بە جۆش و خرۆشەوە دەست بە گەشتەکەم دەکەم بۆ خواکورک. لەو بڕوایەدام ئێرە هێندەی بەهەشت جوانە. وشەکان بەرامبەر جوانی و دڵگیریی خواکورکدا دستەوەستانن. ئەوەشی کە ئەم جوانییە دەڕازێنێتەوە گەریلایە کە بۆ خاکی خۆی شەڕ دەکات. پێشڕەوەکانمان دوو گەریلان. بە من و سارا-وە چوار کەسین. گەشتێکی دوورودرێژمان لەبەردەمدایە. وەک هەزاران گەریلا و ڕۆژنامەوان، ئێمەش دەست بە گەشتەکەمان لەم ناوچەیەدا کرد.
گەشتەکەمان لە بەرەبەیانەوە دەستیپێکرد و هەتا نیوە شەو بەردەوام بوو. ڕووناکیی مانگ وەک تیشکی ڕۆژ، هەموو کون و قوژبنێکی ڕووناک دەکردەوە. بەناو گوڵە جوان و ڕازاوەکان و بە تەنیشت تاڤگەکاندا رێگام دەبڕی.
ئەو ناوچەیەیی، کە ئێمە دەمانەوێت لە خواکورکدا بۆی بڕۆین، ناوی ناوچەی شەهید بێریتان-ە. هەر گروپێک گەریلا کە لەو ڕێگەیەماندا دەبینین، پێمان دەڵێن، ئێمە زۆر شانسمان هەیە کە بێبەش نابین لەم جوانییەی خواکورک. ئەو وتانەی گەریلاکان زیاتر جۆش و خرۆش دەخەنە دڵی منەوە. لەبەرئەوەی ئێمە زۆر هیلاک بوو بووین پشوومان دا و گەریلاکان پێیان وتین، سبەی درێژە بە گەشتەکەمان دەدەین.
مانگ لەسەرەوە دەدرەوشێتەوە و لەم گەشتەدا ئێمەی بە هیچ شێوەیەک بە بەجێنەهێشت. ئێمە دەچووینە سەر گردی وەها بەرز، کە مرۆڤ دەتوانێت بڵێت ئەگەر ئێمە دەستمان بۆ ئاسمان بەرزبکەینەوە، دەستمان دەگاتە مانگ. گەریلاکان دارێکی گەورەیان نیشانی ئێمە دا و وتیان کە ئەوە دەبێتە مەنزڵی شەومان و لەوێ دەمێنینەوە. چەمێکی بچووک لەنزیکمانەوەیە. دنیا زۆر ساردە. ڕێگە بڕین بەهیچ شێوەیەک خەمی گەریلا نەبوو. وەک ئەوەی هەرگیز هیلاک نەبن، ڕێیان دەکرد.
شەڕی سەخت لە هەرێمەکە کاریگەریی لەسەر ئێمەش هەیە. دەنگی تەقینەوە بەخەبەرمان دێنێت. بەوەش تووشی ترس و گومان دەبین، بەڵام گەریلا دڵمان دەدەنەوە و دەڵێن 'هیچ شتێکی نائاسایی نییە. دوژمن هەموو ڕۆژێک بۆمباران و بۆردومان دەکات'.
دوژمن ناتوانێت خۆی لەبەرامبەر جوانی جوگرافیای کوردستاندا ڕابگرێت، بۆیە هەوڵ دەدات هەموو شوێنێک وێران بکات و بیسوتێنێت.
ئەو گەریلایانەی لەگەڵماندان، زۆر دەمێک نابێت گەریلان، بەڵام بە ئەزموونن. ئەزموونی دەوڵەمەندی ئەوان دەبێتە مایەی دڵنەوایی بۆ ئێمە. ئێمە ئێستا ئیدی لەچاوەڕوانی هەڵهاتنی خۆرداین. لە گزنگی بەیانییەوە دەست بە بڕینی ڕێگە دەکەین. هەڵدەگەڕێمەوە و تەماشای ئەو شوێنە دەکەم کە لێوەی بەڕێکەوتووین. ئێمە ڕێگەیەکی زۆرمان بڕیوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی شەو بوو، نەمتوانی وێنەی ئەو هەموو جوانیە بگرم. ئەوەش ناڕەحەتم دەکات.
ئێمە دوایین گردمان دەرباز کرد و ئیدی لەبەرامبەرماندا ناوچەی شەهید بێریتان هەیە. لایەکی بە بەفر داپۆشراوە و لایەکی تریشی لە زووەوە بووە بە بەهار. تاڤگەکانی ئەوەندە جوانن، کە مرۆڤ دەیەوێت تەنها دانیشێت و تێر تێر سەیریان بکات و لێیان وردبێتەوە. نە من دەتوانم باسی ئەو جوانیی و دڵڕفێنییە بکەم و نە کەسێکیشم بینى و نەکەسێکیش دەبینم، کە بتوانێت وەسفی ئەو جوانییە بکات و لێى تێبگات. ئێمە پشوویەکمان دا و لە شوێنێک دانیشتین و تەنها تەماشای ئەو جوانییەمان دەکرد.
جارێکی تر دەنگی تەقینەوە هاتەوە بەرگوێمان. گەریلاکان بە ئامێری پەیوەندی پرسیاریان لە گەریلا هاوڕێکانیان کرد، گەریلاکانی تریش بەوان دەڵێن "هەڤاڵ لێیان دەدەن و بەدڵنیاییەوە فڕۆکە دێت"، پاش بیستنی ئەو زانیارییانە، ئەو گەریلایانەی، کە پێشڕەوی ئێمە بوون، بەدەم زەردەخەنەوە دەڵێن "دەستی هەڤاڵان خۆش بێت" و ئامێرەکە دادەخەنەوە. پاش کەمێک فڕۆکەی جەنگیی بۆردومانی دەوروبەری ئەو ناوچەیە کرد.
لەم سروشتی جوانەدا، ئەو گیایەی کە وشک بووە دەسووتێت. گەریلاکان دەڵێن "لەبەرامبەر سەرکەوتنی ئێمەدا، تەنها تاکە شتێک کە دەیکەن، جوڵاندنی فڕۆکەی جەنگییە بۆ بۆردومانکردنى دەوروبەری ئەو شوێنەى شەڕەکە تیایدا روودەدات. باشە ئەگەر تەکنیکی پێشکەوتووی چەک-یان نەبوایە، داخۆ 'سوپای قارەمانی تورکیا' چی دەکرد".
ئێمە گەیشتینە ناوچەی شەهید بێریتان، بەڵام گەشتەکەمان ئێستا دەستپێدەکات. نازانم کە ئێمە چی دەبینین، جوانییەکی چۆن لەچاوەڕوانی ئێمەدایە. مەراق دەکەم و دەمەوێت هەموو شتێک ببینم. گەشتی ئێمە بەردەوامە و هەوڵ دەدەین گەشتەکەمان بۆ ئێوە باس بکەین.
ر.م