دەریاچەی وانیان کردووە بە گۆڕستانی پەنابەران

دەریاچەی وان بە کۆمەڵکوژی ئەم دواییە، بۆ گۆڕستانی پەنابەران گۆڕاوە. لەم کۆمەڵکوژیانەدا بە ئەندازەی بازرگانەکانی مرۆڤ، هێزەکانی دەوڵەتیش بەرپرسیارن.

وان بە کارەساتی مرۆیی لە ڕۆژەڤدایە. لەسەر سنورەکانی، پەنابەران لە سەرمادا ڕەق دەبنەوە. لە ئەنجامی ڕووداوی هاتوچۆدا گیانیان لەدەستدەدەن. لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار تەرمەکانیان لەژیر بەفر دەردەکەون. لەو دواییانەشدا ژمارەیەکی زۆریان لەناو دەریاچەکەدا خنکاون. هێزەکانی دەوڵەت لەسەر سنور لەگەڵ بازرگانەکانی مرۆڤ کار دەکەن، لەسەر خوێنی پەنابەران پارەیەکی زۆر قازانج دەکەن.

پەنابەران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئاسیا بەهۆی شەڕەوە کۆچ دەکەن و دەیانەوێت بگەنە ئەوروپا و لە سەرەتادا دەچنە شاری وانی باکووری کوردستان. بە هەزاران کەس لە ئەفغانستان، ئێران، عێراق و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست لە ڕێگەی ئێرانەوە دەچنە وان. ڕۆژانە هەزار تا هەزار و ٥٠٠ کەس هەوڵی پەڕینەوە دەدەن. بە پێی ئامارە فەرمیەکان لەساڵی ٢٠١٩دا ٤٠ هەزار و ١٨٠ پەنابەر لەسەر سنور دەستگیرکراون. لە دەستگیرکراوەکان زیاتر، پەنابەر کەوتوونەتە دەستی بازرگانەکانی مرۆڤ.

دەریاچەی وان بووەتە ڕێگەی نوێی بازرگانەکانی مرۆڤ

چیرۆکی زۆربەی پەنابەران کە لە رێگەی وانەوە دەچنە باکووری کوردستان بە تراژیدیایەک کۆتایی دێت. بە تایبەتی دەریاچەی وان کە بە مێژوو و جوانی سروشتی خۆی دەناسرێت، بەڵام لەم دواییانەدا بە کۆمەڵکوژی پەنابەران دەناسرێت. کۆمەڵکوژی پەنابەران بە هاوکاری بەرپرسانی دەوڵەتی و بازرگانەکانی مرۆڤ ئەنجام دەدرێت. لەم دواییانەدا ڕێگەی نوێی بازرگانی بە دەریاچەی واندا تێپەڕ دەبێت. بە تایبەتی لەماوەی ٢ ساڵی ڕابردوودا بە هەزاران پەنابەر لە ڕێگەی دەریاچەی وانەوە بەرەو بەدلیس ڕوویشتوون. تا ئێستاش دەوڵەت هیچ ڕێوشوێنێکی نەگرتووەتەبەر.

دەوڵەت سەیری مردنی مرۆڤەکان دەکات

لە ٢٨ی حوزەیراندا لە دەریاچەی وان کەشتیەک ژێرئاوکەوت کە ١٠٠ پەنابەری تێدابوو. ئامارە فەرمیەکان دەڵێن کە لەناو کەشتیەکە ٥٥ بۆ ٦٠ پەنابەر هەبووە، بەڵام باسی ١٠٠ پەنابەر دەکرێت. لەگەڵ ئەوەی ١٠ ڕۆژە ڕووداوەکە ڕوویداوە، بەڵام تا ئێستا کەشتیەکە نەدۆزراوەتەوە. تا ئێستا تەرمی ١٣ پەنابەر دۆزراوەتەوە.

ئەم ڕووداوە یەکەم کارەساتی دەریاچەی وان نییە. لە ٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩دا کەشتیەکی پەنابەران لە دەریاچەی وان کە بۆ ناوچەی عادلجەوازی بەدلیس دەچوو ژێرئاوکەوت و ٧ کەس خنکان و ٦٤ کەسیش بە هاوکاری گوندنشینانی ناوچەکە ڕزگارکران.

کارەساتەکانی پەنابەران لە وان بە تەنها ژێرئاوکەوتنی کەشتیەکان نین. لە بەهاری ساڵێ ڕابردوودا لە ناوچەی ئەلباکی وان لاشەی ڕەقبووەوەی ٢٦ پەنابەر دۆزرایەوە. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٩ دا لە ناوچەی چاڵدرانیش دوای توانەوەی بەفر تەرمی ١٥ پەنابەری تر دۆزرایەوە. لە ناوچەی قەلقەلی وانیش ئۆتۆبوسێکی پەنابەران وەرگەڕا و ١٧ پەنابەر گیانیان لەدەستدا و ٥٠ کەس بریندار بوون. لە ناوچەی سارای ئۆتۆبوسێک وەرگەڕا و ٥٥ پەنابەری تێدابوو و ٢٠ کەس بریندار بوون. ساڵی ٢٠٢٠ لەسەر سنوری چالدڕانی ئێران ١٣ پەنابەر ڕەقبوونەوە کە ١٠ کەسیان ئەفغانی و ٣ کەسیش خەڵکی کۆبانێ بوون.

ف.ق