خوێندکاران بۆ بەشداریکردن لە رێپێوانی درێژمەودا بانگەوازیەکیان بڵاو کردەوە

یەکێتی خوێندکارانی کوردستان و ژنانی خوێندکارانی کوردستان بۆ ئازادیی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بانگەوازیەکیان بۆ رێپێوانێکی درێژمەودا کرد کە بڕیارە لە ٥ بۆ١١ی ئەیلول لە ئەلمانیا ساز بکرێت.

لەم بارەیەوە یەکێتی خوێندکارانی کوردستان و ژنانی خوێندکارانی کوردستان لە راگەیێنراوێکدا وتیان، بڕیار وایە لە بەرواری نێوان ٥ بۆ ١١ی ئەیلولدا، لە نێوان شاری هانوڤەر و هامبورگی ئەلمانیا، رێپێوانێکی درێژمەودا بە دروشمی 'ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ، هەمووان بە یەکەوە راپەڕین' ساز بکرێت.

لە راگەیینراوەکەدا هاوکات بانگەوازی ئەوە کرا کە دەبێت هەموو خوێندکاران و گەنجان و رۆشنبیران و هەر کەسێک کە خۆی لە بەرامبەر کۆمەڵگاکەی بەرپرسیار دەبینێت، بەشداری لەو رێپێوانەدا بکات.   

لە بەشێکی تری راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆ  و لە دژی پلانگێری نێودەوڵەتی هەڵوێستمان دەخەینەروو و بۆ ئەم مەبەستەش هەفتەیەک ڕێدەکەین. "ئێمە وەکو گەنجانی دەرەوەی وڵات بە یەکەوە هەڵدەستین و لە دژی سیاسەتە نامرۆڤانەکانی سیستم، خۆمان بەرێکخستن دەکەین.

رامانەکانی ئۆجالان جێگرەوە و چارەسەرین. فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ خەڵکی هەر چور پارچەی کوردستانی لە دژی فاشیزم، هەستاندووتە سەرپێ. هەموومان بە رێگەی فەلسەفەکەی، خۆڕاگریمان ناسی و خاوەنداری لێدەکەین.

بۆ ئەوەی ئێمە لە دژی فاشیزم شەڕ بکەین و سیستمێکی جێگرەوە بونیاد بنێین بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆ، دەبێت تێکۆشانێکی جدی بکەین. ئەمە سەرەکیترین ئەرکی گەنجانە. بۆ ئەمەش بانگەوازی ئاڕاستەی هەموو گەنجان دەکەین کە بەشداری لەو رێپێوانە درێژمەودایەدا ببین."

ز.ش