تەمیز یوز: ئاکەپە هەموو هێزی خۆی بۆ زیندانەکان خستووەتە کار

هاووتەبێژی کۆمەڵەی هاوکاریی بنەماڵەی زیندانیان (توای دەر - TUAY-DER) محەمەد تەمیز یوز وتی "لە ساڵی ۲۰۱۵ ەوە نزیکەی ۱۰۰ هەزار کەس دەستگیرکراون. هەندێکیان بە مەرج ئازاد کراون وە بەوانەى لە دامودەزگاکاندا بێگارییان پێدەکرێت، ۷۰۰ هەزار کەس زیندانین".

هاووتەبێژی کۆمەڵەی هاوکاریی بۆ بنەماڵەی زیندانیان 'توای-دەر' محەمەد تەمیز یوز، سیاسەتەکانی ئاکەپەی لەسەر زیندانەکان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) هەڵسەنگاند.

 

 

لە ماوەی سێ ساڵدا ۱۰۰ هەزار کەس دەستگیرکراون

تەمیز یوز ڕایگەیاند، پاش ئەوەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە دیل گیرا و گوازرایەوە بۆ دورگەی ئیمرالی و لەوێ زیندانیی کرا. دەوڵەتی تورکیا هێرشی سەختی کردە سەر زیندانەکان. وتیشی "بە تایبەتیش پاش ئەوەی کە باری نائاسایی ڕاگەیەندرا، هەموو زیندانەکانیان کردە ناوەندی گۆشەگیریکردن. لەماوەی دوو بۆ سێ ساڵی ڕابردووشدا، بەهۆی چارەسەرنەکردنی زیندانیانی نەخۆش، چەندین زیندانی نەخۆش گیانیان لەدەستداوە. بە نموونە، پیش ساڵی ۲۰۱۵ ژمارەی زیندانیان ۱۵۸ هەزار زیندانیی بوو، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە بەرزبووەتەوە بۆ ۲۴۰ هەزار زیندانی. تەنها لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، ۱۰۰ هەزار کەس زیندانیی کراون".

نیو ملیۆن کۆیلەی مۆدێرن

تەمیز یوز بە بیری هێنایەوە، کە دەوڵەت هەندێک یاسای گۆڕیوە و وتیشی "بەگوێرەی ئەو گۆڕانکارییە، ئەو زیندانییانەی سزاکەیان کەمتر لە ٦ ساڵ زیندانیکردنە گواستوەتەوە بۆ زیندانە کراوەکان. ئەو زیندانیانەش کە هەلومەرجی ستاتۆی کۆیلایەتییان قبوڵکردووە، کە لە دامودەزگا جۆراجۆرەکاندا کار بکەن بە مەرج ئازاد کران. ژمارەی ئەوانەش نزیکەی ۵۰۰ هەزار کەسە. ئەو نیو ملیۆن کەسە کۆیلەی مۆدێرنن. چونکە حکومەت بێ ئەوەی پارەیان پێ بدات، لە شوێنە گشتیەکاندا کاریان پێ دەکات. بۆ نموونە لە مزگەوتەکاندا، لە نەخۆشخانەکاندا، لە دەزگا دادوەرییەکاندا کاری پاککردنەوە یان خزمەتگوزارییان پێ دەکرێت. ئەگەر ئەم ژمارەیەش لەبەرچاو بگرین، ئەوا کۆی گشتیی ژمارەی زیندانیان ۷۰۰ هەزارە و بەهۆی ئەوەی شوێنی پێویست لە زیندانەکاندا نییە بۆ هەموویان، بۆیە بەو ڕێ و ڕێبازانە، زۆرێک لە زیندانەکان دەکەنە کۆیلەی خۆیان و بێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەکیان پێ بدرێت، بە زۆر کاریان پێ دەکرێت".

ئاکەپە تەواوی هێزی خۆی بۆ سوپا و زیندانەکان خستووەتە کار

تەمیز یوز دەستنیشانی کرد، ئاکەپە لە بریی ئەوەی کێشە سیاسیی و ئابوورییەکان چارەسەر بکات، هێزی خۆی بۆ سەربازی و سوپا و زیندانەکان تەرخان دەکات. وتیشی "ئاکەپە تەنها لەو دوو بوارەدا 'بوارەکانی سەربازی و زیندانەکان'دا سیاسەت دەکات. کەمپی زیندانەکان دروست کراوە کە بەهێندەی شارێک گەورەیە. ئەو شتانە کەڵکیان نییە، کەچی تا دێت زیندانی نوێ دروست دەکات. کاتێک کە مرۆڤ دەچێتە هەر شارێکی تورکیا و کوردستان، ئەوەی کە پێش هەموو شتێک سەرنجی ڕادەکێشێت، زیندانەکانن. لەسەروو هەموو ئەوانەشەوە، زۆربەی ئەوانەی کە لە زیندانەکانن، بەهۆی بیڕوڕا و تێڕوانینی جیاوازییانەوە لە زیندان تووند کراون، یان زۆربەیان زیندانی سیاسیین. لە شوێنێک کە دیموکراسی نەبێت، زیندانەکانیش زۆر دەبن. ئەو بارودۆخەش ئێستا لە تورکیادا هەیە".

تەمیز یوز بە بیری هێنایەوە، کە ئێستا ژمارەی زیندانییەکان ۲۴۰ هەزارە، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە ئەو ژمارەیە بەرزبکرێتەوە بۆ نیو ملیۆن، بۆیە بانگی لە هەموو سیاسەتمەدارانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان کرد کە دژ بەو بارودۆخە ڕاپەڕن و پرۆژەی چارەسەریی بهێننە ئاراوە.

دەبێت گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان هەڵبگیرێت

تەمیز یوز جەختیشی لەوە کردەوە، حکومەتی ئاکەپە بە شێوەیەکی بێتام، سیاسەتی خۆی بەسەر زیندانەکاندا دەسەپێنێت و وتیشی "وەک ئەوەی شتێکی باش ئەنجام بدات، ئاکەپە زیندان پێشکەش دەکات و دەڵێت 'هەندێک ئارام بگرن، کە زیندانی نوێمان دروست کرد، نزیکی بنەماڵەکانتان لە زینداندا دەبن. ئەگەر ئێستا ئێوە لە ئەدیرنە زیندانن، ئەوکات کە زیندانی نوێمان دروست کرد، دەتانگوازینەوە بۆ زیندانی ئەو شارانەی کە بنەماڵەکانتانی لێیە'. بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر زیندانیان یان ئازادکردنیان، هیچ پلان و سیاسەتێکی دەوڵەت لە ئارادا نییە. ئەو سیاسەتەی ئێستا هەیە بەهێزتری دەکەن. بنەماڵەی زیندانیانیش ئەوە پەسەند ناکەن. بۆ کۆتاییهێنان بەو بارودۆخە خراپە، دەبێت پێش هەموو شتێک هەنگاو بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان بنرێت. پێویستە کە دەوڵەت بهێڵێت کەسوکار و پارێزەرەکانی بتوانن دیدار لەگەڵ بەڕێز ئۆجالاندا ئەنجام بدەن".

ر.م