بۆ بڵاوە پێکردنی خۆپێشاندانی هاوڵاتیان، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ژمارەیەکی زۆری لە ئاسایش و هێزە ئەمنیەکانی ناردە ناوچەکە، بەڵام لەبەر ژمارەی زۆری هاووڵاتییان و پێداگریی هاووڵاتییان لەسەر داواکاریەکانیان ئامادە نەبوون گۆڕەپانی خۆپێشاندان چۆڵ بکەن، لەبەر ئەوە پارتی هێزێكی تری تایبەتی سەر بە مسرور بارزانی و "چەتەی ڕۆژ" نارد بۆ هێرشکردنە سەر گەل.
هەر یەک لە هێزە تایبەتەکانی مەسرور بارزانی و "چەتەی ڕۆژھ کە لەلایەن تورکیاوە پەروردە کراون، هێرشیان کردە سەر گەنجانی گەلی زاخۆ و دەستیان بە خوێنی گەلی زاخۆ سور بوو. ئەو چەتانە دەیان گەنجی زاخۆیان بریندار کرد، گەنجان لەبەرامبەر هێرشەکانی چەتەکان بێدەنگ نەمان و بە دار و بەرد بەرگریان لە خۆیان کرد، شەڕ و پێكدادان تا دەرەنگانی شەو بەردەوام بوو.
بۆ پێشگرتن لە دووبارە بوونەوەی خۆپێشاندانی گەل ئەمڕۆ پەدەکە شاری زاخۆی ملیتاریزە و عەسکەتاریەت کردووە و بە هەزاران چەکداریان لە شەقامەکاندا جێگیرکردووە.
هۆکاری خۆپێشاندانەکان
هەرچەند کار لەسەر ئەوە بکرێت سەقفی داوکاریەکانی گەلی زاخۆ بچووک بکرێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا داوکاری هاوڵاتیانی زاخۆ لەوە فراوانترە کە باس دەکرێت.
یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە لە سەرەتای بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەستپێکردنی قەدەغەی هاتوچۆ، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا، ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری تورکیا دەربازی ناو خاکی باشوری کوردستان نەبن، بە پێچەوانەشەوە ئۆتۆمبێلی باشووری کوردستان نەچن بۆ تورکیا، بەڵام ئەوە ڕێگر نەبوو لە جوڵەی بازرگانی ئەو کەل و پەلانەی بە ئۆتۆمبێلی تورکیا دەهاتن بۆ باشووری کوردستان، ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری باشووری کوردستان لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل وەریان دەگرت و دابەشیان دەکرد بە ناو شارەکاندا.
ئەم شێوازە بازرگانییە بەردەوام بوو تاکو دوێنێ شاندێکی دەروازەی سنووری هەرێم لەگەڵ شاندێکی دەروازەی تورکیا کۆبوونەتەوە، بڕیاردراوە ئیتر ڕێگا بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری تورکیا بدرێت بۆ ئەوەی دەربازی ناو خاکی باشوری کوردستان بن و خۆیان ڕاستەوخۆ کاڵاکان دابەش بکەن، بە پێچەوانەوە ڕێگا نادرێت ئۆتۆمبێلی عێراق و باشوری کوردستان بچن بۆ تورکیا، ئەوەش ناڕەزایەتی خاوەنی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانی زاخۆی لێکەوتەوە و دەستیان بە خۆپێشاندان کرد.
ڕاستە خۆپێشاندانەکە خاوەنی بارهەڵگرەکان دەستیان پێکرد، بەڵام لە کاتێکی کەمدا ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە هاوڵاتیان بەشداریان تێدا کرد.
هۆکارەکانی فراوان بوونی خۆپێشاندانەکان
• ماوەی دوومانگە دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بە چڕی سنووری قەزای زاخۆ بۆردوومان دەکات، هەوڵ دەدات چیای حەفتانین داگیربکات کە دەکەوێتە چوارچێوەی ناوچەی جوگرافی زاخۆ، بەو هۆیەشەوە بە دەیان گوند چۆڵکراوە، ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتی مەدەنی بە هۆی بۆردوومانی تورکیا بونەتە قوربانی.
• لەبەرامبەر داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا حکومەتی هەرێمی کوردستان بێدەنگی هەڵبژاردوە، نەک هەر ئەوەندەش بەڵکو کار لەسەر ئەوە دەکات شەرعیەت بۆ داگیرکاریەکانی تورکیا بێنێتەوە لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە هاوکاری هێرشەکانی تورکیا دەکەن، ئەوەش بە پێچەوانەی خواستی خەڵکە، کە نیگەرانن لە هێرش و داگیرکاریەکانی تورکیا.
• بەرخۆدان و خۆڕاگری گەریلا لەبەرامبەر دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە حەفتانین و لوتکەی خانتور کە گەلی زاخۆ بە چاوی خۆی دەیبینێت مۆراڵی گەلی بەرزکردووەتەوە کە بەرخۆدان دەتوانێ پێش لە داگیرکاری بگرێت، گەل بەم خۆپێشاندانە پشتیوانی خۆیان بۆ بەرخۆدان دووپاتکردەوە.
• یەکێکی تریش لە هۆکارەکان سیاسەتی برسیکردنی گەلە کە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بە شێوازێکی مەزاجی موچەی هاوڵاتیان دابەش دەکات، وەک پێویست خزمەت پێشکەشی هاوڵاتیان ناکرێت.
هەموو ئەوانە ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەخات کە پارتی لە ناوچەی بادینان سیاسەتی هەڵە بەڕێوە دەبات، بە شێوازێک چەند جارێك مەسعود بارزانی شاری زاخۆی بە دڵ و ڕووح بەناو کردبوو، بەڵام ئێمە دوێنێ بینیمان گەل ئێستا هوشیارە تا سەر بۆ کەس دڵ و ڕووح نییە، کێ بیپارێزێت و کێ خزمەتی بکات دڵ و ڕووحی ئەو لایەنەیە.
ژ.ت