دەربەندیخان بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: 'من کوردێکی دڵپڕم کاڵای تورکی ناکڕم'

لە شارۆچکەی دەربەندیخان بە دروشمی 'من کوردێکی دڵپڕم کاڵای تورکی ناکڕم'، هەڵمەتێک بۆ بایکۆتکردنی کاڵای تورکی و بەکارنەهێنانی لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەڕێوە چوو.

ئێوارەی ئەمڕۆ، لە شارۆچکەی دەربەندیخانی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لەكاتی بەڕێوەچوونی یارییەکی تۆپی پێ، لەنێوان یانەی دەربەندیخان و یانەی زاخۆ، لەیاریگای مەحموی مامەعەزە لەشارۆچكەی دەربەندیخان، كۆمەڵێك گەنجی خۆبەخش بەمەبەستی فراوانکردنی هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵای تورکی بڵاوکراوەیان بەسەر ئامادەبوواندا بڵاوکردەوە و دروشمی من کوردێکی دڵپڕم کاڵای تورکی ناکڕم-یان دەوتەوە.

هاوكار قادر، چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی بۆ ڕۆژنیوز وتی: لەچوارچێوەی ئەو ناڕەزایەتیانەی لەهەرێمی كوردستان ڕاگەیاندراوە بۆ بایكۆتكردنی كاڵای توركی، ماوەی مانگێك زیاترە درێژەمان بەدەنگی ناڕەزای داوە بۆ ئەوەی دژ بەو پەلامارانەی توركیای فاشیست بوەستینەوە، ئەمڕۆش یەكێكە لەڕۆژە هەرە قەرەباڵغەكانی دەربەندیخان، بە گونجاومان زانی ئەو پۆست كارت و دروشمانە بەسەر خەڵكی دەربەندیخاندا دابەشبكەین.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی دەربەندیخان بەدەم داواکاریی ئەوانەوە هاتوون و بایكۆتی كاڵای توركیان كردووە و وتی: دەربەندیخان لە ڕیزبەندی پێشەوەی ئەو ناوچانە دایە کە بایکۆتی کاڵای تورکی تێدا کراوە.

ز.ش