دەلیلا دەنگی ئازادی بوو

تێکۆشین جودی ئەندامی کۆمیتەی رۆشنبیری و هونەری پەکەکە هونەرمەند دەلیلای بەبیر هێنایەوە و وتی: "دەلیلا دەنگی ئازادی بوو. دەبێت هەموو هونەرمەندان بە ڕۆحی دەلیلا لە دژی فاشیزم تێبکۆشن".

کۆمیتەی رۆشنبیری و هونەری پەکەکە لە ١٢هەمین ساڵیادی شەهیدبوونیدا، یادی هونەرمەند و گەریلا دەلیلا (شەنای گۆچبەر)ی بەرز ڕاگرت. 

تێکۆشین جودی بە ناوی کۆمیتەی رۆشنبیری و هونەری پەکەکەوە وتی، دەلیلا هەم هونەر و هەم گەریلایەتی پێکەوە کرد.

جودی وتی: "وەکچۆن دەڵێین شەهید مزگین و شەهید سەفقان لەناو تێکۆشانماندا پێشەنگایەتی خەباتی رۆشنبیری و هونەریان کرد، هەڤاڵان هۆزان سەرحەد، بەرچەم و دەلیلا بوونە گرنگترین درێژپێدەرانی ئەو ڕێبازە. نەک تەنها لە خەباتی رۆشنبیری و هونەردا، بەڵکو لە حزبیبووندا، لە پێشەنگایەتیدا، لە گەریلابووندا ئەو هەڤاڵانە میراتێکی گەورەیان بۆ ئێمە بەجێهێشتووە. گەورەترین ئەرکی ئێمە نۆژەنکردنەوەی ئەو میراتەیە کە ئەو هەڤاڵانە بۆ ئێمەیان بەجێهێشتووە".

دەلیلا دەنگی ژن بوو

جودی کاتێک سەرلەنوێ گوێ لە دەلیلا دەگرێت، لەبارەی هەستەکانییەوە دەڵێت: "پێشتر من گوێم لە کارەکەی گرتبوو کە بۆ هەڤاڵ زیلان وتبووی، کلیپەکەی بڵاو کرابوەوە. ئەو کاتە بەخۆمم وت، ژنێک هەم هونەرمەندە و هەم گەریلاشە و دەتوانێت ببێتە خاوەن دەنگێکی ئەوەندە خۆش. تەنها ئەو دەنگە کاریگەرە دەتوانێت هونەرێکی باشی لەو شێوەیە ئەنجام بدات. هونەر بەم شێوەیە دەکرێت باش ئەنجام بدرێت".

جودی وتی، دوای پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، شەهید دەلیلا بە خەباتەکانی خۆی هەوڵی دا کە لە دژی پیلانگێڕیی ببێتە وەڵامدەر و هەموو خەباتەکەی لەو ڕێگایەدا بوون. جودی هەروەها وتیشی کارەکانی بە تایبەت لەسەر تێکۆشانی ئازادی ژن بوو، جوانبوونی ژن، بەرخۆدانی ژن و پشەنگایەتییەکەی لەبەرخۆداندا لە گۆرانییەکانیدا زۆر باش دەربڕیوە. جودی وتیشی: "لەبەر ئەوانەش ئێمەی ژنانی ناو خەباتی رۆشنبیری و هونەردا، شەهید دەلیلا بۆ خۆمان بە نمونە دەزانین".

دەبێت هونەرمەندان بە ڕۆحی دەلیلا لە دژی فاشیزم بوەستنەوە

جودی وتی: "لەو قۆناغە مێژووییەدا هەموو هەڤاڵانی هونەرمەند و خاوەن ویژدان دەبێت کەسایەتیی هونەر و تێکۆشانی دەلیلا بۆ خۆیان بکەنە نمونە و لەو شوێنانەی کە تێیدا دەژین دەبێت لەدژی فاشیزم بوەستنەوە". جودی وتیشی "خۆی وەکو ڕێبەر ئاپۆش وتی، هونەرمەندی گەل، شەڕڤانی گەلە. ڕاستترین نمونە شەهید دەلیلایە. هەم هونەرمەندی گەلەکەی و هەم شەڕڤانی گەلەکەی بوو. ئەگەر بمانەوێت هونەر بۆ گەل بکەین، دەبێت شەهید دەلیلا بۆ خۆمان وەکو نمونە ببینین. دەبێت لەو چوارچێوەیەدا هەڵسوکەوت بکەین و کار بکەین. ئەلبوم، کلیپ و گۆرانییەکانی شەهید دەلیلا ئەمڕۆ لەلایەن ملیۆنەها کەسەوە سەیردەکرێن و گوێیان لێ دەگیرێت".

جودی وتیشی، دەنگ و ڕەنگ و هونەری وەکو دەلیلا کەمن، لەوانەیە ئەوان نەتوانن ئەو هونەرەی ئەو خوڵقاندویەتی دەریبخەن، چونکە دەلیلا بە هەستی گەریلاوە هونەری خۆی بەرهەم دەهێنا و دەیکردە هی کۆمەڵگە. جودی ئەوەشی وت، "پێویستە لەم قۆناغە قورسەدا لە دژی سیاسەتەکانی داگیرکەر بە ڕۆحی دەلیلا پێشەنگایەتی بکەین. ئەگەر خاوەنداری لە ناسنامەی هونەری و هونەرمەندیی خۆمان دەکەین و لە کام بواری هونەردا بێت گرنگ نییە، شانۆ، مۆسیقا، سینەما، یان شێوەکاری بێت، ئەگەر ئێمە بەخۆمان دەڵێین، هونەرمەند، بەخۆمان دەڵێین دەبینە هونەرمەندی گەل دەبێت خاوەنداری لەو ڕێگەیە بکەین. بەو شێوەیە دەبێت لە دژی ئەو گۆشەگیرییە نامرۆڤانەیەی کە لەسەر ڕێبەرایەتی، لە دژی سیاسەتەکانی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک، لەدژی فاشیزم و گوشارەکان بەرخۆدان بکەین. هەرکەسێک بەخۆی دەڵێت، هونەرمەندی گەل دەبێت نوێنەرایەتیی ویژدانی گەلەکەی بکات.

لەبەر ئەوە دەبێت خاوەنداری لەو میراتە جوانە بکەین، کە نوێنەرانی ویژدانی گەلەکەمان بۆ ئەو تێکۆشانە و بۆ ئێمەیان بەجێهێشتووە و ئەو رچەیەی بە رۆحە بەرخودێرانەکەیان بۆ ئێمەیان شکاندوە. بەتایبەتی هونەرمەندانی ژن و گەنج دەبێت بەو ڕۆحەوە کارە هونەرییەکانیان ئەنجام بدەن. لە کام میللەت بن گرنگ نییە، دەبێت هەموو هونەرمەندان لە دژی فاشیزم بە ڕۆحی دەلیلا بجوڵێنەوە. بۆیە بانگەوازی بۆ هونەرمەندانی دیموکرات، دۆست، خاوەن ویژدان، وڵاتپارێز دەکەم، ئەم قۆناغە قۆناغی هونەرمەندبوونە. قۆناغێکی لەو جۆرەیە، کە گەل دەتوانێت هونەرەکەمان قبوڵ بکات. بە دڵنیاییەوە ئێمە بە ڕێگەی شەهید مزگین، شەهید سەفقان و دەلیلا فاشیزم دەڕوخێنین و کوردستان ئازاد دەکەین."

ژ.ت