سلێمانی؛ لهسێدارهدانی لاوانی كوردی ڕۆژههڵات شهرمهزار كرا
دەستەی داکۆکیکردن لە گیراوانی سیاسیی له باشووری كوردستان، له كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لەسێدارەدانی لاوانی کوردی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە شەرمەزار کرد.
دەستەی داکۆکیکردن لە گیراوانی سیاسیی له باشووری كوردستان، له كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لەسێدارەدانی لاوانی کوردی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە شەرمەزار کرد.
لە هؤڵی ئازادیی شاری سلێمانیی باشووری کوردستان، کاتژمێر ١٥:٠٠ی ئهمڕۆ دەستەی داکۆکیكردن لە گیراوانی سیاسی، كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامهوانی ئەنجامدا.
محەممەد پشدەری، سەرۆکی دەستەی داکۆکیكردن لە گیراوانی سیاسی ڕایگەیاند، ئەوان وەکوو زیندانیانی سیاسیی باشووری کوردستان، سەپاندن و جێبەجێ کردنی سزای سێدارە بۆ گیراوانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە شەمەزار دەکەن.
ناوبراو ئاماژهی به گیراوی سیاسیی كورد «ڕامین حوسێن پەناهی» كرد كه یەکێکه لەو گیراوە سیاسییانەی لە لایەن کاربەدەستانی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سهپێنراوه.
پشدهری ڕایگهیاند: ئێمە لە ڕێگەی ئەو بەیاننامەیەوە داوا لە ناوەندە جیهانی و ڕێكخراوهكانی مافی مرۆڤ دەکەین، هەوڵ بدەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی ڕامین حوسێن پەناهی و هەموو ئەو گیراوە سیاسیانەی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سهپێنراوه.
هەر لەو كۆنفڕانسه ڕۆژنامەوانییەدا، سالار مەحموود، ئەندامی پهرلهمانی هەرێمی کوردستان قسهی كرد و ڕایگەیاند: دەبێ هەموو تاک و لایەنێک لە بهرانبهر گرتن و لە سێدارەدانی لاوانی کورد لە هەردوو وهڵاتی ئێران و تورکیا، خاوەن هەڵوێست بن.
سالار مەحموود، وتیشی: پێویستە پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان، لەسەر بنەمای نەتەوەیی دابڕێژرێت و نابێ هەڵوێستەکانمان دەربارەی گرتن و لەسێدارهدانی لاوانی کورد، شەرمنانە بێت. هەروەها ناشکرێ بە هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین نەڵێین ئەو هێرشە داگیرکارییە.
لە کۆتایی كۆنفڕانسه ڕۆژنامەوانییەکەدا، ڕەفیق حوسێن پەناهی، برای گیراوی سیاسیی كورد ڕامین حوسێن پهناهی قسەی کرد و وتی: ڕامین یەکەم کەس نییە و دوایین کەسیش نابێت کە کۆماری ئیسلامیی سزای سێدارەی بەسەردا سەپاندووە، هەر بۆیە پێویستە ناوەندە پەیوەندیدارە جیهانییەکان و هەموو کوردستانییەک لە هەر كوێیهك دەژین، لە بهرانبهر ئەو سزایە بێ دەنگ نهبن.
ش. م