بە ماڵ، کۆڵان بە کۆڵان ژنان بە رێکخستن بکەن، پەروەردەیان بکەن و بەرێکخستنیان بکەن، چونکە تەنها توندوتیژی بە پەروەردەیەکى بە رێکخستنکراو کۆتایى پێدێت. لەبەر ئەوەش فاشیزم ناتوانێت خۆی لە بەرامبەر توڕەیى رێکخستنى ژن دا رابگرێت.
بەستا فرات داوای لەو پیاوانە کرد، کە لەلایەن دەوڵەتەوە توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجامدراوە و وتی "دەبێت پەیوەندیى سیستم و کۆیلەیەتى بە باشی شیکار بکەن و خۆیان پێشبخەن و گۆڕانکاری دروست بکەن و لەگەڵ ژن پێکەوە لە دەوری یەک کۆبنەوە و تێکۆشان گەش بکەن".
ر.م