جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەسەر هێرشەکانی ئەمڕۆی تورکیا هاتە دەنگ

حەسەن ئەلکەعبی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێڕاق لەسەر هێرشەکانی ئەمرۆی دەوڵەتی تورکیا هاتە دەنگ و داوایەکی ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد.

دوای ئەوەی وتەبێژی سەرۆک کۆماری عێڕاق ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای کرد، حەسەن ئەلکەعبی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێڕاقیش هاتە سەر خەت و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای ئیدانە کرد.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی وتەبێژی سەرۆکی پەرلەمانی عێڕاقدا، داوایەک ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کراوە کە دەستوەردان بکات بۆ ڕاگرتنی پێشێلکاریەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر، هەروەها ڕاشیگەیاند، ئەم دەستدرێژیانە زیان دەگەیەنێت بە پەیوەندیە مێژوییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

 جێگری سەرۆکی پەرلەمان داواشی لەحکومەت کردووە، باڵیۆزی تورکیا لەبەغدا بانگهێشت بکرێت و نامەیەکی توندی ناڕەزاییەتی ڕادەست بکرێت. دووپاتیشی کردەوە، دووبارەبوونەوەی هێرش و پێشێلکارییەکانی تورکیا، سوکایەتی و پێشێلکارییە بۆ سەرجەم بنەماکانی پەیماننامە نەتەوەیەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش.

ز.ش