دوو كۆڵبه‌ر له هه‌ورامان و ئوورمییه هه‌ڵدێران؛ یه‌كێكیان گیانی له‌ده‌ستدا
دوو کۆڵبەری کورد لە بهرزانییهكانی هەورامان و ئوورمییه هەڵدێران. یه‌كێكیان گیانی لەدەست دا و ئەوەی دیکەشیان بە سەختی بریندار بوو.
دوو کۆڵبەری کورد لە بهرزانییهكانی هەورامان و ئوورمییه هەڵدێران. یه‌كێكیان گیانی لەدەست دا و ئەوەی دیکەشیان بە سەختی بریندار بوو.
رۆژی دووشەممە ٥ی شوبات\١٦ی ڕێبەندان، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی گوندی «حەلیج»، بە ناوی «تاهیر چاشنی دڵ - ته‌مه‌ن ٣٥ ساڵ و خێزاندار»، لە چیای چیمه‌نی نزیك ئوورمییه، هه‌ڵدێرا و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.
بەپێی زانیاری میزۆپۆتامیا نیوز، ناوبراو لە نزیك سنووری نێوان مەرگەوەڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شەمزینانی باکووری کوردستاندا، خەریکی کاری کۆڵبەری بووه و له‌سه‌ر چیای چیمەن به‌ربووه‌ته‌وه و گیانی لەدەست داوه.
لەلایەکی دیکەوە ڕاگه‌یه‌ندرا کە ڕۆژی سێشه‌ممه ٦ی شوبات/١٧ی ڕێبەندان، كۆڵبه‌رێكی دیکەی کورد لە بەرزاییەکانی «تەتە»ی هەورامان، هەڵدێراوه و هەردوو لاقی شکاوە.
«موحەممەد کەریمی» خەڵکی گوندی «دزلی»ی هه‌رێمی هەورامانە. بۆ چاره‌سه‌ری برینه‌كه‌ی، گواستراوه‌ته‌وه بۆ یه‌كێك له نەخۆشخانەکانی شاری سنە.
بەهۆی نەبوونی کار و پێداویستییەكانی ژیان، هەروەها سیاسەتی هەڵاواردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ناچاری بەشێک لە هاوڵاتیانی دانیشتووی گوندە سنوورییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەریکی کاری کۆڵبەرین. بەشێکی زۆر لەو کۆڵبەرانە دەبنە قوربانی سیاسەتی کوردکوژی دەسه‌ڵاتدارانی ئێران. ساڵانه به‌هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی كۆماری ئیسلامی، مینە چێنراوە بەجێماوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران – عێراق و کارەساتی سرووشتی، دەیان كۆڵبه‌ری کورد لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات – باشوور و ڕۆژهەڵات – باکووری کوردستان، گیان لەدەست دەدەن یاخود بریندار دەبن.
ش. م