دەمیرتاش: ئێمە لەهەموو شوێنێک لە تێکۆشانی خۆمان بەردەوام دەبین

سەلاحەدین دەمیرتاش، ئەمڕۆ لە دووهەمین دانیشتنی دادگایی کردنەکەیدا لە ئانکارا، بۆ جاری یەکەم پارێزگاری لەخۆی کرد.هێندێک شاندی بیانی لەدەرەوەی وڵاتیشەوە هاتبوون، بەڵام ڕێگەیان پێنەدرا بەشداری دانیشتنەکە بن

دەمیرتاش، لە کاتی دادگایی کردننەکەیدا وتی: ''بۆ ئەوەی کە بتوانن یاسای بنەڕەتی بگۆڕن، پێویست بوو کە هەدەپە قەڵاچۆ بکەن. هەر بۆیەش ئێمە لەدەرەوەی یاسا گیراوین".

هێزە ئەمنییەتییەکانی تورکیا ڕێگەیان بەوشاندانەی کە بۆ چاودێریکردنی دۆسیەکەی دمیرتاش لە دەرەوەی وڵاتەوە هاتبوون نەدا کە بەشداری دادگا بن. لەنێو ئەو شاندانەدا کە ڕێگەییان پێنەدان بچنە هۆڵی دادگەوە، نوێنەری سەفارەتخانەکانی ئەڵمانیا، نۆڕوێژ، دانمارک، کانادا، بریتانیا، هۆڵەندا و ئیرلەندا-ش هەبوون.

هەروەها ڕێگە بە زۆر کەسایەتی و پارێزەری بیانیش نەدرا کە بەشاری دانیشتنەکە بکەن، لەوانە: ٢نوێنەری پارتیی کۆمۆنیستی فەڕەنسا، ٢ پارێزەری مافەکانی مرۆڤ لە نۆڕوێژ، ٣پاریزەری ناوەندی لەندەن، نوێنەری پارتیی چەپی ئەڵمانی و ئەندامی پەڕڵەمانی لە بەڕلین، پارێزەری یەکێتی سوور – سەوزی دانمارک و پارێزەرێکی ئیتالیایی.

ڕێگە بە ''لەیلا خالید"، هێمای تێکۆشانی ئازادی فەلەستین-یش نەدرا کە بچێتە ژووری دادگەوە. لەیلا خالید، لە پێش هۆڵەکە، بە لێدوانێکی کورت ڕایگەیاند: ''ئێمە هاتین کە چاودێری دۆسیەکەی دەمیرتاش بکەین. بەلام پۆلیس ڕێی لێگرتین. لە دێموکراسییدا شتێکی بەو جۆرە بوونی نییە. ئەو پێشانمان دەدات کە دادگەکانی تورکیا چەندە سەربەخۆن".

دەمیرتاش بۆ جاری یەکەم ئامادەی دانیشتنی تایبەت بە دۆسیەکەی بوو. جاری یەکەم بەهۆی ئەوەی کە دەمیرتاش ئامادەنەبوو بە کەلەپچە کراوی بەشداری دادگایی کردنەکەی بێت، نەیانتوانی بیهێننە دادگە. دەمیرتاش لەدوای ٤٦٠ ڕۆژ لە ڕاگرتنی لە گرتووخانەدا بۆ یەکەمین جار، پارێزگاری لە خۆی کرد.

دەمیرتاش دەربارەی ناڕەزایەتی لە مەڕ کردنەوەی دۆسیە لەسەری و هەروەها مانشێتی ڕۆژنامەکانی تورکیای لە پێش ئەوەی مافی پارێزبەندی لەسەر هەڵگیرێت، یەک بە یەک پێشکەشی داگا کرد. دەمیرتاش، وتی: ''ئەگەر ئەو ڕۆژنامانە هەموویان نووسیبایان کە دەمیرتاش لە فەزاوە هاتووە، هەرکەس باوەڕی دەکرد کەمن لە فەزاوە هاتووم. لە پێش هەگرتنی پارێزبەندی و لە پێش مانشێتی ڕۆژنامەکا و تێگەیشتنی ئینسانەکان، هەلمەتی دەستبەسەر کردنمان دەستی پێکرد".

دەمیرتاش، باسی خاڵی ٢/٨٣ی دەستووری بنەڕەتی کرد و وتی: ''بەپێی خاڵی ٢/٨٣ی یاسای بنەڕەتی، ناتوانرێت پێش لە پەڕڵەمانتەران بگیرێت. بەلام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە ١٥مانگە لە گرتووخانەم. پێویست بوو ئێوە ڕێزتان لە ئیرادەی گەل گرتبا نەک سەلاحەددین دەمیرتاش. پەڕلەمان دەترسێ، پێویستە دادوەر هێندێک بە جەسارەت بێ. بەو شێوەیەیە کە دەتوانرێت چاودێری درووست ببێت. هەموو ڕۆژێک یاسا دەردەخەن و دەستووری بنەڕەتی دەگۆڕن. ئێمە ناچار دەکەن کە وەکوو نوێنەرانی گەل لە ژوورەکاندا چاو لەو کردەوانە بکەین. ئێمەش چاوی لێدەکەین، دادگاش هەر چاوی لێدەکات. وتەبێژی ئاکەپە لە ڕێگەی دادگاوە بڕیاری گرتنی ئێمە دەدات. ئێمە دەتوانین باوەڕ بکەین کە مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، بەڵام وانییە.

هێز و تواناکانی دێموکراتیک ڕۆژبەڕۆژ گەورەتر دەبن. لە ساڵ و نیوێکدا زیاتر لە ٣٠٠٠هەدەپەیی گیراون. ئایا دەزگای داد، بەیەکجاری بڕیاری گرتنی ئەندام و لایەنگرانی هەدەپەی داوە؟ بۆ گۆڕینی دەستووی تورکیا، دەبوو هەدەپە سنووردار بکەن. هەربۆیەش بە شێوازێکی لەدەرەوەی یاسا، ئێمەیان گرتووە. بۆ یەک وتە ٣١تۆمەتیان داوەتە پالم و ئێستاش دەیانەوێ لەسەر ٣١تۆمەت پارێزگاری لە خۆم بکەم. دوای لێکۆڵینەوەکانیش، دۆسیەی سیاسییان بۆ کردینەوە. ئێوەش وەکوو دادوەر، بەجێی ئەوەی کە ڕێکارەکان ڕاست بکەنەوە، نامەتان نووسی بۆ بەرپرسانی پۆلیس و داوای بەڵگەی دیکەشتان کرد. قەت من باوەڕ بەوە ناکەم کە بەشێوازێکی دادپەروەرانه دادگایی بکرێم. ئێوە هەتا ئێستاش بۆ ئەو شەرمەزارییەی کە بەسەر یاساتان هێنا، هیچتان نەکردووە و لێی بێدەنگن. ئێمە لە زیندان دابین یان لە دەرەوەی زیندان، تێکۆشانی خۆمان بۆ دێموکراتیزەکردنی وڵات بەردەوام دەکەین''.