تەژەئا بە نزیکبوونەوە لە ۳ی ئاب بانگەوازی لە نەتەوەیەکرتوەکان کرد

تەڤگەری ژنانی ئازاد-تەژەئا، بە بۆنەی نزیکبوونەوە لە ۳ ئاب ساڵیادی فەرمان و قڕکردنی ئێزیدیەکانی شەنگال، بانگەوازی لە نەتەوەیەکگرتوەکان کرد، تا قڕکردنەکە بە فەرمی بناسێت.

تەڤگەری ژنانی ئازاد-تەژەئا، بە بۆنەی نزیکبوونەوە لەو فەرمان و قڕکردنەی کە لە ۳ ئابی ساڵی ۲۰۱٤دا لە دژی ئێزیدیەکانی شەنگال و ئێزیدخان ئەنجام درا، ڕاگەیەندراوێکی داوە و تێیدا هاتووە:" لە ڕێککەوتی ۳ی ئابی ساڵی ۲۰۱٤دا بە پشتیوانی هێزە ئیمپریالیستەکان، دەوڵەتانی هەرێمی و هێز دواکەوتووەکانی ناوچەکە، چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال و ئێزیدخانی مێژوویی و داگیریان کرد و گەلی ئیزیدی بە تایبەتی ژنان و مندڵانیان ڕووبەڕووی قڕکردن کردەوە و کۆمەڵکوژی مەزنیان ئەنجامدا".

 تەژەئا، ئاماژەی بەوە داوە: "پێشمەگەر کە بەرپرسیاری پاراستنی هاوڵاتیان و سەر و ماڵیان بوو، بێ بەرگری خەڵکی شەنگال و چەکە قورسەکانیان بەجێهێشتووە و هەڵهاتوون. ئەوەش بووە مایەی قڕکردنی ئێزیدیەکان، کە تێیدا هەزاران کەس کۆمەڵکوژکران و سەدان هەزار کەسی دیکە بە زۆرەملێ کۆچبەر بوون. هاوکات هەزاران ژن و منداڵ و گەنجیش بەدیل گیران، کە تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت ۳٥۰۰ ژنی ئێزیدی هێشتا لە لای چەتەکانی داعشن و ئازاد نەکراون و چارەنوسیان نادیارە".

تەڤگەری ژنانی ئازاد-تەژەئا، ڕایگەیاندوە: "پاش هەڵهاتنی پێشمەرگە، بە بەشداری گەریلا و شەڕڤانان و بەپێشەنگی ژنان، هێرشە داگیرکاریە قڕکەرەکەی داعش ڕاگیرا و شکستی پێدرا. شکستدانی داعش هەر بەشەنگالەوە نەوەستا و کۆبانێ، منبج و ڕەقا-شی گرتەوە و ئەوەش بەتەواوەتی هەیبەتی چەتەکانی داعشی تێکشکاند".

تەڤگەری ژنانی ئازاد-تەژەئا، بە بۆنەی نزیکبوونەوە لە ۳ ئاب ساڵیادی فەرمان و قڕکردنی ئێزیدیەکانی شەنگال، بانگەوازی لە نەتەوەیەکگرتوەکان کردوە: "تا بە ئەرک و بەرپرسیاری خۆی هەستێت و ۳ ئابی ۲۰۱٤ وەک "قڕکردنی ئێزیدیەکان بەتایبەتی ژنانی ئێزیدی" بە فەرمی بناسێت و ساڵانە لەو ڕۆژەدا لە ئاستی نێوەتەوەی چالاکی لە دژ بە قڕکردنەکە ئەنجام بدات. هاوکات هەموو ئەو کەس و لایەن و دەوڵەتانە بداتە دادگا کە دەستیان لە قڕکردنی ئێزیدیەکاندا هەبووە".

 

هـ.هـ