دەمیر: دۆسیەی ۱۳ی تشرینى دووەم دۆسیەیەکی مێژووییە

دەمیر لەبارەى هێرشى سڕینەوە و لەناوبردنى دەوڵەتى تورکیا بۆ سەر جزیر و کۆمەڵکوژکردنى هاووڵاتییان لە ژێرزەمینەکانى جزیردا رایگەیاند، رۆژی ١٣ى تشرینى دووەمی ٢٠١٨ لە دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپا دانیشتن لەسەر ئەو دۆسیەیە بەڕێوەدەچێت.

دەربارەی دۆسیەی هێرشەکانی سڕینەوە و لەناوبردنی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر جزیر، رەمەزان دەمیر یەکێک لە پارێزەرەکانی ئەو دۆسیەیە رایگەیاند، پێشتر سکاڵایان لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا (DMME) تۆمارکردبوو. راشیگەیاند، ڕۆژی  ١٣ی تشرینى دووەم دانیشتنی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە بەڕێوەدەچێت. دەمیر وتیشی "تەواوی بەڵگە و هەڵسەنگاندن و داوا یاساییەکان لە دادگا، دەربارەی کوشتنی هاوڵاتیان، بە تایبەتی کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەژێر زەمینەکاندا لە ناو دۆسیەکە و سکاڵاکەماندا تۆمارکراوە".

لەبارەی ئەو کەسانەوە، کە لە کاتى بەرخۆدانەکانی خۆبەڕێوەبەریی ساڵی ۲۰۱۴ لە جزیر ژیانیان لەدەستداوە، دۆسیەیەک پێشکەش بە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا کرابوو.

بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی ژیان، ئازادی و ئاسایشیەوە، دوو هاوڵاتی مەدەنی هەریەک لە عومەر ئەلچی و ئۆرهان توونچ، کە بریندار بووبوون و ئامبولانسیان بۆ نەناردبوون، ئەو دۆسیەیە ئاڕاستەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا کرابوو و سکاڵاش تۆمارکرابوو.

بەرپرسانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، بە نامەیەک وەڵامی دۆسیەکە و سکاڵاکەیان دایەوە و تێیدا دەستنیشانی کردووە، ڕۆژی ۱۳ ی مانگی تشرینى دووەمی ٢٠١٨، کاتژمێر ۹ ی سەرلەبەیانی، لە شاری ستراسبورگ لە فەرەنسا، دانیشتنی دادگاکە بۆ ئەو دۆسیەیە دەستپێدەکات.

لە تورکیاوە داوای بەرگریی کرابوو

بە تایبەتی لە شار و ناوچەکانی جزیر، سوور و سلۆپی و بە گشتییش لە زۆر شوێنی تری باکووری کوردستان، لە کاتی قەدەغەی هاتووچۆدا، ئەو مافانەی مرۆڤ پێشێل کرابوون و چەندین کەس بە شێوەیەکی دڕندانە کوژران. ساڵانی ۲۰۱۵ و ۲۰۱۶ ، چەندین جار لەبارەی ئەو پرسەوە، سەردانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستووری تورکیا کرابوو، دۆسیە پێشکەش کرابوو. لەو سەردانانەدا داوا لەو دوو دادگایە کرابوو کە بۆئەوەی پیش بگرن لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، بڕیاری گرتنەبەری ڕێوشوێن بدەن. دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاریدابوو کە چاو بەو دۆسیەیەدا بخشێنێت. لە ئێستاشدا ئەنجامەکەی دەرچووە و بڕیارە ڕۆژی ۱۳ ی مانگی دااتوو، دانیشتنی دادگا لەو بارەیەوە بەڕێوەبچێت. بۆ ئەو مەبەستە، دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، داوای لە تورکیا کردووە کە لە ۳۴ دانیشتنی دادگادا، بەرگری لە خۆیان بکەن و ئامادەی دادگاکە بن. جەختیان لەوەش کردووەتەوە کە ئەوان پاشان بڕیاری خۆیان لەبارەی ئەو کەیسەوە دەدەن.

ئەم دۆسیەیە دەبێتە نموونە

یەک لە پارێزەرەکانی دۆسیەکە بە ناوی ڕەمەزان دەمیر، بڕیارەکەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپای هەڵسەنگاند و جەختی لەوە کردەوە کە پاش کۆتایی ئەم دانیشتنانەی دادگا و بڕیارەکانی دادگا لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە، چیتر ئەو دۆسیەیە دەبێتە نموونە بۆ دۆسیەی تر کە تایبەتە بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، لەکاتی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆدا.

ئەو پارێزەرە دەستنیشانیشی کرد کە لەسەر ئەو پرسە زۆر جار سەردانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا کراوە و داوایان لێکراوە کە لێکۆڵینەوە لەبارەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە بکەن و وتیشی "بەهۆی ئەوەی کە دەرفەتی دادگا نیە کە لەبارەی هەموو  داوایەکەوە دانیشتن ئەنجام بدات، بڕیاریان داوە کە دانیشتن لەبارەی کەیسی کوشتنی ئۆرهان توونچەوە بکەن. بەڵام هەر بڕیارێک لەبارەی ئەوەوە بدرێت، بۆ تەواوی ئەو کەسانەی تریش کە کوژرابوون، وەک بڕیار تەماشا دەکرێت. بە تایبەتی ئەو کەسانەی کە لە ژێرزەمینەکاندا کوژرابوون.

دانیشتنی مێژوویی دادگا

پارێزەر ڕەمەزان دەمیر ڕوونیشیکردەوە کە لە دانیشتنی دادگادا، دۆسیە دەربارەی عومەر ئەلچی، لە ئاستی یاسایی و بنەمای قەدەغەی هاتووچۆ، تاوتوێ دەکرێت. وتیشی "ئەو دانیشتنە دەبێتە دانیشتنێکی مێژوویی دادگا. چونکە لەو دادگا نێودەوڵەتیەدا، بە شێوەیەکی کراوە، دانیشتن لە بارەی ئەو کەسانەوە ئەنجام دەدرێت کە لە بەرخۆدانەکانی خۆبەڕێوەبەریی لە جزیری باکووری کوردستان. لە کاتی قەدەغەی هاتووچۆدا شەهید بوون، بە تایبەتیش لەسەر ئەو کەسانەی کە لە ژێرزەمینەکاندا کوژراون، دادگایی بەڕێوەدەچێت".

ر.م