سیمبولی رەنج؛ چەکدار کاتۆ

هەر شەڕڤانێکى ئازادی، لەهەر شوێنێکدا شەڕ بکات، ئەو شەڕڤانە لە پێناو شۆڕش و ئازادیدا مێژوو تۆمار دەکات.

چەکدار کاتۆ، کە ناوی ماڵەوەی ناجی تەمەل بوو ساڵی ١٩٨٢ لە شاری شرنەخ لە باکووری کوردستان دایکبوو. چەکدار کاتۆ لە بنەماڵەیەکى وڵاتپارێزدا گەورە بوو بوو و هەر لە تەمەنی گەنجییەوە ئەو سیستمەی قبوڵ نەکرد و ساڵی ٢٠٠٠ رووی لە چیاکانی کوردستان کرد. لەناو هەڤاڵەکانیشدا زۆرتر بە هەڤاڵێتییە بێسنوورەکەی و رەنجدانە بێ ئەژمارەکانی ناوبانگی دەرکردبوو.

'سیبمولی رەنج بوو'

شەفەق یەکبوون یەکێک لە هاوڕێیانی تێکۆشانی چەکدار کاتۆ لەبارەى چەکدار کاتۆوە وتی "هەڤاڵ چەکدار لە بنەماڵەیەکى وڵاتپارێزدا گەورە بوو بوو. لە ناو ژیاندا زۆر خۆشەویست بوو. زوو لە شتەکان تێدەگەیشت و ئەوەش دەبووە هۆی ئەوە، کە هەم لە شەڕدا و هەمیش لە ژیاندا زوو بە زوو پێشبکەوێت. هەڤاڵێکی رەنجدەر بوو. کارکردن بۆ ئەو کێشە نەبوو. کاتێک کارێکى بۆ دیاری دەکرا، گرنگترین خاڵ بۆ ئەو، ئەوە بوو، کە ئەوکارە بە باشترین شێوە ئەنجام بدات. لە بەرامبەر هەڤاڵانی ژن دا زۆر خاکی بوو".

'لە بواری سەربازیدا زۆر هەستیار بوو'

ئارنۆس هەرەکۆڵ کە چەندین ساڵە لە ناو بزووتنەوەى ئازادیدا تێکۆشاوە و لەگەڵ سەدان گەریلادا ژیاوە بەمشێوەیە باسی لە جیاوازییەکانی چەکدار کاتۆ کرد "کاتێک هەڤاڵ چەکدار دەیوت، کۆبرا دێت یان ئۆپراسیۆن ئەنجام دەدرێت، دواى ١٠ خولەک سەیرمان دەکرد، ئەوەی کە دەیوت راست دەردەچوو. هەڤاڵ چەکدار لە رووی ئاسایشەوە زۆر هۆشیار بوو. لە رووی سەربازییەوە زۆر هەستیار بوو. هەموو کاتێک دەیوت، دیار نییە دوژمن کەی دێت".

'بۆ ئەوەى بە زیندوویی نەکەوێتە دەستی دوژمن بۆمبایەکی بە خۆیدا تەقاندەوە'

چەکدار عەنتەر فەرماندەی هەپەگە یەکێک لە هاوڕێکانی تێکۆشانی چەکدار کاتۆ بوو و بەم قسانە باسی ئەو شەهیدەی بزووتنەوەى ئازادی بۆ کردین و وتی "هەڤاڵ چەکدار هەڤاڵێکى زۆر هەستیار و وردبین بوو. لە بەرامبەر کەموکوڕییەکاندا هەڵوێستی هەبوو و کەموکوڕییەکانی دەخستەڕوو. ئێمە لە کاتۆ ژیرکا پێکەوە بووین. لەو کاتەدا رۆیشتن بۆ شارەکان زۆر قورس بوو و ئەوە زوو زوو رووی نەدەدا. پلانسازی وابوو، کە ٤ هەڤاڵ بڕۆن بۆ چالاکی. هەڤاڵ چەکدار زۆر دەیخواست بڕوات بۆ چالاکی، کە خۆیشی خەڵکی ئەو ناوچەیە بوو و ناوچەکەی بە باشی دەناسی. هەڤاڵان دەڕۆن کاری چاودێری و پشکنینی ناوچەی چالاکییەکە ئەنجام دەدەن و هەڤاڵ چەکدار و هەڤاڵێکى تریش دوای ئەو کارانە دەبێت دەست بە هێرش بکەن، بەڵام دوژمن پێیاندەزانێت و تەقەیان لێدەکات و هەر دوو هەڤاڵەکە بریندار دەبن. هەڤاڵ چەکدار لە قاچییەوە بریندار دەبێت. بۆ ئەوەى بە زیندووی نەکەوێتە دەستی دوژمن بۆمباکەی خۆی بە خۆیدا تەقاندەوە".

رووبار قامیشلۆ یەکێکی تر لە فەرماندەکانی هەپەگە لەبارەى تێکۆشان و شەهادەتی هەڤاڵ چەکدار کاتۆوە وتی "لە ژیاندا بە خۆشەویستیی خۆی بۆ ژیان و لە بەرامبەر ئەو خۆشەویستییەدا چالاکبوونێکی سەرنجڕاکێشی هەبوو. رۆژێک نەبوو هەڤاڵ چەکدار لە کارێک یان ئەرکێک نەبێت. لە بۆتان لەناوچەى کاتۆ حەماسەتی هەڤاڵ چەکدار زۆر زۆر بەرز بوو. هەڤاڵ چەکدار چەند حەزی لە رەنجدان بوو ئەوەندەش خۆشەویستیی بۆ ژیان گەورە بوو. ئەوەى هەڤاڵانی تر نەیاندەبینی و هەستیان پێنەدەکرد، هەڤاڵ چەکدار دەیبینی و هەستی پێدەکرد. ئەو چۆن ژیا، بەو شێوەیەش شەهید بوو. هەڤاڵ چەکدار لە ئەلکێ بریندار بوو و بۆ ئەوەى بە زیندوویی نەکەوێتە دەستی دوژمن بۆمباکەى بە خۆیدا تەقاندەوە. بۆ ئێمەى هەموو هەڤاڵان، کە هەڤاڵ چەکدارمان لە نزیکەوە ناسی، ئەو شەهادەتەى پەیامێکى مانادار بوو".

ژ.ت