سەندیکاکانی پارێزەران لە دژی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە رێپێوانیان ئەنجامدا

'رێپێوانی پاراستن'ی پارێزەران بەردەوامە. سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد، روحا، مێردین و وان لە شاری روحا کۆبوونەوە و بەرەو ئەنقەرە بەڕێکەوتن.

'رێپێوانی پاراستن' کە تێیدا ٤١ سەرۆکی سەنکاکانی پارێزەران بەشداریان کردووە، بە مەبەستی دەربڕینی نارەزایەتی لە دژی گۆڕینی یاسای سەندیکاکان لە لایەن دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەوە، لە دووهەم رۆژیدا بەردەوام بوو.

جیهان ئایدن سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد، عبدولا ئونجەل سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی روحا، زولکوف ئوچار سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی وان و ئیسماعی ئەکیک سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی مێردین دوێنی هەر یەکەو لە شارەکەی خۆیانەوە بەڕێکەوتن و لە ناوچەی ئالیگوری پرسوس بە یەک گەیشتن و درێژەیان بە رێپێوانەکەیاندا. ئەو رێپێوانە لە لایەن پارێزەران و خەڵکی ناوچەکەشەوە پێشوازی لێکرا و پشتیوانیان بۆ دەربڕین.

بڕیار وایە سەرۆکی سەندیکا ناوبراوەکان، سبەینی بگەنە ئەنقەرە و جەختیشیان کردووەتەوە کە، ئەگەر دەسەڵاتی تورکیا واز لەو گۆڕانکاریە نەرێنیانە نەهێنێت، دەست بە چالاکی جۆراو جۆر دەکەن لە ناویشیاندا، لە بەردەم پەرلەمان چالاکی 'دوایین ئێشکگری' ئەنجام دەدەن.

ز.ش