رێکخراوەکانی گەنجانی کەرکوک: پشتگیری لە ڕاپەڕینی گەنجانی شیڵادزێ دەكەین

رێکخراوەکانی گەنجانی شاری کەرکوک ئیدانەی هێرشەکانی تورکیایان کرد بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان و داوایان لە حکومەتی هەرێم و عێراق کرد هەڵوێستیان هەبێت.

ئێوارەی ئەمرۆ چوار شەممە لە باخچەی مارف بەرزنجی لە گەرەکی ئیسکان لە شاری کەرکوک، ژمارەیەک رێکخراوەی گەنجی شارەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا بەیاننامەیەک بۆ ڕایگشتی خوێندرایەوە، محەمەد ئازاد بەناوی رێکخراوەکانی گەنجانی شاری کەرکوک بۆ گەیاندنی پەیامی گەنجانی شارەکە سەبارەت بە چەندین بابەتی وەکو 'خراپی بارودۆخی شارەکە، هەوڵدان بۆ تێکدانی پێکەوە ژیان لە شارەکە لەلایەن چەند لایەنێک و ئیدانە کردنی هێرشەکانی تورکیا و ئێران بۆسەر خاکی باشوری کوردستان و پێشەڵکردنی سەروەری خاکی عێراق' بەیاننامەکەی خوێندەوە.

ئەم بارودۆخەی ئیستا وایکردووە گەنجان ناچار بن بە بەجێهێشتنی وڵات

سەبارەت بە خراپی باودۆخی کەرکوک و کاریگەری ئەو بارودۆخە لەسەر گەنجانی شارەکە، محەمەد ئازاد ڕایگەیاند: "وەكو لای هەمووان ئاشكرایە عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی شاری کەرکوک بە بارودۆخێكی ناهەمواری سیاسی، سەربازی، ئەمنی، كۆمەڵایتی و ئابووریدا دەڕوات، هەموو ئەمانە وایانكردووە كە ژیانی گەنج زەحمەت و قورس بێت، ئەم بارودۆخەی ئیستای گەنج وایکردووە گەنج بێ ئیش بێت و بێكاری رووبکاتە شارەکە و گەنجان ناچار بن بە بەجێهێشتنی وڵات."

ئەم هێرشانە پێشەڵکردنی ڕاستەوخۆی سەروەری خاكی عێرق و هەرێمی كوردستانە

سەبارەت بە هێرش و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک محەمەد ئازاد ڕایگەیاند: "هەموو ئەمانە لەلایەك و هێرشی فڕۆكە و تۆپبارانی وڵاتانی دراوسێی عێراق لەلایەكی تر، جگە لەوەی بۆتە هۆی قوربانی و سوتاندنی ڕەز و باخی گوندنشینان، ئەم هێرشانە پێشەڵکردنی ڕاستەوخۆی سەروەری خاكی عێراق و هەرێمی كوردستانە، ئەم هێرشانەی دوژمانی کورد هەوڵدانە بۆ شكاندنی شكوی خەلك و حكومەت."

داواكارین لە حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان سنورێك بۆ ئەو لەشكركێشیانە دابنێن

هەروەها سەبارەت بە هەڵوێست وەرگرتن لەلایەن هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆسەر خاکی باشوری کوردستان و عێراق ناوبراو ڕایگەیاند: " ئیمە وەك گەنجانی كەركوك بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانە دەكەین و شەرمەزاری دەكەین و داواكارین لەهەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بە ئەركی خۆیان هەڵسن و لەڕێگەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە سنورێك بۆ ئەو لەشكركێشیانە دابنێن، تاوەكو چیتر هاوڵاتیانی بێتاوان و مەدەنی ئەم وڵاتە نەبنە قوربانی ئەو هێرشە دڕندانەیە كە دوور لە هەموو بەهایەكی مرۆڤایەتی، یاسایی و ئەخلاقی دەكرێتە سەر خەڵك و خاك و سەروەری  عێراق و هەرێمی كوردستان."

چەند لایەنێك دەیانەوێ‌ ئاشتی و برایەتی شاری كەركوك تێكبدەن

دەربارەی هەوڵی تێکدانی ئاشتی نێوان پێکاتەکانی شاری کەرکوک لەلایەن چەند لایەنێکەوە، ناوبراو وتی: "هاوكات لەگەڵ ئەم هێرشانە بەداخەوە چەند لایەنێك لەڕێگەی داڕشتنی سیناریۆ قێزەونەكانیانەوە دەیانەوێ‌ ئاشتی و برایەتی شاری كەركوك تێكبدەن ئێمە وەك گەنجانی شاری كەركوك داوە لە سەرجەم گەنجانی پێكهاتەكانی كەركوك دەكەین بە كورد و عەرەب و توركمان و كریستیان و ئاشوری و سریان و سابیئەی مەندائی بەهایی و زەردەشتی و كاكەی و ئێزدی و تەواوی بیرو باوەڕ و ئاینە جیاوازەكان دەكەین كە وشیاربن و بڕوا بەو هەواڵ و سیناریۆ چەواشەكارانە نەكەن."

پشتگیری تەواویڕاپەڕینی گەنجانی شیڵادزێ دەكەین

لە کۆتایدا محەمەد ئازاد، دەربارەی هەڵوێستی گەنجانی کەرکوک بەرامبەر ڕاپەرینی گەنجانی شێڵادزێ دژ بە داگیرکەری تورک بۆسەر خاکی باشوری کوردستان ڕایگەیاند: " ئێمە وەك گەنجانی كەركوك پەیامی ئاشتی پێكەوە ژیان دەگەیەنینە تەواوی نەتەوەو ئاینە جیاوازكان دەمانەوەی شارەكەمان بەدوور بێت لە هەموو دەمارگیرییەكی نەتەوەی و ئاینی  . لە كۆتاییدا ئێمە وەك گەنانی كەركوك سەریڕێزو نەوازش بۆ شەهیدانی شیلادزی دادەنەوێنین پشتگیری تەواویڕاپەڕینی گەنجانی شیلادزی دەكەینو هەموو هێرش و دەستێوەردانێك ئیدانەو مەحكو دەكەین كە دەكرێتە سەر گەلەكەمان."

ز.ش