دەوڵەتى تورک ناوچەى برادۆستی بۆردومانکرد

فڕۆکە جەنگییەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر ناوچەى برادۆست لە باشووری کوردستان بۆردومانکرد.

بەپێی زانیارییەکان، دەوڵەتى تورکی داگیرکەر کاتژمێر ١٠:٢٠ی ئەم بەیانییە گوندەکانى سنیان و بندێوانیان لە ناوچەى برادۆست و خواکورک بۆردومانکردووە.

رۆژنیوز لەوبارەیەوە بڵاویکردووەتەوە، بۆردومانەکە زیانی بە سروشتی ناوچەکە و شوێنى ژیانی هاووڵاتییان گەیاندووە و هەر بەو هۆیەوە تۆڕی کارەبای ئەو ٢ گوندە پچڕاوە.

شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە لە کاتژمێر ٢٣:٣٠ فڕۆکە جەنگییەکانى دەوڵەتى تورک گوندەی سەفرەیان لە ناوچەى ماوەت لە پارێزگاى سلێمانى بۆردومانکرد.

فڕۆکە جەنگییە بێفڕۆکەوانەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لەو بۆردومانەدا ئۆتۆمبێلێک و نەخۆشخانەى گوندەکەیان کردبووە ئامانج.

ئاماژە بەوەکراوە، لەو ئۆتۆمبێلەدا کە کرابووە ئامانج چەند کەسێک گیانیان لە دەستداوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وردەکاری و ناو و ناسنامەى ئەو کەسانەى لەو بۆردومانەدا گیانیان لەدەستداوە ئاشکرا نەکراوە.

ژ.ت