بۆ یەکەم جار دارستانەکانى کوردستان لە ساڵی ١٩٢٥، لە کاتی ڕاپەڕینی شێخ سەعیدی پیراندا لەلایەن دەوڵەتەوە سوتێنران و لە سەردەمی کۆماریشدا، بە قانوونی ئیسلاحیاتی شەرقی و بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی دەرسیم بەردەوامی بە سوتاندنى دارستانەکانى کوردستان درا. بەڵام لە ساڵی ١٩٩٠ەوە ئیدی دارستانەکان بە بەرنامە و مەبەست دەسوتێندرێن.
تەنانەت دەتوانین بڵێین، هەموو رۆژێک لە شارێکی کوردستان، دارستەکان دەسوتێنرێن. سوتاندنی دارستانەکان لە نێوان ناوچەکانی لیجە و دارا هێنێ لە ئامەد، کە لە هاویندا دەستیپێکردبوو، لە ناوچەکانی جوودی، گابار، هەرەکۆڵ و بەستای شرنەخ بەردەوامی پێدرا. هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا، لەژێر ناوی پاراستنی قەرەقوڵ و بارەگا سەربازیەکانیان، بە مەبەست دارستانەکان دەسوتێنن.
ئەندامی پلاتفۆرمی پاراستنی حەوسەڵ نەجدەت سەزگین، دەربارەی سوتاندنی دارستانەکانی کوردستان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا و وتی "وەک هەر هاوینێک، بە دەستپێکردنی ئەم هاوینەش لە تورکیا و کوردستان دەست بە سوتاندنی دارستانەکان کرا. بەهۆی ئەو سوتانانەوە، هەندێک کێشە کەوتە ناو ڕۆژەڤەوە. کێشەی سەرەکیش سوتاندنی دارستانەکانە. چونکە کاتێک کە دارستانەکان دەسوتێنن، هەوڵ دەدەن وەهای نیشان بدەن کە ئەو ئاگرە بەهۆی ڕووداوی نەخوازراو و بێ مەبەست کەوتووەتەوە".
وتیشی "لە ڕۆژئاوای تورکیاش، بۆئەوەی کە ڕێگاوبان دروست بکەن و خزمەت بە شوێنە گەشتیارییەکان بکەن، دارستانەکان دەسوتێنن. لە هەرێمەکانی ئێمەش بەناوی ئەمنیەتەوە، دارستانەکان دەسوتێندرێن. ماوەیەکی دوورودرێژە کە بارودۆخەکە بەم شێوەیە و ناوچەکانی ژیان لەناو دەبەن".
"هەوڵ دەدەن هەناسەمان لەبەر ببڕن"
نەجدەت سەزگین جەختی لەوەش کردەوە کە دارستانەکان وارگەی ژیانن و وتیشی "هەناسەمان لێ دادەبڕن. هەر دارستانێک بۆ ئێمە ناوچەیەکی ژیانییە. بە هەر هۆکارێک دەبێت با ببێت، بەڵام دەبێت دژ بە سوتاندنی ئەو وارگەکانی ژیان تێکۆشان بکرێت. بەناوی کۆمەڵەی ئیکۆلۆژی، ئێمە جارێکی تر، جەختمان کردەوە کە ئێمە دژ بە سوتاندنی دارستانەکانین".
لە تورکیا بۆئەوەی لە شوێنێک ڕێگا دروست بکەن دارستانەکان دەسوتێنن
سەزگین بە بیری هێنایەوە کە سوتاندنی دارستانەکان لە تورکیا، بە زۆریی لە هەرێمەکانی مارمارا، ئیجە و ئاکدەنیز ڕوودەدەن و وتیشی "هۆکاری سەرەکی ئەوەش بۆ گەڕان بەدوای ماددەی کانزایی و دروستکردنی شوێنێک بۆ گەشتیاران دەگەڕێتەوە. وەک ئەوەی کە ئێستا لە ڕۆژئاوای تورکیا هەیە، بە داخەوە لە هەرێمەکانی ئێمەش ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا ناکرێن کە دارستانەکان دەسوتێنن. ئەوەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە تاوانبار سزا نەدرێت و بەهۆی ئەو سیستمەی کە سزای تاوانبار نادات، دارستانەکان زیاتر دەسوتێندرێن".
"ئەوانەی کە دارستانەکان دەسوتێنن ئاشکران"
نەجدەت سەزگین ئاماژەی بەوەش کرد هۆکاری سوتاندنی دارستانەکان هەرچی دەبێت با ببێت، بەڵام ئەوان لە دژی سوتاندنی ئەو دارستانانە ڕادەپەڕن و وتیشی "لە دارستانەکاندا ئیکۆسیستەم و ژینگە هەیە، لەناو ئەو سیستەمەدا تەنها شوێنێکی ژیان بۆ مرۆڤ نییە، بەڵکو بۆ هەموو زیندەوەران وارگەی ژیانە. بۆئەوەی وارگەی ژیانی هەموو زیندەوەران بپارێزرێت، ئێمە بە خۆشەویستیەوە کار دەکەین".
وتیشی "لەبەرئەوە کردەوەکانی سوتاندنی دارستانەکان، بەتایبەتی لە هەرێمەکانی ئێمە ئاشکران. ئێمە داوا دەکەین کە هەرچی زووە ئەو کردارانە ببینرێت و سوتانی دارستانەکان هەم لەلایەن دەوڵەت و هەم لەلایەن گەلەوە بکوژێنرێتەوە".
ر.م