هێرشەکانى دەوڵەتى تورک لە ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ەوە بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان بە ئۆپراسیۆنەکەى شەوی ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ بۆ سەر حەفتانین چووە قۆناغێکى ترەوە. دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە – ئەرگەنەکۆن لە چوارچێوەی پلانی هێرشێکى داگیرکەریی بەرفراوانى هەیە و توانا و دەرفەت و شانسی خۆی ٢٩ جاری تر بە ژمارەیەکى زۆر سەرباز و چەکی پێشکەوتو تاقیکردووەتەوە. لە ٣ ساڵی رابردوودا بە ئەو ستراتیژییە داگیرکەرییەیان بەبێ راوەستان بەردەوامی پێدەدەن. نەک تەنها لە رووی سەربازییەوە، بەڵکو بە دروستکردنی تۆڕێکى هاوکاریی ناوچەییەوە تاوەکو هاوکاریی ئابووری بەرفراوان، دەوڵەتى تورک هێدی هێدی بە بەکارهێنانی خیانەت هەوڵ دەدات بەرەوپێش بڕوات. دەوڵەتى تورک لەو چوارچێوەیەدا بەرفراوانترین هێرشی ئەم چەند ساڵەی رابردووی دەستپێکردووە.
بە نزیکەى ٣٠ فڕۆکەى جەنگی و فڕۆکەى بێفڕۆکەوانی چاودێری و فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى جەنگی بۆ ماوەى کاتژمێرێک هەرێمەکانى پاراستنی مەدیا، مەخمور و شەنگال-یان بۆردومانکرد. لەو هێرشەدا هیچ زیانێکى بە هێزەکانى گەریلا و شەڕڤانان نەگەیشت. دواى هێرشی ئاسمانی، دەوڵەتى تورک لە ناوچەى حەفتانین دەستیکرد بە پیادەکردنی سەرباز و هەوڵیدا پێشڕەویی زەمینی بکات. ماوەى ٣ رۆژە رووبەڕووی بەرخودانێکى گەورەی گەریلا بوونەتەوە. بۆ ئەوەش ئەمجارە هەر وەک جارەکانى تر، ئەو کارەی کە پیشەی هەمیشەییان بووە و زۆرترین جار ئەنجامیداوە، دووبارەیان کردەوە، ئەویش بۆردومانکردنی هاووڵاتییانى مەدەنییە. لە ماوەى ٣ رۆژدا بەلانیکەمەوە ٧ هاووڵاتیی مەدەنییان لە بۆردومانەکانیاندا کردووەتە ئامانج و بە ئەنقەست شەهیدیان کردوون. دەوڵەتى تورک ماوەی ٣٧ ساڵە کۆمەڵکوژکردنی گەلی باشوور بە شێوەیەکى بەرنامە بۆ دانرا و لە چوارچێوەى ستراتیژیی سڕینەوەى گەلی کورد و بە وردی بەڕێوەدەبات.
دەوڵەتى تورک یەکەمجار بە ناوی 'ئۆپراسیۆنی چاودێریکردنی گەرم' لە ٢٥ی ئایاری ١٩٨٣ دا بە ٧ هەزار سەرباز ٥ کیلۆمەتر سنووری بەزاند و دەستی بە ئۆپراسیۆن کرد. یەکەم ئۆپراسیۆنی ئاسمانیش لە ١٢ی ئابی ١٩٨٦ دا ئەنجامدرا. لەو رۆژەوە دەوڵەتی تورک سەدان جار هێرشی سەربازیی کردووەتە سەر خاکی باشووری کوردستان. دەوڵەتى تورک بە پاساوی 'ئاسایش' هەموو جارێک یاسای نێونەتەوەی پێشێل دەکات.
سەربازانی تورک جێگرکران
دواى ئەوەى حکومەتى عێراق لە ساڵانی ١٩٨٨ تاوەکو ١٩٩١ بەهۆی کۆتایهاتنی شەڕی ئێران و عێراق، داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عێراقەوە و دواتر سەپاندنی گەمارۆی نێودەوڵەتى بەسەر عێراقدا بووە هەل بۆ ئەنجامدانەوەى ئۆپراسیۆنەکانى دەوڵەتى تورک لە دەرەوەى سنوور.
لە بەهاری ١٩٩١ دا یەکەکانى کۆماندۆ سەرلەنوێ لە سنوور پەڕینەوە بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان. هێرشەکانیان بە ناوی 'سوپورگە – گسک لێدان' لە مانگی ئابەوە تاوەکو تشرینی یەکەمی ١٩٩١ ئەنجامدا و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە)ش پشتوانیان لەو هێرش و ئۆپراسیۆنەى دەوڵەتى تورک کرد. دواى ئەو ئۆپراسیۆنە هێزە هەواڵگری و سیخوڕییەکانى دەوڵەتى تورک لە دهۆک، زاخۆ، هەولێر و سەڵاحەدین جێگرکران.
شەڕی ساڵی ١٩٩٢ لە باشوور
هێرشی یەکەم و بەرفراوانی سوپای تورک بە بەشداریی هێزەکانى پێشمەرگەى باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ دا روویدا. هەموو بەش و پێکهاتەکانى سوپای تورک بەشدارییان لەو شەڕەدا کرد.
لە زەڵێ هاووڵاتییانى مەدەنیش شەهید کران
'ئۆپراسیۆنی دەرەوەى سنوور'ی ٢٨ی کانوونی دووەمی ١٩٩٤ لە دژی کامپی زەڵی، کە گەورەترین و بەرفراوانترین ئۆپراسیۆنی دەرەوەى سنوری دەوڵەتى تورک بوو تاوەکو ئەو کاتە، ئەو هاووڵاتییە مەدەنیانە کرانە ئامانجی بۆردومانە ئاسمانییەکانى دەوڵەتى تورک، کە بەهۆی کاولکردن و سوتاندنی گوندەکانیانەوە لەلایەن دەوڵەتى تورک لە باکووری کوردستان بە ناچار رویان لە باشووری کوردستان کردبوو و لە زەڵێ گیرسابوونەوە، لەو بۆردومانکردنەى کامپی زەڵی دا ژمارەیەکى زۆر لە هاووڵاتییانی مەدەنی شەهید و بریندار بوون.
بۆ دروستکردنی ناوچەی دابڕاوی سەربازی
سوپای تورک لە ئاداری ١٩٩٥ دا و ئەو جارە بە ٣٥ هەزار سەربازەوە دەستی بە هێرشێک کرد بە ناوی "چەلیک – ئاسن"، ئامانجەکەش وەک جارەکانى تر هەر بە وتەى خۆیان بۆ 'پاککردنەوەى پەکەکە' و هەم بۆ داڕشتنەوە و دیزاینکردنی دۆخی ئەمنی و سیاسیی باشووری کوردستان بوو. هێرشەکە لە مانگی تەممووزەوە بۆ ماوەى ٤٥ رۆژ بەردەوامیی هەبوو. لە ئابی ١٩٩٥دا لە کۆبوونەوەى باڵای دوبلن (بۆ ئاشتەوایی نێوان یەکێتی و پارتی) ئەوەى تورکیا دەیخواست بە دەستیهێنا. دوای کۆبوونەوەکەى دوبلن لە وڵاتی ئیرلەندا، مەسعود بارزانی بە شێوەی فەرمی سوپای تورکی بانگهێشتی باشووری کوردستان کرد. بەو شێوەیە بناغەى هاوکاریی ستراتیژیی نێوان ئەنقەرە و هەولێر لە دژی پەکەکە دانرا.
سوپای تورک لە کانوونی ١٩٩٦دا بە لیوایەکەوە خۆی خزاندە ناو خاکی باشووری کوردستانەوە. لە ساڵی ١٩٩٧دا بە ٥٠ هەزار سەربازەوە ئۆپراسیۆن و شەڕی "باڵیۆز – چەکوش"ی دەستپێکرد. لە تشرینی یەکەمدا ١٠ هەزار سەربازییان لەسەر سنوور جێگیرکرد و ئۆپراسیۆنەکانی چەکیچی، موراد و ساندویچ-یان ئەنجامدا. لە ساڵی ١٩٩٨ تاوەکو ٢٠٠٠ سوپای تورک چەندین هێرش و شەڕی تری لە باشوور ئەنجامدا. لە ١٥ی ئابی ٢٠٠٠ دا ناوچەى کەندەکۆڵی لە لۆلان و خواکورک بۆردومانکرد.
کۆمەڵکوژیی کەندەکۆڵ
یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکان دەوڵەتى تورک لە ١٥ی ئابی ٢٠٠٠ دا لە کەندەکۆڵ ئەنجامی دا. لەو کۆمەڵکوژییەدا ٣٠ هاووڵاتی شەهیدکران، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. هەمووشیان رەوەندی هەرکی بوون و وەک هەموو ساڵێک چووبوونە کۆێستانەکانى خۆیان.
یەکەم هێرش بە فڕکەى جەنگی لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە لە دژی رەوەندەکان و کوێستانییەکانی هەرکی لە ساڵی ١٩٩٢دا روویدا. لە ساڵی ١٩٩٥یشدا هێرشیکی تر روویدا. لە ساڵی ١٩٩٧دا ٨ فڕۆکەی جەنگی هێرشیان کردە سەر کۆچەرەکان مێرگا هەوشێ، لۆلان، خنێرە و شەوا بهکێ. لە ساڵی ١٩٩٩شدا دووبارە ئەو ناوچانە بۆردومان کرانەوە.
سوپای تورکی داگیرکەر لە ١٥ی ئابی ٢٠٠٠ دا دۆڵی کەندەکۆڵ و بەرامبەر بە دۆڵی قاشموک و ئاڤخوار لە نێوان خنێرە – لۆلان دا هێرشی کردە سەر ١٠٠ رەشماڵی هاووڵاتییان لەو کوێستانەدا. لەو هێرش و بۆردومانەدا ٣٠ کەس شەهید بوون و دەیان کەسیش بریندار بوون. ناوی چەند کەس لە شەهیدەکانی ئەو بۆردومانە بریتین لە : م. عەلی ئوزەری تەمەن ٣٥ ساڵ، فاتمە نەبی تەمەن ٢٥ ساڵ، بێریتان م. عەلی تەمەن ٤ ساڵ، بەهار ئەسعەد تەمەن ١٨ ساڵ، گەلاوێژ سمایل تەمەن ١٨ ساڵ، فەرزەندە شاکر تەمەن ١ ساڵ، خەڵات قادر تەمەن ١٨ ساڵ، بایز ئیبراهیم تەمەن ٧٠ ساڵ، بەسێ ئیبراهیم تەمەن ٦٨ ساڵ، سۆنیا محێ تەمەن ٣٥ ساڵ، فادیمە سەویدین تەمەن ١٨ ساڵ، پەیمان قادر تەمەن ١٧ ساڵ، رێزان قادر تەمەن ١٢ ساڵ، فارتمە حسێن ئەسەن تەمەن ٦٠ ساڵ، هەدیە مەلا حەسەن تەمەن ٤٥ ساڵ، نەژاد ماین تەمەن ١٠ ساڵ، خەجیجە ماین تەمەن ١١ ساڵ، بە ختیار حەجاج تەمەن ١٦ ساڵ، فاخر باقی عەلی تەمەن ٤٠ ساڵ، سورمێ ئەسمەر تەمەن ٣٠ ساڵ، شەهناز فاخر تەمەن ١٥ ساڵ، دڵناز فاخر تەمەن ١٠ ساڵ، کۆسرەت فاخر تەمەن ٥ ساڵ، زوهرە سەعدی شێخۆ تەمەن ٧٠ ساڵ، سەمیر محێ تەمەن ٢٥ ساڵ، ریاد قادر تەمەن ١٥ ساڵ، فاتمە رەحمان تەمەن ٣٠ ساڵ، هەروەها ٣ منداڵی خوار یەک ساڵ، کە ناوەکانیانمان بۆ روون نەبوویەوە لەو هێرشەدا شەهید بوون. بەشێک لەو ٣٠ کەسە بەهۆی قورسیی برینەکانیانەوە لە هەولێر گیانیان لە دەستدابوو.
بۆ ماوەى ٧ ساڵ راوەستا
دوای گۆڕینی ستراتیژیی بزووتنەوەى ئازادیی کورد بۆ ماوەى ٧ ساڵ 'ئۆپراسیۆنی دەرەوەى سنوور' راوەستا، بەڵام لە تەممووزی ٢٠٠٧دا و دواى ئەوەى حکومەتى ئاکەپە بۆ جارێکیتر و سەرلەنوێ دەسەڵاتی گرتەوە دەست پرۆژەی 'فەرمان و رێگەپێدانی ئۆپراسیۆنی دەرەوەى سنوور'ی لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧دا بردە پەرلەمان و بەو شێوەیە پلانی هێرشی بەرفراوانتریان لە پێشتر داڕشت. لە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٧دا دواى چاوپێکەوتنی نێوان بوش – ئەردۆغان لە واشنتۆن، هێرش و پەلامارێکى بەرفراوان لە دژی هەرێمەکانى پاراستنی مەدیا دەستیان پێکرد.
سەرەتای جموجوڵ و دەستبەکاربوونی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان
چاودێریی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانى ئەمریکا بۆ یەکەمجار لەو کاتەدا بۆ سەر هەرێمەکانى پاراستنی مەدیا دەستیپێکرد. هەپەگە لە ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٧دا رایگەیاند، یەکەم هێرشی هاوەن و تۆپخانەکانى تورکیا بەپێ چاودێریی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە ئەنجامدران. گەورەترین ھێرشی ئاسمانی لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٧دا بۆ هەرێمەکانى پاراستنى مەدیا بەڕێوەچوو. سوپای تورک لە ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٧ەوە تاوەکو ١ی کانونی ٢٠٠٨ بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان ٢ جار هێرش و ئۆپراسیۆنی زەمینیی ئەنجامدا. یەکەم ئۆپراسیۆنیان لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٧ بوو بۆ سەر ناوچەى خواکورک.
هێرشی سەر زاپ و تێکشکاندنی سوپای تورک
دووەم هێرش و ئۆپراسیۆنی زەمینی بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان لە ٢٠ شوباتی ٢٠٠٨ دا لە دژی هەرێمی زاپ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەستیپێکرد. ئەو هێرشە ماوەى ٩ رۆژی خایاند و سوپای تورک نە لە ئاسمانەوە نە لە زەوییەوە نەیتوانی هیچ پێشڕەوییەک بکات. سوپای تورک لە ٢٩ی شوباتی هێزەکانى کشاندەوە. لەو ٩ رۆژەدا ١٢٣ سەربازی تورک کوژران. جگە لەوەش دەیان سەربازی تر لە سەرمادا رەقبوونەوە و مردن.
کۆمەڵکوژیی کورتەک
سوپای تورک لە دوای ئەو تێکشکاندنە لەوە تێگەیشت، کە لە زەوییەوە ناتوانێت هیچ ئەنجامێک بەدەست بهێنێت، بۆیە قورسایی خستە سەر هێرشی ئاسمانی. لە هێرش و ئۆپراسیۆنی ١٧ی ئابی ٢٠١١دا و لە رۆژی پێنجەمی هێرشەکەدا و لە رۆژی ٢١ی ئابی ٢٠١١ لەسەر رێگای کورتەک – رانییە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکیان لە نزیک گوندی بۆڵێ بۆردومانکرد. لەو بۆردومانەدا ٧ هاووڵاتی شەهید بوون، کە ٤ کەسیان منداڵ بوون و هەمووشیان ئەندامی یەک بنەماڵە و خێزان بوون. باوکی خێزانەکە بە ناوی حوسێن مستەفا، دایکی خێزانەکە بە ناوی میر مام کاک، رێزان حوسێنی تەمەن ٣٤ ساڵ، زانا حوسێن تەمەن ١١ ساڵ، ئۆسکار حوسێن تەمەن ١٠ ساڵ، سۆنیا شەماڵ تەمەن ٤ ساڵ و کۆرپەیەکی تەمەن ٧ مانگ بە ناوی سۆلین شەهید بوون.
سەرلەنوێ شەڕی دەستپێکردەوە: ٢٤ی تەممووزی ٢٠١٥
دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ٢٠١٢ لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٥دا هێرشەکان سەرلەنوێ دەستیانپێکردەوە. بۆردومانەکان بە مانای کۆتایهاتن بوو بە ئاگربەستی یەکلایەنە کە پەکەکە لە ساڵی ٢٠١٣ەوە رایگەیاندبوو لە پێناو پرۆسەى ئاشتیدا. گەورەترین هێرشی ئاسمانی ئێوارەى ٢٤ی تەممووزی ٢٠١٥ روویدا. لەو هێرشەدا هەرێمەکانى قەندیل، مەتینا، حەفتانین، ئاڤاشین، خواکورک، خنێرە و گارە بە ٥٠ فڕۆکەى جەنگی بۆردومانکران. ئەو هێرشە سەرەتای دەستپێکردنەوەى شەڕێکى نوێ بوو لە دژی کوردان. هەر دواى ئەو هێرشە ئاسمانییە دەوڵەتى تورک لە باکووری کوردستان دەستی بە ئۆپراسیۆنی پاکتاوی سیاسی لە دژی گەلی کورد کرد و بە هێرشکردنە سەر شارەکان بەردەوامیی بەو هێرشە پاکتاوکارییانەى دا.
کۆمەڵکوژیی زارگەلی
دوای ٢٤ی تەمموزی ٢٠١٥ هەموو شەوێک هێرش دەکرایە سەر شوێنی ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی. فڕۆکە جەنگییەکانى دەوڵەتى تورک لە ١ی ئابی ٢٠١٥دا و لە کاتژمێر ٠٤:٠٠ دا گوندەکانى بناری قەندیل-یان بۆردومانکرد. یەکێک لەو گوندانە کە کرایە ئامانج، گوندی زارگەلی بوو. فڕۆکە جەنگییەکانى تورک سەرەتا هێرشیان کردە سەر ماڵی مام خدر. لەو هێرشەدا خاتوو عایشە هاوسەری مام خدر شەهید بوو و چەند هاووڵاتییەکى تر لە گوندەکەدا بریندار بوو بوون. دوای ئەوەى خەڵک بە رووداوەکەیان زانی بە هانای مام خدرەوە رۆیشتن. فڕۆکە جەنگییەکان ئەمجارە ئەو هاووڵاتییانەیان بۆردمانکرد، کە بە هانای ماڵی مام خدرەوە رۆیشتبوون. لە ئەنجامدا ٧ هاووڵاتی تر شەهید و ١٠ کەسی تریش بریندار بوون.
لە نێون ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٨
سوپای تورک لە ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧دا لە ناوچەى شەمزینانی جۆلەمێرگەوە هێرشی کردە سەر خاکی باشووری کوردستان و بە کۆپتەر ژمارەیەکى زۆر سەربازی لە ناوچەکانى گەلیی رەش، چیای سیرۆ، چیای ئەڤدۆلکۆفی، ئاڤا حاجی بەگ پیادە کرد. بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر هاتە ناو باشووری کورستان و داگیری کرد. لە لێلکان، چیادێڵ و چەند شوێنێکى تر بنکەى نوێی سەربازیی دروستکرد.
بەپێی ئامارێک کە ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەر جەبار یاوەر بڵاویکردەوە، لە ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ەوە تاوەکو ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ەوە، سوپای تورک ٣٩٨ جار هێرشی ئاسمانی و بۆردومان و ٤٢٥ جاریش بە تۆپخانەکانی هێرشی کردووەتە سەر باشووری کوردستان و ٢٨٨ گوند کراونەتە ئامانجی ئەو هێرشانە.
دەوڵەتى تورک لە نێوان ساڵی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٨ بە لانیکەمەوە ٣٠ هاووڵاتیی مەدەنیی باشووری کوردستان شەهید کردووە و دەیان هاووڵاتیی تریشی بریندار کردووە.
دواى دێرەلوک، شێلادزێ
دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لە ٢٣ی کانونی دووەمی ٢٠١٩دا لە هێرشێکى ئاسمانیدا لە شارۆچکەى دێرەلوکی ئامێدی ٤ هاووڵاتیی شەهید کرد. ئەوە بووە هۆی ئەوە کە توڕەیی گەلی باشوور زۆر بێت. گەلی بادینان کە بە بەرخودانی دێرینیان دەناسرێن، لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩دا و سەرباری هەموو رێگرییەکانی ئاسایش لە دێرەلوک کۆبوونەوە و چالاکییان ئەنجامدا. گەلی بادینان دواى رۆژێکیتر دووبارە رژانەوە سەر شەقامەکان و بە بەهێزی لە دژی داگیرکەری وەستانەوە. هەزاران کەس بەرەو بنکەى سەربازیی سیرێ لە شێلادزێ رێپێوانیان ئەنجام. دواى ئەوەى خەڵکی توڕە چوونە ناو بنکە سەربازییەکە دەستیان بە ئاگرتێبەردانی زرێپۆش سەربازییەکان کرد و بنکەکەیان بەردبارانکرد. هەزاران کەس دروشمی 'دوژمن ئەردۆغان'، 'بکوژ ئەردۆغان' یان دەوتەوە و داوایان کرد سەربازانی تورکی داگیرکەر ناوچەکەیان چۆڵ بکەن. لە هێرشی سەربازانی تورکدا بۆ سەر هاووڵاتییان راپەڕیوو، ٢ هاووڵاتی شەهید بوون و ٦ هاووڵاتیش بریندار بوون. یەکێک لە قوربانییەکان منداڵێک بوو.
جارێکیتر کورتەک
سوپای تورکی داگیرکەر لە کاتی هێرشە داگیرکەریەکانیدا لە ٢٧ی ئایاری ٢٠١٩ دا بە ناو ئۆپراسیۆنی "پەنجە" بە فڕۆکەى جەنگیش دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی و شەهیدی کردن. لە ناوچەى گۆشینەی سەر بە قەزای سۆران لە پارێزگای هەولێر لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٩دا ئۆتۆمبێلێکى هاووڵاتییانى کردە ئامانج و ٢ سەرنشینی ناو ئۆتۆمبێلەکە کە برا بوون شەهید بوون و برایەکی تریشیان بریندار بوو. جارێکیتر لە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠١٩دا ٢ ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییانی لە ناوچەی کورتەک لە رانیەى سلێمانی کرایە ئامانجی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتى تورکی داگیرکەر، کە لەسەر باخ و رەزی خۆیان دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە. لەو بۆردومانەدا عەبدوڵا عەلی مینە تەمەن ٥٣ ساڵ و کوردستان عەبدوڵای کچی کە تەمەن ٣٠ ساڵ بوو، هەریاد عەبدوڵا تەمەن ١٩ ساڵ شەهید بوون. هەروەها تەیب محەمەد عەبدڵا، محەمەد عەبدوڵا، بەناز عەبدوڵا، رابێ محەمەد و هاووڵاتییەکى تر بریندار بوون.
هێرش و کۆمەڵکوژی بەردەوامە
دەوڵەتى تورک لە ساڵی ١٩٨٣ەوە تاەکو ئێستا هێرشە داگیرکەرییەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان بەردەوامی پێداوە. بە ئەندازی ٣٠ کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی باشووری کوردستان و داگیرکردووە. زیاتر لە ٢٠ بنکەى سەربازی هەیە. لە ٤ ساڵی رابردوودا چەندین هێڕشی ئاسمانی و تۆپبارانی لە دژی ناوچەکانی باشوور ئەنجامداوە. دەوڵەتى تورک هەوڵ دەدات داگیرکەرییەکەى هەمیشەی بکات، بۆیە هاووڵاتییان کۆمەڵکوژ دەکات. تەنها لە ٢ رۆژی رابردوودا لە سیدەکان و سیدا و گۆلکا ٧ هاووڵاتیی تری شەهید کردووە.
ژ.ت