دامودەزگاکانى دەوڵەتى ئاکەپە لە وان بە بەرتیل کار دەکەن

دامودەزگاکانى دەوڵەتى ئاکەپە لە شاری وان بە بەرتیل کار دەکەن. فەرمانبەرانى ئەو دامودەزگایانە بەبێ وەرگرتنى بەرتیل کاری هاووڵاتییان رایى ناکەن.

لە شاری وان و بە تایبەتى لە فەرمانگەى تاپۆ و رووپێوی زەوی و فەرمانگەى دارایى، فەرمانبەران بە بێ وەرگرتنى بەرتیل کاری هاووڵاتییان ئەنجام نادەن.

لە ناوچەکانى توشبا، رێیا ئارموش و ئەرتەمێنت لە پارێزگاى وان بەشێک لە فەرمانبەرانى تاپۆ بەبێ وەرگرتنى بەرتیل ئامادە نین کاری هاووڵاتییان ئەنجام بدەن.

کاتێک هەر هاوڵاتییەک لە فەرمانگەکانى تاپۆ و رووپێى زەوی و فەرمانگەى دارایى بەرتیل بە فەرمانبەرەکان نەدات کارەکەی بۆ چەندین رۆژ رادەگیرێن یان دوادەخرێن و هەندێکجاریش کارەکان بۆ چەندین مانگ دوادەخرێن و دەستخەڕۆیى بە هاووڵاتیان دەکرێت. ئەو هاووڵاتییانەى کە نایانەوێت بەرتیل بدەن کارەکانیان دوادەخرێت و تەنانەت مامەڵەکانیان ون دەکرێن.

لە وان کە رێژەى بێکارى لە ئاستێکى بەرزدایە، ئەو بەرتیلخۆرییەى فەرمانبەرانى دەوڵەتەکەى ئاکەپە ناڕەزایەتیى لە ناو هاووڵاتییاندا دروستکردووە. کار و مامەڵەى چەندین هاووڵاتی بەهۆی نەدانى بەرتیل لە فەرمانبەرانى دەوڵەتەکەى ئاکەپەوە رایى نەکراوە.

هاووڵاتییەک کە بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە داوایکرد ناوەکەى بڵاونەکرێتەوە بە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند "ئەگەر بەرتیل نەدەین هیچ کارێکمان لە دامودەزگاکانى دەوڵەتدا بۆ ئەنجام نادەن. کاتێک بەرتیل نەدەین کارێکى کە تەنها ١٠ خولەکى پێویستە بۆ ئەنجامدانى، بۆ چەندین مانگ دوادەخرێت و هاتوچۆ بە هاووڵاتییان دەکرێت. کاتێک بەرتیلیش بە فەرمانبەرەکان بدرێت، فەرمانبەرەکان بە خێرایى کارەکە جیبەجێ دەکەن. دەکرێت بڵێم لە هەموو دامودەزگاکانى دەوڵەتدا بەرتیلخۆری بووە بە باو بە بێ وەرگرتنى بەرتیل هیچ کارێک رایى ناکەن، چونکە کەس نییە چاودێرییان بکات و لێیان بپرسێتەوە. رێژەى بەرتیلەکەش بەپێى قەبارەى کارەکە دیاری دەکرێت و ئەگەر کارەکە هەندێک قەبارەکەى گەورە بێت دەبێت بەرتیلی زیاتر بدەیت تاوەکو کارەکەت ئەنجام بدەن".

ر.م