حزبە کوردستانیەکان بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن

عەبدولڕەحمان مستەفا سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە کەرکوک ڕایدەگەینێت: لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی کورد زیاد دەکات لە ناوچە دابرێنراوەکان بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو.

دەربارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و بەشداری کردنی کورد بە یەک لیستی لە هەڵبژاردنەکان لە ناوچە دابرێندراوەکان، عەبدولڕەحمان مستەفا سەرۆکی لیستی"هاوپەیمانی کوردستان" بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

بڕیاربوو لە ١ی مانگی ٤ی ٢٠٢٠، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام دواتر بۆ کاتێکی نادیار دواخرا، بەشێکی زۆری لایەنە كوردییەكانیش وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەو هەڵبژاردنە هاوپەیمانییەتیەكان بەناوی "هاوپەیمانی کوردستانی" دروستكردبوو بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ناوچە دابڕێندراوەکان.

پێمان باشە هەڵبژاردنەکانی لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت

دەربارەی دۆخی ئیستای عێراق و خۆپیشاندانەکانی ئەم ووڵاتە و کاریگەری لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەکان عەبدولڕەحمان مستەفا بە ئاژانسی هەواڵی فورات-ی ڕاگەیاند: "هیوادارین ئەم خۆپیشاندانەی عێراق کاریگەری نەبێت لەسەر کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان، وە پێمان باشە هەڵبژاردنەکانی لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت تا هاووڵاتیانی عیراق بتوانن نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن بەتایبەتی لە ئەنجومەنی پارێزگاکان کە ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان و هێنانە دی هەموو مافەکانیان."

جگە لە حزبی کوردی، حزبی تورکمانی و عەرەبیش بەشدارە لە لیستەکەمان

دەربارەی بەشداری حزب و لایەنی تورکمانی و عەرەبی و ژمارەی ئەو حزب و لایەنە سیاسیەنەی کە بەشدارن لە لیستی هاوپەیمانی کوردستانی عەبدولڕەحمان مستەفا بە ئاژانسی هەواڵی فورات-ی ڕاگەیاند: "تا ئیستا ژمارەی ئەو حزب و لایەنانەی کە بەشداری لیستی هاوپەیمانی کوردستانیان کردووە گەیشتۆتە ٣٢ حزب و لایەن، جگە لە حزبی کوردی، حزبی تورکمانی و عەرەبیش بەشدارە لە هاوپەیمانیەکەمان کە چوار حزبی تورکمانی لەگەل حزبی شیوعی عیراق کە حزبێکی عەرەبییە بەشدارن لە لیستەکەمان."

سەرجەم لایەنەکان بەڵێنامەیان پێ واژوو کراوە کە نابێ بکشێنەوە لە لیستی هاوپەیمانی کوردستانی

دەربارەی بەردەوام بوونی ئەم حزبانە لە پاراستنی ئەم یەکریزییە عەبدولڕەحمان مستەفا بە ئاژانسی هەواڵی فورات-ی ڕاگەیاند: "تا ئیستا کارەکان زۆر بەباشی و بە سەرکەوتووی ئەنجامداراوە وە ئەو زنجیرە کۆبوونەوەی لەگەل حزبەکان ئەنجاماندا زۆر بەسەرکەووتوو بووە و هیچ گرفتێک رووینەداوە، سەرجەم لایەنەکان کە ژمارەیان ٣٢ لایەنە ، بەڵێنامەیان پێ واژوو کراوە کە نابێ هیچ لایەنێک بکشێتەوە لە لیستی هاوپەیمانی کوردستانی ئەمە یەکریزیەش دبێتە هۆی سەرکەوتن و بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی گەورە بۆ نەتەوە و گەلەکەمان."

بەهۆی یەک لیستی و یەکریزی حزبە کوردستانیەکان ئەو دەنگانەی لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو دەفەوتان ئەم جارە نافەوتێت

دەربارەی جیاوازی ئەم هەڵبژاردنە لەگەل هەڵبژاردنەکانی پێشوو عەبدولڕەحمان مستەفا بە ئاژانسی هەواڵی فورات-ی ڕاگەیاند: "لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو بە پەرتەوازەیی هەر حزب و لایەنک بۆخۆی بە لیستێک دادەبەزێ ئەمەش وای کردبوو کە ژمارەیەکی زۆری دەنگی هاووڵاتیانی کورد بفەوتێت ، بەڵام ئیستا بەهۆی یەک لیستی و یەکریزی حزبە کوردستانیەکان ئەو دەنگانەی لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو دەفەوتان ئەم جارە هەر لەناو لیستەکە دەمینێتەوە و نافەوتێت ئەمەش دەبێتە هۆی سەرکەوتنێکی گەورەتر بۆ گەلەکەمان بەراورد بە هەڵبژادنەکانی ساڵانی ڕابردوو، ئەم جارە دەتوانین زۆربەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پاریزگاکان بەدەست بهێنین تا بتوانین خزمەتێکی باشتر پێشکەش بکەین بە هاووڵاتیانی ئەم پارێزگایانە."

ف.ق