زولکوف پالۆ: دەبێت کورد لە دادگای سوید سکاڵا تۆمار بکات

زولکوف پالۆ یەکێک لە فەرماندەکانى هەپەگە رایگەیاند، دەبێت کوردانی سوید لە دادگاکانی سوید سکاڵا تۆمار بکەن و سەرلەنوێ قۆناغی پەیوەندیدار بە کوشتنی پاڵمە دەستپێبکاتەوە. پالۆ وتی "هەوڵ بۆ روونکردنەوەى ئەو کوشتنە ئەرکی ئێمە بەرامبەر بە پاڵمە".

زولکوف پالۆ یەکێک لە فەرماندەکانی هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە)، کە ماوەیەکى زۆر لە سوید ژیاوە لەبارەى رووداوی کوشتنی ئۆلاف پاڵمە، کە دوای ٣٤ ساڵ لەلایەن داواکاری گشتیی سویدەوە داخرا، هەڵوێستی پاڵمە، هۆکاری هێرشەکان لە دژی پاڵمە و تاوانبارکردنی پەکەکە و کوردان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

ئۆلۆف پاڵمە کەسێکى دیموکرات، مرۆڤدۆست و لایەنگری گەلانی بندەست بوو

زولکوف پالۆ رایگەیاند، ئۆلاف پاڵمە لە وڵاتی خۆیدا لەلایەن هەندێک دەورووبەرەوە دژایەتی دەکرا و هەرگیز حەزیان بە کارەکانی نەبوو و راشیگەیاند "کەس ئەو راستییە زۆر باس ناکات. کەسێکى بەو جۆرە بوو، کە پێشبینی نەدەکرا، کە چی بکات. مرۆڤێکى دیموکرات، مرۆڤدۆست و لایەنگری گەلانی بندەست بوو. لە ساڵانی ١٩٦٠ دا دەستی دایە پۆستەر و لافیتەى دژ بە شەڕی ڤێتنام، لە دژی ئیمپریالیزمی ئەمریکا بەشداری رێپێوانەکانى پشتیوانیکردن لە ڤێتنام بوو و ئەمریکای ئیدانە کرد. کاتێک گەمارۆ خرابووە سەر کوبا، ئەو یەکەم سەرکردەى جیهانی رۆژئاوا بوو، کە سەردانی فیدل کاسترۆی کرد. کەس و سەرکردەیەکى بەو جۆرە بوو، کە لە دژی سیستمی باو بوو. سیاسەتمەدارێک بوو، کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکا، رۆژهەڵاتی ئەوروپا و لە سۆڤیەت خۆشەویست بوو. لە کۆتایی ساڵانی ١٩٧٠دا رۆڵی ناوبژیوانی دەگێڕا. لە کۆتایهاتن بە شەڕی ئێران – عێراق دا رۆڵێکى گەورەی هەبوو".

پالۆ رایگەیاند، ئۆلاف پاڵمە لە کاتی سەرۆک وەزیرانیدا لەلایەن ئەمریکاوە هەرگیز بانگھێشت نەکرا و وتی "دەسەڵاتی ئەمریکا هەرگیز پاڵمە-یان خۆش نەدەویست. خۆ ئەگەر بیری لێ بکەینەوە، هەر رێک دوای کوشتنی پاڵمە، ئەو کەسەى دوای ساڵێک شوێنەکەى پاڵمە گرتەوە، راستەوخۆ لەلایەن ئەمریکاوە بانگهێشتی کۆشکی سپی کرا".

'شەش مانگ پێش کوشتنی پاڵمە دەستکرا بە بڵاوکردنەوەی هەواڵى درۆ و چەواشەکارانە'

لەبارەى قۆناغی کوشتنی پاڵمە-ەوە زولکوف پالۆ فەرماندەی هەپەگە وتی "شەش مانگ پێش کوشتنی پاڵمە لە لایەن هەندێک لە میدیاکانی سویدەوە دەستکرا بە بڵاوکردنەوەى هەواڵی چەواشەکارانە و درۆی وەک "پەکەکە ئۆلاف پاڵمە دەکوژێت'، 'هەڕەشە لە ئۆلاف پاڵمە دەکرێت'. لەو کاتەدا نوێنەرایەتیی پەکەکە لە ئەوروپا راگەیاندراوێکی بۆ رای گشتیی نێونەتەوەیی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەو پرسیارانە خرابونەڕوو 'ئاخۆ پیلانگێڕییەک لە دژی ئۆلاف پاڵمێ بەڕێودەچێت؟ ئاخۆ ئەو پیلانگێڕییە دەخەنە ئەستۆی پەکەکە؟ لەو کاتەدا کەس گوێی بەو راگەیاندراوە نەدا. دواى ئەوە ئۆلاف پاڵمێ کوژرا ئەو "رۆژنامەنووسانەى" کە دەیانوت 'پەکەکە ئۆلاف پاڵمە دەکوژێت' بەبێ ئەوەى شەرم لە خۆیان بکەن ئەو راگەیاندراوەیان لە لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامەکاندا بڵاوکردەوە و ئەوەیان وەک "بەڵگەى کوشتنی ئۆلاف پاڵمە لەلایەن پەکەکەوە نیشان دەدا" پەکەکە لەوە تێگەیشتبوو، کە ئەو هەڕەشە و کەمپەینی رەشکردنە نیشانەى پیلانگێڕیی هێزە نێونەتەوەییەکانە لە دژی ئۆلاف پاڵمە. لەبەر ئەوەش بۆ ئەوەى رای گشتی هۆشیار و ئاگادار بکاتەوە، ئەو راگەیاندراوەى بڵاوکردەوە. ئەو راگەیاندراوە زۆر روون و ئاشکرا بوو".

'سەرباری ئەوەى هیچ بەڵگەیەکشیان نەبوو، رووداوەکەیان خستە ئەستۆی پەکەکە'

پالۆ رایگەیاند، بەڕێوەبەری ئاسایشی ستۆکهۆلم هانس هۆلمەر مرۆڤێکى گوماناوییە و وتی "بۆ ئەوەى رووداوەکان پەردەپۆش بکات، بەشداریی لە لێکۆڵینەوەکاندا کرد. لەو رۆژەوە کە لێکۆڵینەوە دەستی پێکرد ئەو وتی 'ئێمە دەزانین پەکەکە ئەو رووداوەى ئەنجام داوە. بۆ ئێمە ئیدی سەرەداوی پەکەکە و سەرەداوی کوردان هەیە و لەبەردەستدایە. ئێمە لەسەر ئەو سەرە داوانە رووداوی کوشتنەکە ئاشکرا دەکەین'. هێشتا هیچ شتێک لە گۆڕێ نەبوو، ئەو جۆرە قسانەى دەکرد. ئەوە لە کاتێکدا بوو لە کاتی کوشتنی پاڵمە دا، هاوسەرەکەشی لەگەڵی بوو و بریندار بوو بوو. لە هاوسەرەکەى پاڵمە پرسی، بکوژەکەى بینیوە یان نا. ئەویش باسی لە بکوژەکە کرد. هاوسەرەکەى پاڵمە وتی 'بکوژ کەسێکى سکاندیناڤی بوو، یەکێکی ئاسایی سکاندیناڤی بوو'. هانس هۆڵمەر و تیمە رەشەکەى وتیان 'ئەو تەکنیکەمان نییە، کە وێنەى بکوژەکە بکێشینەوە. بۆ کێشاندنەوەى وێنەى بکوژەکە ئێمە سەردانی دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا دەکەین'. ئەو وێنەیەى کە دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا وەک وێنەى بکوژ کێشای و بڵاویکردەوە، لە وێنەى کەسێکى سکاندیناڤی نەدەچوو. سکاندیناڤییە ئاساییەکان باڵابەرزن، چاویان و رەنگی قژیان زەردە، بەڵام ئەو وێنەیەى کە دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا کێشابووی، زۆر جیاواز بوو. وێنەی مرۆڤێکى ئاسایی کوردیان کێشابوو، قژی مەیلەو لولی زبر، ئەسمەر، چاو و قژ رەش. چەندین ساڵ ئەو وێنەیەیان بە رای گشتی پیشان دا و وتیان 'ئەوە بکوژەکەیە، ئێمە بە دواى ئەو بکوژەدا دەگەڕێین'. ئەستەم بوو ئەو بکوژە بدۆزرێتەوە، چونکە کەسی ناو وێنەیەکە و ئەو وێنە دروستکراوە هیچ پەیوەندییەکى بە بکوژە راستەقینەکەوە نەبوو.

دەزانرێت کە ڕووداوی کوشتنی ئۆلاف پاڵمە لە لایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە پلانی بۆدانراوە و بۆ شاردنەوەشی تیمێکی تاریکی فاشیست لە ناو پۆلیسی سوید بۆ لێپرسینەوە ئەرکدار کرا و بەو شێوەیە هەوڵیاندا تاوانەکە بخەنە ئەستووی پەکەکە."

زولکوف پالۆ وەبیریهێنایەوە کە وڵاتپارێزانی کورد دوای ئەم پلانگێڕییە بە ساڵان نەیانتوانی لەو وڵاتانەی کە لێی دەژین بچنە دەرەوە وتی، "هەموو بەیانییەک سەردانی پۆلیسیان دەکرد و ئیمزایان دەکرد. لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرا، کە بۆ کوێ دەچن و جیهازی تۆمارکردنی دەنگیان لە ماڵەکانیاندا دادەنا. کورد لەناو کۆمەڵگای سوید وەک بکوژی پاڵمە لە قەڵەمدران. بۆیە کوشتنی ئۆلاف پاڵمە هەرچەند پلانبۆداڕێژڕاو بوو، ئەوەندەش کە خرایە ئەستووی پەکەکە پلانبۆداڕێژراوە. بۆ لێکۆڵینەوەیی سەرەتایی کۆمسیۆنێک بە ناوی 'کۆمسیۆنی ئەدەنمان' دامەزرێنرا، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبوو. بۆ لێکۆڵینەوەی کوشتنی پاڵمێ لە سوید هەندێک بەناوی 'شوێنپێی پەکەکە' هەندێکیش بە ناوی 'شوێنپێی پۆلیس' دەستیان بە لێکۆلینەوە کرد. باسی هاوکاریی نێوان هەواڵگری سوید و هەندێک هێزی فاشیستی ناو سوپا دەکرا و دەگوترا کە پێویستە لێکۆڵینەوە بەو شێوەیە بکرێت. لەو بارەیەوە نە حکومەت و نە دەسەڵات و نە هێزەکانی پۆلیس هیچ هەنگاوێکیان نەنا. وەک ئەوەی هەموو کەسێک بڕیاری خۆی دابوو و ڕایانگەیاندبوو، 'ئێمە لەسەر ئەم هێڵە دەڕۆین و تاوانی کوشتنی پاڵمە دەخەینە ئەستووی پەکەکە."

'پەکەکە بە دەستی سوید بوو بە قوربانی'

پالۆ ئەوەی خستەڕوو کە دادوەری سوید دوای ٣٤ ساڵ رایگەیاند، بەرپرسیاری کوشتنی پاڵمە پەکەکە نییە و وتی، "بەڵام پێویستە ئاشکرا بکرێت کێ بووەتە هۆی ئەو هەڵەیە. کێ ئەوەی دروستکرد، لە کوێ دەستیپێکرد و چۆن پلانەکەیان داڕشت؟ پێویستە وڵامی ئەو پرسانە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن. دادوەری سوید چەند ڕاگەیاندن و لێدوان بدات جیاوازیی نییە ، تا گلادیۆی ناو دەوڵەتی سوید ئاشکرا نەکرێت، گۆمانەکانی سەر دەوڵەتی سوید ناڕەوێنەوە.

زۆر وڵاتپارێزی کورد بوون بە قوربانی و دەستگیرکران. پێویستە قەرەبوو بکرێنەوە. لەگەڵ ئەوەش بزوتنەوەیەکی گرنگ بە ناوی پەکەکە هەیە کە گرنگترین پرسە. تەڤگەری ئازادیی کوردە. تەڤگەرێکە، کە بەو شێوەیە ٣٤ ساڵە بە 'تیرۆر' تاوانبار دەکرێت. پەکەکە بە دەستی سوید بوو بە قوربانی."

'پێویستە مۆری تیرۆریستی لەسەر پەکەکە هەڵبگیرێت'

بۆ چارەسەرکردنی ئەو قوربانییەش پالۆ وتی، "لێبۆردن شتێکی ئاساییە. دەوڵەتی سوید پێویستە زیانی ٣٤ ساڵ، کە لە پەکەکە دراوە قەرەبوو بکاتەوە. پێویستە ئەو زەمینەیەی کە دروستکراوە بە تەواوی لاببرێت، بۆ ئەوەش دەتوانرێت هەندێک هەنگاو بنرێت.

*لە سەرەتادا: پێویستە دەست لە چیرۆکی 'پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستیە' هەڵبگیرێت. سوید لە سەرەتادا پێویستە ئەم هەنگاوە بنێت. دەوڵەتی سوید پێویستە مۆری 'ڕێکخستنی تیرۆر' کە بە ناحەقی ٣٤ ساڵە لە پەکەکە دراوە هەڵگرێت و بۆ ئەوەی ئەو مۆرەش لە هەموو جیهان هەڵبگرێت هەوڵ بدات. بەمشێوەیە ئەگەر کەمیش بێت ئەو زیانەی لە پەکەکەی داوە قەرەبوو بکاتەوە.

*سوید پێویستە داوای لێبۆردن لە پەکەکە، لایەنگرانی پەکەکە و گەلی کورد بکات."

'پەکەکە و گەلی کورد دەست لەم ڕووداوە هەڵناگرن'

زولکوف پالۆ فەرماندە لەناو هەپەگەدا ئەوەشی خستەڕوو، کە پەکەکە و کورد دەست لەم ڕووداوە هەڵناگرین و وتی، "لە هەمانکاتدا بەرپرسیارییەکی ئێمە هەیە. پەکەکە لەگەڵ ئەوەی کە لەدژی دەوڵەتی نەژادپەرستی تورک شەڕ دەکات، تا ئێستا هێرشێکی بەو شێوەیەی لەدژی هیچ سیاسەتمەدارێکی تورک ئەنجام نەداوە. ئەحمەقیش نییە کە لە دژی سیاسەتمەدارانی ئەوروپا بە تایبەتی لەدژی دۆستی کورد هێرش بکات. تاوانبارکردنی پەکەکە لە ڕووداوێکی وادا، لە عەقڵ دوورە.

بە تەنها هەڵویستی 'پەیوەندیی پەکەکە بە ڕووداوەکەوە نییە' تێرکەر نییە. سوید خۆی وەک 'دەوڵەتی یاسا' لەقەڵەمداوە. پێویستە کوردان لە سوید لە دادگا سکاڵا تۆمار بکەن و ئەم دۆزە سەرلەنوێ دەستپێبکەنەوە. دەوڵەتی سوید پێویستە ڕووداوەکە ئاشکرا بکات و قوربانیبوونی پەکەکە و کورد چارەسەر بکات."

پالۆ ڕاشیگەیاند، پێویستە ئەم ڕووداوە ئاشكرا بکرێت و وتی، "هەوڵدان بۆ ئاشکراکردنی ڕووداوەکە، ئەرکی ئێمەیە بەرانبەر بە پاڵمە. ئێمە دەمانەوێت ڕووداوی کوشتنی پاڵمە ئاشکرا بکرێت."

ف.ق / ژ.ت