ئێوارەی ئەمڕۆ بە پێشەنگایەتی کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان، بەمەبەستی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی ئاشتی، لە سەکۆی ئازادی پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی گردبوونەوەیەکی جەماوەری ئەنجامدرا.
لە گردبوونەوەکەدا هەریەک لە گروپی ئاشتی، گروپی ویژدان، بەرەی دیموکراسی گەل، کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، نوێنەرایەتی پارچە جیاوازەکانی کوردستان و چەندان ڕێکخراو و کەسایەتی و چالاکوان بەشدارییان کرد.
بە بەرزکردنەوەی دروشمەکانی “ئازادی ڕێبەر ئۆجالان زامنی ئاشتی و پێکەوەژیانی گەلانە” و ” ئاشتی بەبەرخۆدان دێتە دی” دەستیان بە گردبوونەوەکەیان کرد و لە درێژەی چالاکییەکەدا چەند وتار و بەیاننامەیەک پێشکەشکران.
لەسەرەتادا د.حەکیم عەبدولکەریم، بەیاننامەی کۆمیتەی ئازادی ئۆجالانی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: لە کاتێکدا ڕۆژی جیهانی ئاشتی پیرۆز دەکەین مرۆڤایەتی لە سایەی کەڵکەڵەی سەری سیستمی قازانج پەرستی سەرمایەداریدا بە دۆخێکی ناسەقامگیر و ئاشوبدا تێپەڕدەبێت، ناکۆکییەکانی نێوان سەرمایەداران لە ئانوساتی کڵپە سەندنی شەڕی ماڵوێرانکەردایە، ئەمەش لە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەزەقی دەبینرێت، هێزە فاشیزم و ئاینگەراکان و تۆڕە تیرۆرستییەکان پێکەوە خەڵکی ئەم ناوچەیەیان کردووە بە سوتماک لە پێناو هەلپەرستی و بەرژەوەندیخوازیدا، لەنێو ئەم زیهنییەتانەدا ئاشتی و پێکەوەژیانی گەلان جێگەی باس نییە، بەڵکو تەنها شەڕ و دووبەرەکی و نکۆڵیکردن هەیە.
ئەوەش هاتبوو تێیدا: ئەو ڕەنجەی کە بەڕێز ئۆجالان بۆ ئاشتی و پێکەوەژیانی گەلان داویەتی هێژا و بەبەهایە و مایەی هەڵوەستەکردنە، کە هەمیشە لە مەراقی بەرقەرارکردنی ئاشتی، تەبایی و پێکەوەژیانی گەلاندا بووە، لەم پێناوەشدا پرۆژەی پێشکەشکردووە، لە ئێستاشدا کە شەڕ و ئاشوب بەرۆکی دنیای گرتووە بەڕێز ئۆجالان دەتوانێت ڕۆڵی کلیلی چارەسەریی و ئاشتی و سەقامگیری ببینێت.
هەر لە گردبوونەوەکەدا عەبدوڵای مەلا نوری وەکوو ئاشتیخوازێک وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: ئاشتییەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان هەڵقوڵاوی ئەو دیدە سیاسییە بەرژەوەندخوازییە کە دونیای سەرمایەداری و زلهێزەکان تەعبیری لێدەکەن کە گەلان دەکاتە قوربانی، لەبەرامبەردا دیدی عەبدوڵا ئۆجالان هەیە، کە زۆر بە قوڵی کار لەسەر ڕەهەندە مێژوویی و ژینگەیی و مرۆییەکانی ئەو ژینگەیەدەکات کە مرۆڤی تێدا دەژیت و باس لە ئاشتی و پێکەوەژیانییەکی ڕاستەقینە دەکات، مایەی شەرمەزارییە نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەشەی ئاشتی دەکەن و ڕێبەرێکی ئاشتیخواز لە زینداندایە لە وڵاتێک کە ئەندامی ناتۆیە.
لە کۆتاییشدا نەورۆز فازڵ لەسەر ناوی گروپی ویژدان بەیاننامەیەکی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: تەنها بە ڕێگای ئاشتی دەتوانین ڕووبەڕووی شەڕ و زوڵم و ئەقڵێتی شەڕانخوازی ببینەوە، چەکی ئاشتی کاریگەرترین چەکە لە پێناو بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکان، لەم ڕۆژەدا درود و خۆشەویستی بۆ شەرڤانان و گەریلاکانی ئازادی دەنێرین و ئەم ڕۆژەیان لێ پیرۆز دەکەین، هەروەها داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ڕێبەری ئاشتیخواز ڕێبەر ئۆجالان دەکەین، کە شەڕ دەکات بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی.
ز.ش