خەڵکی سلێمانی داگیرکەریان شەرمەزار کرد

دوێنی شەو خەڵکی شاری سلێمانی لە دژی هێرشە قڕکەر و داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داگیرکەریان شەرمەزار کرد.

لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی تورکیا خەڵکی سڵێمانی ڕژانە ناو شەقامەکان و دەوڵەتی داگیرکەریان شەرمەزار کرد.

هاوڵاتیان لە شەقامی سالم (سەهۆلەکە) کۆبوونەوە و بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" و "بژی بەرخۆدانی قەسەدە" و "بمرێت ئەردۆغانی قڕکەر" خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. لە خۆپیشاندانەکەدا ئەندامی ئامادەکاری چالاکیەکە دکتور بەکر قسەی کرد و ڕایگەیاند، ئامانجی دەوڵەتی تورک بە تەنها ڕۆژئاوای کوردستان نییە، بەڵکو داگیرکردنی هەموو کوردستانە و قڕکردنی هەموو کوردێکە. بەو هۆیەوە هەموو گەلی کورد پێویستە لەدژی داگیرکەری بووەستنەوە.

سلێمان عارەب نوێنەری پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە- PYD) لە چالاکیەکەدا قسەی کرد و وتی، "بەرخۆدانمان بەردەوام دەکەین و بڕوامان بە هێزی خۆمان هەیە. هێزەکەمان هەیە بە ساڵان بەرخۆدان بکەین و گۆڕانکاری گەورە دروست بکەین."

هەروەها زەردەشتیەکانی کوردستانیش بەشداریان لە چالاکیەکەدا کرد  و لە سەر ناوی زەردەشتیەکان پیر ئاشینا ڕایگەیاند، "ئێمە وەک زەردەشتیانی کوردستان ئامادەین گیانمان بۆ ڕۆژئاوا بەخت بکەین. داوا لە هەموو هاوڵاتیان دەکەین بەیەکەوە لەدژی داگیرکاری بووەستنەوە."

هەروەها ژمارەیەک لایەن و ڕێکخستنی تر قسەیان کرد و ئاماژەیان بە بەرخۆدان و تێکۆشانی گەلی کوردستان لەدژی داگیرکەری دەوڵەتی تورک کرد.

ف.ق