ئێوارەی ئەمڕۆ، بەمەبەستی ئیدانەکردنی دەستگیرکردنی پێنج ئەندامیان لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە لە سنووری هەولێر، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا لەبەردەم بینای ئەمنەسورەکەوە بۆ بەردەم نوسینگەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی.
گردبوونەوەکە بە دروشمەکانی” ئیرادەی ئازاد دەستگیرناکرێت، ئازادیی ئازادیی” دەستیپێکرد و ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتییان و توێژە جیاوازەکان تییایدا بەشدارییان کرد و بەرەو بەردەم نوسینگەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتن و لەبەردەم نوسینگەی پەرلەمان گردبوونەوە و چەند وتارێکیان پێشکەشکرد.
کە گەشتنە بەردەم نوسینگەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەرگاکەی قوفڵدرابوو، بەڵام لەلایەن هەردوو پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان گوڵستان سەعید و گۆران عومەر، پێشوازییان لێکرا.
سەرەتا محەمەد عەبدوڵا، هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادیی وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: سەرەتا سوپاسی هەردوو پەرلەمانتار گوڵستان سەعید و گۆران عومەر دەکەین کە وەکو هەڵوێستی کەسی خۆیان هاتنە ناو چالاکییەکەمان و پشتگیریی ناڕەزایەتییەکانیان کردین، هەروەها جێگای شەرمەزارییە، کە پەرلەمانێک لە دۆخێکی وەهادا قوفڵ لە دەرگاکەی بدات و ئامادە نەبێت پێشوازیی لە نارەزایەتی خەڵک بکات لە دژی دەستگیرکردنی کەسانێک کە لەسەر ماف و تێکۆشانیان بۆ ئەم گەلە دەستگیرکراون.
هەروەها وتی: گرتن و ئەشکەنجە و ڕێگرییەکانی پەدەکە، ناتوانێت ئێمە بوەستێنێت لە کار و خەبات و تێکۆشانمان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلەکەمان و لە دژی هەرچی نادادی و ستەم و زوڵم و خیانەتێکە، لە جاران زیاتر تێکۆسانمان فراوانتر دەکەینەوە و وەڵامی دەستدرێژییەکانی ئەوان بە فراوانکردنی تێکۆشانی خۆمان دەدەینەوە.
دواتر یاداشتێکیان پێشکەش بە هەردوو پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان گوڵستان سەعید و گۆران عومەر، کرد بۆ ئەوەی بیگەیەننە سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ئەوانیش بەڵێنی گەیاندنی یاداشتەکەیاندا بە پەرلەماندا.
پەرلەمانتار گوڵستان سەعید، وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: لەگەڵ تەواوی داواکاریی و نارەزایەتییەکانی تەڤگەری ئازادین لە دژی دەستگیرکردنی ئەندامەکانیان لە هەولێر، بەڵێن دەدەین کە یاداشتەکەیان بگەنینە پەرلەمان و بەدواداچوونی تەواو بۆ ئەم بابەتە بکەین.
هەروەها لەلایەن سۆما فەرهاد، لەسەر ناوی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، کە یەکێک لە گیراوەکان ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە، بەیاننامەیەکی خوێندەوە و تییادا هاتبوو: ڕێکخراوەکەی ئێمە بە فەرمی مۆڵەتی لەلایەن حوكمەتی هەرێمی كوردستان و حوكمەتی عێراقەوە پیدراوە، تەمەنێكی درێژە لە هەولێر و هەموو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لە کار و چالاکیداین، تەواوی خەڵكی هەولێر شاهیدی ئەو ڕاستیەن كە ڕێكخراوەكەمان تاكە ڕێكخراوە لە پێشەنگایەتی (سەمیرە حەمەدئەمین ) و چەندین چالاكوانی ترماندا و لە شاری هەولێردا تاكە ڕێكخراوین كە زۆرترین چالاكیمان بۆ خزمەتكردن بە مافەكانی ئەنجامداوە.
لە کۆتایشدا محەمەد بەکر، لەسەر ناوی گروپی ویژدان، بەیاننامەیەکی خوێندەوە و تییایدا پشتیوانی خۆیان بۆ نارەزایەتییەکانی تەڤگەری ئازادیی و داوای ئازادکردنی ئەو ئەندامانەی تەڤگەریان کرد و بە توندی ئیدانەی هەڵوێستی پەدەکەیان کرد.
ز.ش