دەنگۆی خۆپێشاندان ترسی خستووەتە دڵی حکومەتی هەرێمەوە

ماوەی چەند ڕۆژێکە لە باشووری کورددستان دەنگۆی خۆپێشاندانی بەرفراون هەیە و حکومەتی هەرێمیش ترسی لێ نێشتوە و نمایشی سەربازی دەکات. پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هێزێکى زۆری لە زێرەڤانی و ئاسایش بە شارەکاندا بڵاوەپێکردووە.

لە ١٦ ئەم مانگە بەشێک لە مامۆستا، فەرمانبەر و چالاکوانانی مەدەنی لە شاری دهۆک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕێن لەسەر پێنەدانی مووچەکانیان، خراپیی حوکمڕانی، باردۆخی ئابووری و سیاسیی باشوری کوردستان خۆپێشاندانیکیان ئەنجامدا، بەڵام دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە توندترین شێوە بەرەنگاریان بوویەوە و ژمارەیکی زۆری لێ دەستگیرکردن و بە تێکدەر ناوی بردن.

خۆپێشاندانەکەی دهۆک لەگەڵ ئەوەی دەسەڵات نەیهێشت درێژە بکێشێت، بەڵام کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوەو و شرۆڤەی زۆری بۆکرا و وەک سەرەتای گەڕێکی تری خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی گەلی باشووری کوردستان لە دژی دەسەڵات پیناسەکرا.

لە ئێستاشدا و لە دوای چەند ڕۆژێک، جارێکی دیکە دەنگۆی خۆپێشاندانی بەرفراون و سەرتاسەری لە باشووری کوردستان هەیە، ئەوەش وایکردووە دەسەڵات ترسی لێ بنیشێت، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە هەریەک لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک هێزێکی زۆری ئاسایش و زێرەڤانیی بە شەقەمەکان و تاوەکو دەگاتە بازگەی دێگەڵە بڵاوە پێکردووە.

هەر لەگەڵ ئەو پێشهاتانەدا فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر دوو ڕۆژ پێش ئێستا لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە زمانێکی توند وەک ئاماژەیەک بۆ هەوڵی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربرێن ڕایگەیاند "ڕێگا نادەین بە ناوی هیچ بیانویەکەوە ئارامی شاری هەولێر تێک بدرێت".

هەر دوو پارێزگاری هەولێر و دهۆک ناڕەزایەتیی خەڵک بۆ قوت و مووچەکانیان بە کاری تێکدەری و ئاژاوەگێڕی ناو دەبەن. هەڕەشە و تۆمەتی ئەو دوو پارێزگارەى هەرێم لە کاتێکدایە، فەرمانەبەران و مامۆستایان پارەی پێنج مانگی موچەی ئەمساڵیان لەلای حکومەتە و وەریان نەگرتوە. هاوکات هەر بەهۆی سیاسەتی حکومەتەوە، هەرێمی کوردستان تووشی قەرزێکى زۆر کراوە، کە هۆکاری قەرزەکە و سەرچاوەی قەرزەکەش نادیارە.

جگە لەوانەش حکومەتى هەرێم لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بە سیاسەتی پاشکەوتى مووچە بڕێکى زۆر لە مووچەى فەرمانبەرانی نەداوە و حکومەتى هەرێم نزیکەى ٢ ساڵی مووچەى هەر فەرمانبەرانى هەرێم قەرزارە و سەرباری ئەوەش، کاتێک فەرمانبەران و موچەخۆران داوای ماف و موچەکانیان دەکەن، لەلایەن ئەو بەرپرسانەوە بە تێکدەر و ئاژاوەگێڕ پێناسە دەکرێن و رێز لە خواست و داواکان  مافەکانی هاووڵاتییان ناگرن. هاوکات لە دونیایدا هیچ حکومەتێک مووچەى ٢ ساڵی فەرمانبەرەکانى قەرزار نییە و لە حکومەتەکانى دیکەدا بەهۆی قەیرانی دارایەوە حکومەتەکان هەڵدەوەشێنەوە و بەرپرسان دەست لەکار دەکێشنەوە، بەڵام حکومەتى هەرێم و بەرپرسەکانی نەک بێباکن بەرامبەر بە بژێویی ژیانی هاووڵاتییان تۆمەتى ناڕەواش بۆ هاووڵاتییانی مافخوار هەڵدەبەستن.

ژ.ت