سەربازان و پۆلیسی دەوڵەتى تورکی داگیرکەر ماوەى ٢ رۆژە لە وان و ناوچەکانى دەورووبەریدا چوونەتە چەندین گۆڕستان و وێنەى گۆڕ و کێلی ئەو کەسانەیان کشاندووە، کە لە شەڕی ئازادیدا شەهیدبوون و دواتر چوون بۆ بنەماڵەکانیان و زانیارییان لەسەر رۆڵە شەهیدەکانیان لێوەرگرتوون.
سەربازانی دەوڵەتى تورکی داگیرکەر دوێنێ لە چوارچێوەى گەڕانەکانیاندا بە گۆڕستانەکاندا لە گەڕەکێکى ناوچەى ئەردیش لە پارێزگای وان چوونەتە گۆڕستانێک و وێنەى ٢ گۆڕیان تۆمارکردووە و بە پاساوی ئەوەى لەسەر کێلی گۆڕەکان "نازناو" نووسراوە، بنەماڵەکانیان بانگ کردوون بۆ گۆڕستانەکە و بە بەرچاوی بنەماڵەکانیانەوە کێلی گۆڕی ئەو گەریلا شەهیدانەیان شکاندووە.
سەربازەکانی دەوڵەتى تورکی داگیرکەر بە بنەماڵەى ئەو گەریلا شەهیدانەیان راگەیاندووە، لەبەر ئەوەى نازناو لەسەر کێلەکان نووسراون و ئاڵاش لەسەر بەردی کێلەکان نەخشێنران، کێلی گۆڕەکان دەشکێنن. سەربازەکان لە دواى شکاندنی کێلی گۆڕی ئەو گەریلا شەهیدانە بە کامێرای ڤیدیۆ دیمەنی کێلە شکاوەکانیان تۆمار کرد.
هاووڵاتییەکی ئەو گەڕەکە پێی راگەیاندین "سەربازەکان لە نزیک نیوەڕۆدا ئەنجوومەن و کوێخای گەڕەکەکەیان بانگ کرد و چوونە سەر گۆڕەکان. دەستیان بە ڤیدیۆگرتنی گۆڕەکان کرد. دواى ئەوە بنەماڵەی ئەو کەسانەیان بانگ کرد بۆ گۆڕستانەکە، کە رۆڵەکانیان شەهید بوون و لەم گۆڕستانەدا نێژراون. سەربازەکان رایانگەیاند، لەسەر بەرد و کێلی گۆڕەکان نازناو نووسراون و هەروەها نووسراوە "شەهید" بۆیە کێلی گۆڕەکان دەشکێنن. بە وتەى سەربازەکان لەسەرەوە فەرمانیان پێکراوە بۆ شکاندنی کێلی گۆڕەکان و کێلی گۆڕەکانیان شکاند و هۆشداریشیان بە بنەماڵەکان دا، کە جارێکیتر ئەو نووسراوانە لەسەر بەرد و کێلی گۆڕەکان نەنوسن و دواى ئەوە گۆڕستانەکەیان بەجێهێشت".
سەربازانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر ماوەى ٢ رۆژە لە ناوچەکانی ئەبخێ، بێگری سەرەوە، قەلقەلی و ئەردیش دەستیان بە گەڕانی گۆڕستانەکان کردووە و وێنە و ڤیدیۆی گۆڕەکان دەگرن و دواتر دەچن سەردانى بنەماڵەکان دەکەن و زانیاری لەبارەى رۆڵە شەهیدەکانیانەوە لە بنەماڵەکانیان وەردەگرن.
ژ.ت