بە پێی بەڵگەکان و شایەتحاڵەکانی رووداوەکە، سوپای تورک مانگی رابردوو رایگەیاندبوو لە چیای تەندورەک ئۆپراسیۆن ئەنجام دەدات و بۆ ئەوەش فەرمانی بە جەردەوانەکان کردبوو خۆیان بۆ بەشداریکردن لەو ئۆپراسیۆنەدا ئامادە بکەن. سەربازەکان جەردەوانەکانی گوندەکانی ئەو ناوچەیەیان کۆکردبووە و باسی "گرنگیی ئۆپراسیۆنەکەیان" بۆ کردبوون، بەڵام حەقی تاش جەردەوانی گوندی پرا عەردێ کە لە ساڵی ١٩٩٠ەوە لە شەڕدا براکەى لە دەستداوە، رایگەیاندبوو، نایەوێت بەشداری لەو ئۆپراسیۆنەدا بکات. دوای مشتومڕی نێوان سەربازەکان و حەقی تاش، سەربازەکان بە حەقی تاش-یان وتوە 'یان ئەوەتا دەبێت بەشداری ئۆپراسیۆنەکەدا بکەیت، یان دەبێت دەست لە چەکەکەت هەڵگریت'.
لە شەڕێکى کورت دا کوشتیان
بەپێی زانیارییەکان لە ئێوارەی ١٦ی ئابی ٢٠٢٠دا لە ناوچەی چاڵدران ئۆپراسیۆنێک بە ناوی 'جاندرما ئۆستەگمەن هارون پارلاک' ئەنجامدرا. حەقی تاش-یش کە هەموو بنەماڵەکەى جەردەوانن بە ناچاری بەشداری لە ئۆپراسیۆنەکەدا دەکات، بەڵام پێش ئەوەى تاش بگاتە شوێنێ ئۆپراسیۆنەکە لەلایەن سەربازەکانەوە هێرشیکرایە سەر و دەستیان بە لێدانی کرد و دانەکانیان شکاند و دوای ئەوەش گولـلەیان بە قاچ و سکییەوە نا و بەو شێوەیە کوشتیان.
هۆشدارییان بە بنەماڵەکەشى دا
دوای کوشتنی حەقی تاش ئۆپراسیۆنەکە کۆتایی پێهات و لە ئۆپراسیۆنەکەدا هیچ کەسێکی تر نە کوژرا و نە بریندار بوو. تەرمەکەى حەقی تاش بە خێرایی لەلایەن سەربازەکانی تورکەوە لە گوندەکەیاندا کرا بە ژێر گڵەوە. بنەماڵەى حەقی تاش کە هەموویان جەردەوانن هۆشدارییان پێدرا، کە هیچ زانیارییەک لەبارەی ئەو رووداوەوە بۆ هیچ شوێنێک و بۆ هیچ کەسێک باس نەکەن.
'تەرمەکەی بەبێ توێکاری بەخاکسپێردرا'
بەپێی زانیاریی هاووڵاتییانی گوندەکە و شایەتحاڵەکانی رووداوەکە، لەو ناوچەیەدا هیچ شەڕێک رووی نەداوە. دوای ئەوەى دەنگی تەقە بۆ ٥ خولەک بەردەوام بوو، جەردەوان حەقی تاش بە هۆی ئەوەى ٤ گولـلە بەر جەستەى کەوتبوو گیانی لە دەستدا و بەبێ ئەوەى توێکاری بۆ تەرمەکەى بکرێت تەرمەکەى بە خاکسپێردرا.
ژ.ت